Hemin Hüseyin
24 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2018
ھەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لە ماڵپەڕی تایبەتی خوی پەیامەکی لە بارەی پۆستی سەرکۆماری عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند "فواد حوسێن چ لە قۆناغی شۆڕشی ئەیلوول و لە سەرۆکایەتیکردنی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێم و قۆناغەکانی دیکەی ژیانی خۆی کەسێکی دڵسۆز و دەستپاک بووە و بڕوای تەواوم بە تواناکانی ھەیە و قەناعەتیشم ھەیە کە ئەرکەکانی خۆی بە باشی جێبەجێ دەکات".
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
لەبارەی دیاریکردنی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، پێمان خۆش دەبوو ئەگەر لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە لەسەر یەک کەس ڕێک کەوتبان بەڵام بەداخەوە ئەمە ڕووی نەدا. بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتەیش مەکتەبی سیاسیی پارتی منی سەرپشک کرد کە کەسێک دیاری بکەم بۆ کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار. بەھۆی توانایی و لێھاتوویی بە باشم زانی کە بەڕێز د. فواد حوسێن بۆ ئەو پۆستە کاندید بکەم.
د. فواد حوسێن چ لە قۆناغی شۆڕشی ئەیلول و لە سەرۆکایەتیکردنی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێم و قۆناغەکانی تری ژیانی خۆی کەسێکی دڵسۆز و دەسپاک بووە و بڕوای تەواوم بە تواناکانی ھەیە و قەناعەتیشم ھەیە کە ئەرکەکانی خۆی بە باشی جێبەجێ دەکات و لە پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماردا ھەم بۆ گەلی کوردستان و ھەم بۆ عێراق و پێکھاتەکانی عێراق کەسێکی بەسوود و خەمخۆر دەبێ.
بەھەموو توانایەک پشتیوانی لە د. فواد حوسێن دەکەین و ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین.