Sarmand Hameed
03 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2021
هەولێر - AA
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند، ئەو تەقینەوەی لە نزیک مەزاری ئیمام موسا کازم لە گەڕەکی کازمییە باکووری بەغدا روویدا، بەهۆی تەقینەوەی بوتڵێکی غازەوە بووە.
شانەکە لە راگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە کە بەپێی ئەو گرتانەی کە لە کامێراکانی چاودێری نزیک شوێنی رووداوەکە بەدیکراوە لەگەڵ جۆری برینی بریندارەکان، زانیارییەکان لەلایەن پسپۆڕانەوە شیکرانەوە و ئەوە دەرکەوت کە رووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی بوتڵێکی غاز لە یەکێک لە شوێنکارەکانی ناوچەکە روویداوە.
پێشتر ئەفسەرێک بە پلە نەقیب رایگەیاندبوو، تەقینەوەیەک لە نزیک "دەرگای مراز" دەزگای سەرەکی مەزاری ئیمام موسا کازم لە گەڕەکی کازمییە باکووری بەغدا روویدا.
ئەفسەرەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لە ئاکامی تەقینەوەکەدا ١٥ کەس برینداربوون، هەروەها زیانێکی زۆی ماددی بە ناوچەکە گەیشتووە.
ناوچەکانی دەوروبەری مەزاری ئیمام موسا کازم کە دەکەوێتە ناوچەی کازمییە کە ناوچەیەکی شیعەنشینە، بەهۆی بوونی مەزارەکە لەو ناوچەیە بەردەوام زیارەتکارانی شیعە سەردانی دەکەن و ناوچەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەتەواوەتی داخراوە و بەبێ پشکنین رێگە بەهیچ کەسێک نادرێت بچێتە ناو مەزارەکە.