Abdullah Shukur
18 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2016
بەغدا
ئەمریكا لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش ٢١٧ سەرباز و ھەشت ھیلیکۆپتەری جۆری ئاپاچی رەوانەی عێراق دەکات.
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگر ئەمریکا رایانگەیاند کە لە چوارچێوەی ئازادکردنی موسڵ لە ژێر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە لایەن سوپای عێراقەوە، ئەمریکا ھەشت ھێلیکۆپتەری جۆری ئاپاچی و زیاتر لە ٢٠٠ سەرباز کە زۆربەیان لە ئاستی راوێژکاری سەربازیین، رەوانەی عێراق دەکات.
بەرپرسانی سەربازیی ئاشکراشیان کرد کە زۆربەی ئەو سەربازە ئەمریکیانەی رەوانە دەکرێن لە یەکینەکانی ھێزی تایبەت پێکدێن و ئەوانی دیکەش راھێنەر، پاسەوانی راوێژکارانی سەربازیی دەگرێتەوە.
وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاشتۆن کارتەر لە شاری بەغداوە بە رۆژنامەونانی راگەیاند کە راوێژکارانی سەربازیی رەوانەی کەتیبە و یەکینەکانی سوپای عێراق لە نزیک بەرەی شەڕ دەکرێن و پاسەوانی تایبەتیش پارێزگاری لەم راوێژکارە سەربازیانە دەکات.
کارتەر لە وتارێکیدا بۆ سەربازانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا رایگەیاند کە سیستەمی مووشەکی نوێ رەوانەی عێراق دەکەن.
کارتەر بڕیاری زیادکردنی سەربازانی ئەمریکی لە عێراق لە دوای کۆبوونەوەی فەرماندەی ئەمریکی لە ھاوپەیمانی دژی داعش ژەنەڕاڵ سیین ماک فارلاند لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر ئەلعەبادی و وەزیری بەرگری خالید ئەلعوبەیدی ئاشکرا کرد.
کارتەر جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمریکا ھاوڕایە لەگەڵ حکوومەتی عێراقی لەبارەی چڕکردنەوەی بەرەنگاری دژی داعش.
لە دوای پێشڕەوی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق، ئەمریکا ھێزی سەربازیی زیاتری لە ئاستی راوێژکاری و راھێنەر رەوانەی عێراق کردبوو بەڵام ئەمە یەکەمجارە سەربازانی خۆی رەوانی ھێڵی نزیک لە بەرەکانی شەڕ بکات.
لە لایەکی دیکەش راگەیانرا کە سەربازانی ئەمریکی بەمەبەستی پاڵپشتی لە یەکینەکانی وشکایی ھێلیکۆپتەری ئاپاچی بەکاردەھێنن.
ھەروەھا وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاشتۆن کارتەر بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی کرد و رایگەیاند کە ئەم ھاوکاریانەی ئەمریکا ھێزەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە.
کارتەر ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی داھاتوودا، ئەمریکاھاوکاری بە بڕی ٤١٥ ملیۆن دۆلار پێشکەش بە ھەرێمی کوردستان دەکات.
لەمبارەیەوە ژەنەراڵی ئەمریکی، سیین ماک فارلاند بە رۆژنامەوانانی راگەیاندبوو کە ٤١٥ ملیۆن دۆلار بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستی خواردن پێشکەش بە پێشمەرگە دەکرێت.
بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا رایانگەیاندووە کە رزگارکردنی موسڵ لە دەستی داعش گرنگە بەڵام لەبەر ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستی گشت ناوچەکەی مینرێژ کردووە، بۆیەی پرۆسەی رزگاکردنی ناوچەکە قورسە.