Zana Natık Kerem
29 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2016
بەغدا ــ AA
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایانگەیاند، لەگەڵ ئەوەی لەسەر یەكلایی كردنەوەی دۆسیەكانی تایبەت بە وزە و ئابووری رێككەوتوون هەروەها لەسەر پلانی سەربازیی تایبەت بە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ رێككەوتوون.
لە كۆنگرەییەكی رۆژنامەوانییدا كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی لە بەغدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی سازی كرد گوتی: "وتووێژ و گفتۆگۆكانكان لەگەڵ عەبادی برایانە بوو و لەسەر پرسەكان رێككەوتیین لەبارەی پلانی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ، هەماهەنگی باش هەیە لە نێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان".
بارزانی هەروەها گوتی: "فەرماندەكانی سوپای عێراق و برایانیان لە هێزەكانی پێشمەرگە پلانی تۆكمە و باشایان دانا بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ و ئێمە دانشتیوانی مووسڵ دڵنیا دەكەیەنەوە كە داهاتوویان سەقامگیر و ئارام دەبێت و سەرجەم كێشەكانیش دەبێت بە لێتێگەیشتنی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بكرێن بەو پێیەی كە بەغدا قۆڵایی ستراتیجی ئێمەیە".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەروەها گوتی: "پەیوەندییەكانی ئێستمان و لە داهاتوودا دەبێت بە لێتێگەیشتن بێت لەگەڵ بەغدا".
لای خۆیەوە لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، حەیدەر عەبادی رایگەیاند، وتووێژ و گفتوگۆیانی لەگەڵ بارزانی پەیوەست بوون بە پرسی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ و كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم رەوشی ئەمنی و ئابووری هاوبەش و چۆنیەتی زاڵبوون بەسەریدا ئەویش لە رێگەی هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكان.
عەبادی گوتی: "حكوومەتی فیدراڵ پاڵپشتی لە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان دەكات بەڵام ژمارەیەك پرس و دۆسیە هەن كە لە ساڵی 2003وە یەكلایی نەببوونەوە و ئەمڕۆ تاوتوێ كران و لە حكوومەتی فیدراڵ بەرپرسارێتی ئێمەیە كەوا ژیانی سەربەرزانە بۆ سەرجەم عێراقییەكان دابین بكەن لەناویاشیاندا هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان".
سەرۆكوەزیرانی عێراق باسی لەوەش كرد كە لەبارەی پلانی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ گەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی و ئەمڕۆ بە وردی گفتوگۆی لەوبارەیەوە كراوە و لە ئێستایشدا لەسەر پلانی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ هەماهەنگی باش هەیە لە نێوان فەرماندەكانی سوپای عێراق و فەرماندەكانی هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش.
لە كۆتایی گوتەكەیدا عەبادی دووپاتی كردەوە، جگە لە هێزەكانی عێراق، هیچ هێزێكی وشكانی بیانی لە ئۆپەڕاسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا بەشداری ناكەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا كە ژمارەیەك سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی لە خۆگرتووە بە سەردانێك گەیشتە شاری بەغدا.