Hemn Baban
19 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2019
هه‌ولێر - AA
ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، رێبوار بابكه‌یی رایگەیاند کە سه‌رۆكایه‌تی لێژنه‌كانی په‌رله‌مان به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن و سیسته‌می سانت لیگۆ دیاری ده‌كرێن.
رێبوار بابكه‌یی له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆلو رایگه‌یاند "هه‌ڵبه‌ت ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی راوێژكاریی له نێوان ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان و به‌دیاریكراویش سكرتێری په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی فراكسیۆنه‌كان ئه‌ندامه‌كانیان ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ لێژنه‌یه‌كی گرنگ كه ئه‌ویش لێژنه‌ی یاسایی-یه، چونكه كرۆكی كاری وه‌زیفی په‌رله‌مانی له رووی ته‌شریعییه‌وه بریتییه له لێژنه‌ی یاسایی، له‌ئێستاشدا پێویسته ئه‌و لێژنه‌یه دروست بكرێـت ئه‌گه‌رچی لێژنه‌كانی دیكه‌ش دوابكه‌وێت، به‌ڵام بۆ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌كی گرنگی وه‌كو دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پێویستییمان به‌وه هه‌یه ئه‌م لێژنه‌یه پێكبهێنرێت و ده‌ستبه‌كاربێت".
سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری دیاریكردنی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی یاسایی به‌بێ ئه‌ندامانی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بابكه‌یی گوتی: "ئێمه ئومێد ده‌كه‌ین فراكسیۆنی سه‌وزیش له په‌رله‌مانی كوردستان بوون و ئاماده‌یی هه‌بێت له پێكهێنانی لێژنه‌كان، ئه‌گه‌رچی دوێنێ بایكۆتی دانیشتنی په‌رله‌مانیان كرد، چونكه ناكرێت لێژنه‌كان ببه‌سترێته‌وه به بابه‌تی دوێنێ، چونكه بابه‌تی دوێنێ بریتی بوو له سه‌رخستنی ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان، هیچ په‌یوه‌ست نییه به‌ره‌هه‌ندی سیاسییه، چونكه په‌رله‌مان دامه‌زراوه‌یه‌كی سیاسی نییه، به‌ڵكو ته‌شریعییه، بۆیه ئومێد ده‌كه‌ین هه‌بن، ئه‌گه‌ر ئاماده‌نه‌بن و نه‌شبن ده‌بێت كاری په‌رله‌مان به‌رده‌وام بێت و په‌رله‌مانتاران بۆ ئه‌وه‌ی به كرده‌یی بكه‌ونه سه‌ر ئیش پێویسته لێژنه‌كان پێكبهێنرێت".
رێبوار بابكه‌یی له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سه‌باره‌ت به واده‌ی پێكهێنانی لێژنه‌ی یاسایش گوتی: "ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك كرا، ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ش ده‌كرێت، ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه زوو به زوو ده‌كرێت، ئیدی چی به‌یانی بێت یان دوو به‌یانی یان هه‌ركاتێكی تر ئه‌و لێژنه‌یه زوو دروست ده‌كرێت".
ده‌رباره‌ی پێكهێنانی لێژنه‌كانی دیكه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و ئه‌ندامه‌ی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كه خاوه‌نی 45 كورسیییە له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: "دوای لێژنه‌ی یاسایی قسه له‌سه‌ر لێژنه‌كانی دیكه‌ش ده‌كرێت، ئێمه له په‌رله‌مانی كوردستان 15 لێژنه‌ی هه‌میشه‌ییمان هه‌یه و هه‌ندێكییان لێژنه‌ی سیادیین و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م لێژنانه به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن و به‌پێی سیسته‌می سانت لیگۆ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه".
دوێنێ په‌رله‌مانی كوردستان به‌بێ فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان (21 كورسی) كه بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌ی كرد ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی هه‌ڵبژارد، فراكسیۆنه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی (7 كورسی)، یه‌كگرتووی ئیسلامی (5 كورسی)، لیستی ئازادی (1 كورسی)یش ده‌نگییان به هیچ كام له‌كاندیده‌كان نه‌دا، فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ (8 كورسی)ش كاندیدی خۆی بۆ هه‌رسێ پۆسته‌كه‌ی ده‌سته‌كه هه‌بوو.
له‌مه‌ڕ ئه‌گه‌ری ئاماده‌نه‌بوونی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه دوێنێ به هۆی نه‌گه‌یشتن به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی گه‌وره‌ترین كه پارتی دیموكراتی كوردستانه بایكۆتی دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد، رێبوار بابكه‌یی رایده‌گه‌یه‌نێت "له‌ئێستادا قسه له‌سه‌ر ئه‌مه نه‌كراوه چۆن ئه‌و غیابه پڕبكرێته‌وه ئه‌گه‌ر رووبدات، پڕ بكرێته‌وه یان به‌به‌تاڵی بمێنێته‌وه، ئه‌مه دیار نییه، لێژنه‌كان هیچ په‌یوه‌ندییان بهدوێنێوه نییه، كرۆكی جه‌وهه‌ریش لێژنهكانه، ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش هه‌ڵبژێرین و لێژنه‌كان دیاری نه‌كه‌ین، ئه‌وا كاره‌كان به‌نیوه‌ناچڵی ده‌بن".
هه‌رچی په‌یوه‌سته به پرسی ئه‌كتیڤكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند "به‌پێی یاسا ده‌بێت له وه‌رزی یه‌كه‌می یاسادانان ئه‌و دامه‌زراوه‌یه ئه‌كتیڤ بكرێته‌وه، به‌ڵام ئێمه وه‌كو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌كتیڤكردنه‌وه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه له پاڵ دامه‌زراوه‌كانی دیكه پاراستنی شكۆی ئیداری و سیاسی و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه، هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگی دروست ده‌كات له نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان، چونكه ئێستا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی ماوه‌ته‌وه و ده‌سه‌ڵاته‌كانی دابه‌شكراوه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته رێڕه‌وی یاسایی خۆی بگرێته‌وه ده‌بێت ئه‌كتیڤ بكرێته‌وه".