Safvan Allahverdi,Muhammet Ali Kemal
24 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2018
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ لە میانی بەشدارییکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئێن بی سی ئەمریکیدا، سەبارەت بە ٧٣یەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک بابەتی دیکە قسەیکرد.
لە میانی گوتەکانیدا مایک پۆمپیۆ گوتی: "سەرۆک ترەمپ خۆشحاڵە بەوەی هەرساتێک لەگەڵ کەسێکدا کۆببێتەوە و لەوبارەیەشەوە تا بڵێی کراوەیە"، بەڵام بەپێویستی زانی داواکاریی بۆ کۆبوونەوە لە لایەن سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی-یەوە بێت.
هاوکات کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامادەیە بۆ کۆبوونەوەکان و رۆژی دووشەممە میوانداریی زیاتر لە ١٤٠ سەرۆک و سەرۆکوەزیران دەکات.
چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە لە گوتاری ساڵی رابردوویدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڕەشەی "لەناوبردن"ی لە کۆریای باکوور دەکرد بە هۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە، ئەمساڵ ئێران بە ئامانج بگرێت.
لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ بۆ یەکەمجار لەدوای ئەوەی ئەمریکا دەبێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٦ی ئەیلوولدا، سەرۆکایەتیی دانیشتنێکی ئەنجوومەنەکە لەژێر ناوی "رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران و چەکە کۆکوژەکان" دەکات و بە سیفەتی "سەرۆکی ئەنجوومەن" گورزی خۆی دەوەشێنێت.
ئەگەرچی بە فەرمیی بەشدارییکردنی سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی لە ٧٣یەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا راگەیەندراوە، بەڵام فشارەکان بە مەبەستی رێگرییکردن لە چوونی روحانی بۆ نیویۆرک بۆ ئەوەی گوێی لە "سووکایەتییەکانی ترەمپ بە ئێران نەبێت" درێژەی هەیە.