سەرکۆمار ئەردۆغان: "ڕێگە نادەین برایەتی ٨٥ ملیۆن کەس زیانی پێ بگات"
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "لە بەرامبەر ئەم دۆخە ترسناکەدا جۆشوخرۆش نامانگرێت، گوێ بۆ هاندانەکان ناگرین. بە دڵنیاییەوە ڕێگە نادەین برایەتی ٨٥ ملیۆن کەس زیانی پێ بگات".

TBMM
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "کاتێک قەباحەتە گەورەکان دەرکەوتن، ڕووی ئەوەیان نییە تەماشای کەسوکاری خۆشیان بکەن چ جای گەل".
لە میانی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە هەوڵەکانی جەهەپە کرد بۆ وروژاندنی شەقام و ڕایگەیاند: "هەرگیز ئەوانەمان لەبیرنەکردووە و ناکەین کە بە ڕێگای ناشەرعی هەوڵی شکستپێهێنانمان دەدەن، ئەوانەی ئەوەندە بێ ئومێدبوون وڵات و گەل دەخەنە ئاگرەوە".
گوتیشی: "لەمەودوا هەر جۆرە هەوڵێکی تێکدەرانە بۆ سەر ئابووریی، خۆشگوزەرانی و ئارامی گەل لەبەردەم دادگا لێپرسینەوەی هەیە".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە لێپرسینەکانی داواکاری گشتیی کۆماری ئیستانبوڵ کرد لە بارەی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ لەسەر گەندەڵی و تیرۆر و، ڕایگەیاند: "وا دیارە گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ لەگەڵ هەندێک لە شارەوانی قەزاکان کتێبی گەندەڵی و دزی و بەرتیل وەرگرتنیان نووسیوە".
ڕاشیگەیاند: "کاتێک قەباحەتە گەورەکان دەرکەوتن، ڕووی ئەوەیان نییە تەماشای کەسوکاری خۆشیان بکەن چ جای گەل".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر بتانەوێت گەندەڵییەکانی ناو شارەوانییەکانی جەهەپە لە ئیستانبوڵ بکەنە زنجیرە دراما، ئەوا ڕووبەڕووی شتانێکی زۆر دەبنەوە وەک لەوەی لە زنجیرە دراماکانی بەرازیلدا هەیە و، گوتی: "ئەگەر بەهۆی شەڕی ناوخۆی جەهەپەشەوە بێت، چەرخی گەندەڵی ئێوە دەرکەوتووە. ناتوانن ئەو پیسیانە بشارنەوە. واز لە بڵاوکردنەوەی درۆ بهێنن بە ڕاست و چەپ".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان ڕووی دەمی کردە بەرپرسانی جەهەپە و، ڕایگەیاند: "لەگەڵ دەم شڕاندا واز لە تیرۆری شەقامەکان بهێنن، هەوڵ مەدەن ئێمە و گەلەکەمان ڕابکێشنە ناو ئەو چاڵەی خۆتانی تێکەوتوون".
ڕاشیگەیاند: "ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە تاوانکاریەی لە شارەوانیەکان خۆیان گڕۆڵە کردووە لەگەڵ ئیدارەی جەهەپە درۆ لەگەڵ گەل دەکەن، هەرچەندە ڕاستیەکان دەزانن بەڵام بەرامبەر گەلدا نواندن دەکەن. ئەوانەی ئەو زانیاری و بەڵگانەیان هێناوە کە بناغەی لێکۆڵینەوەی گەندەڵیی و بەرتیل وەرگرتنن، جەهەپەییەکان خۆیانن".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕوو کە کەسانێک هەوڵی پەردەپۆشکردنی چەرخی گەورەی گەندەڵی و بەرتیل دەدەن، بەڵام بێهودەیە. گەل و دەوڵەت و دەسەڵاتی دادوەریش ڕێگە نادەن ئەو شەرمەزارییە پەردەپۆش بکرێت.
گوتیشی: "جەردەکان بەربوونەتە یەکتری و هاوبەشانی تاوان یەکتریان فرۆشتووە و چوون بۆ لای پۆلیس و دادگا ڕاپۆرتیان داوە. لە ئێستادا شایەتحاڵی ئەم پاشلەرزانەین".
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕەخنەی لە جەهەپە گرت و، ڕایگەیاند: "بۆچی ئەو پرۆسەی دادوەریەی بەهۆی شەڕی بەشکردنی ئێوەوە سەریهەڵداوە دەیکەن بە ماڵ بەسەر ئێمەوە؟ بۆچی ئێمە تێکەڵی ئەو کێبڕکێی ڕاپۆرتدانە دەکەن کە لە ناو پارتەکەتاندا هەیە".
ڕاشیگەیاند: "پشتیوانیکردنی سەرۆکی گشتیی جەهەپە بۆ ئەو بێ بنەچانەی بەرد دەگرنە پۆلیس،بە تەور هێرشیان دەکەنە سەرو بێڕێزی بەمزگەوتەکانمان دەکەن، وەک گەلەکەمان ئێمەش ئازار دەدات.
بەداخەوە بەڕێز ئۆزەل نەیتوانیوە ئازاد بێت، نەیتوانیوە لەژێر فەرمانی ئەو بازنەیە دەربچێت کە بەهۆی کورسیەکەیەوە قەرزداریانە. بەڕێز ئۆزەل وەک سەرۆکی جەهەپە هەڵسوکەوت ناکات، بەڵکو وەک مایەپووچێکی سیاسیی کە تەماح و ترسەکان مێشکیان دیل کردووە هەڵسوکەوت دەکات".
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێگە نادەن سەرقاڵیان بکەن و، ڕایگەیاند: "دوای ئەو ڕۆژەڤە ساختە و تەنکاوانە ناکەوین کە ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت بەهۆیانەوە سەرقاڵمان بکات، نابینە لایەن لەو گەمە بیزانتینی و پاشقوڵگرتنانەی ناو جەهەپە".
سەبارەت بە گوتە و هەڵسوکەوتەکانی سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئۆزەل، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بە گوتە و هەڵسوکەوتەکانی شایەنی ئەو پێگەیە نییە کە ئێستا تیایدایە، زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە نەیتوانیوە کورسییەکەی پڕبکاتەوە".
ڕاشیگەیاند: "لە بەرامبەر ئەم دۆخە ترسناکەدا جۆشوخرۆش نامانگرێت، گوێ بۆ هاندانەکان ناگرین. بە دڵنیاییەوە ڕێگە نادەین برایەتی ٨٥ ملیۆن کەس زیانی پێ بگات".