Salih Bilici,Muhammet Ali Kemal
19 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2019
ئەنقەرە - AA
ئاک پارتی و مەهەپە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی جمهوردا لە ٣٠ پارێزگای تورکیا هاریکاریی یەکتری دەکەن. مەهەپە لە هەریەک لە ئادانا، مێرسین و مانیسا کاندیدی هەیە و لە ٢٧ پارێزگاکەی دیکە پشتیوانیی لە کاندیدەکانی ئاک پارتی دەکات.
لەو پارێزگایانەش کە ناکەوێتە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێوانیانەوە، ئاک پارتی و مەهەپە کاندیدی خۆیان دەبێت. هاوکات ئاک پارتی لە پارێزگای عوسمانییە کە زێدی سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەولەت باخچەلی-یە و مەهەپە لە پارێزگای ریزە کە زێدی سەرکۆمار و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان-ە، کاندیدیان نابێت.
لەو چوارچێوەیەشدا مەهەپە لە هەریەک لە ئەنقەرە، ئیستانبوڵ، ئیزمیر، ئانتالیا، ئایدن، باڵکئەسیر، بورسا، دەنیزلی، دیاربەکر، ئەرزەڕۆم، ئەسکیشەهیر، عەنتاب، هاتای، مەڕەش، قایسەری، کۆجائەلی، قۆنیا، مەڵەتیە، ماردین، موغڵا، ئۆردو، ساکاریا، سامسون، ئورفا، تەکیرداغ، ترابزۆن، وان و ریزە پشتیوانیی لە کاندیدی ئاک پارتی دەکات.
ئاک پارتیش لە هەریەک لە ئادانا، مانیسا، مێرسین و عوسمانییە پشتیوانیی لە کاندیدی مەهەپە دەکات.
ئەمە جگە لەوەی هەردوو پارتەکە، لەسەر ئاستی شارۆچکەکانیش هاوپەیمانییان کردووە و لە کۆی ٩٢٢ شارۆچکە لە ٨٣٤یان ئاک پارتی و لە ٨٨یان مەهەپە کاندیدی دەبێت.
لە تورکیا هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانییەکان رۆژی ٣١ی ئادار بەڕێوەدەچێت.
لە هەڵبژاردنەکاندا ئاک پارتی لەگەڵ مەهەپە، جەهەپەش لەگەڵ ئییی پارتی هاوپەیمانییان هەیە. ئەگەرچی لە نێوان جەهەپە، ئییی پارتی و هەدەپەدا هاوپەیمانییەکی فەرمیی نییە، بەڵام لە هەڵبژاردنەکاندا لە چەند شار و شارۆچکەیەک پشتیوانیی لە کاندیدی یەکتری دەکەن.