Hemn Baban
03 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2018
ھەولێر - AA
ژمارەی ئەو کەسانەی بۆیان ھەیە دەنگبدەن لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق ٢٠١٨ بریتین لە ٢٤ ملیۆن و ٣٣ ھەزار و ٤٩٤ کەس و ٢٠٤ حزب و کەسایەتی سیاسیی بەشداریی تێدادەکەن.
لە پاڵ کۆنتڕۆڵکردنی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" بۆ نەینەوا و یەک لەسەر سێی خاکی عێراق لە حوزەیرانی ٢٠١٤ تا دەگاتە شکستپێھێنانی و دەرھێنانی لەو ناوچانە، ھەروەھا داتەپینی رەوشی ئابووریی عێراق، ھەروەھا شکستی ریفراندۆم و لێسەندنەوەی ناوچە کێشە لەسەرەکان لە کورد و ھەرێمی کوردستان و ئابڵوقەدانی ئەمەی دوایی لە رووی سیاسی، سەربازی، ئابووری، پەرتبوونی پێکھاتەکان، بوونی ئاوارەیەکی زۆر ھۆکار گەلی زۆرن کە لە ھەڵبژاردنەکاندا ئامادەگییان دەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت لە ١٢ی ئایار ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق بەڕێوەبچێت کە تیایدا بە پێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق سەرجەمی ئەو کەسانەی بۆیان ھەیە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەنگبدەن بریتیین لە ٢٤ ملیۆن و ٣٣ ھەزار و ٤٩٤ کەس لە کۆی ٣٨ ملیۆن و ٣٥٤ ھەزار و ٥٦٣ کەس، لەنێویاندا ١٠ ملیۆن و ٨٠٧ ھەزار و ٢٤٨ کەس تۆماری بایۆمەترییان کردووە کە رێژەی ٤٤ لەسەد پێکدەھێنێت، ھاوکات کۆمیسیۆن ناوی ٥٠٠ ھەزار و ٨٦٥ کەسی لە مردووانی نێو تۆماری دەنگدەران دەرھێناوە و ٣ ملیۆن و ٢٦٦ ھەزار و ٩٢ کەس لە لەدایکبووانی ١٩٩٧ تا ٢٠٠٠ بۆ لیستی دەنگدەران زیادکراون.
رێکخەری تۆڕی رەقیب بۆ چاودێریی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، عەبدوڵڵا خالید لە بارەی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراقەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "لە راستییدا ئەو ھەڵبژاردنەی کە چاوەرێ دەکرێت، ململانێیەکی گەورەی لەسەرە، ململانێیەکە بە شێوەیەکە ھەموو پێکھاتەکان لە عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە جۆرێک لە نایەکگرتوویی ھەیە، جۆرێک لە پەرتەوازەیی و دابەشبوونیان بەسەر ئەحزابی سیاسیی ھەیە لەنێویاندا، لەکاتێکدا لە ھەڵبژاردنەکانی پێشتر جەخت لەسەر پێکھاتە ھەبوو، ئێستا لە ئاستی شیعەدا کۆمەڵێک لیستی جیاواز ھەیە، لە ئاستی کورد و سوننەشدا ھەروەھا، کوردیش، ھەروەھا تورکمان و شەبەک و ئەوانی دیکەش بەسەر لیستی بچووک بچووک دابەش بوون، بۆیە لەڕاستییدا ململانێیەکە توندە، توندییەکەی لەو ئاستەدایە چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری لە ئەنجامەکان ھەبێت و دابەش ببێت بەسەر حزبە سیاسییەکان و بۆی ھەیە ئەم دابەشبوونە نەخشەیەکی سیاسیی دیکە لە عێراق دروست بکات".
ھەرچی سەبارەت بە ناوچە جێ ناکۆکەکانە، رێکخەری تۆڕی رەقیب بۆ چاودێریی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، عەبدوڵڵا خالید دەڵێت "وا چاوەڕوان دەکرێت لیستی کوردستانی جۆرێک لە پاشەکشە بکات و لە بەرامبەر ئەوەشدا لیستەکانی عەرەبە سوننەکان کە لەو ناوچانە کێبڕکێ دەکەن دەنگی زۆر ببەن، بەڵکو وا چاوەڕوان دەکرێت ئەو لیستانەی نزیکن لە مالیکی و عەبادی واتە رەوتی شیعە کورسیی بەدەست بھێنین و زیادی بکەن لە چاو پێشوو کە ئەمەش رەنگدانەوەی واقیعی ناوچەکە نییە و بۆی ھەیە گرفتی دیکە دروست بکات".
کورسییەکانی پارێزگاکان لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکانی عێراق دابەش بوون:
پارێزگا ژمارەی کورسییەکانی
بەغدا ٦٩
نەینەوا ٣١
بەسرا ٢٥
زی قار ١٩
سلێمانی ١٨
بابل ١٧
ئەنبار ١٥
ھەولێر ١٥
دیالە ١٤
کەرکووک ١٢
نەجەف ١٢
سەڵاحەددین ١٢
دھۆک ١١
قادسییە ١١
کەربەلا ١١
واست ١١
میسان ١٠
موسەننا ٧
کۆی گشتی: ٣٢٠ کورسی.
سەبارەت بە کەمکردنەوەی کورسییەکانی کوردیشەوە لە خولی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رێکخەری تۆڕی رەقیب بۆ چاودێریی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، عەبدوڵڵا خالید دەڵێت "لەڕاستییدا بەڵێ بە پێی ئەو نەخشە و ململانێیەی ھەیە چاوەڕوان دەکرێت کورد ١٠ بۆ ١٢ کورسیی لەدەست بدات، بەتایبەت لە ھەندێک ناوچە، بۆ تورکمان و شەبەک و مەسیحییەکانیش ململانێی توند ھەیە و چاوەڕوانی دەکرێت ئەو لیستانەی نزیکین رەوتی شیعە براوەبن، ھەروەھا بۆ شەبەک و ئەوانی دیکەش ھەروایە، ئەمە کاریگەریی دەبێت لە رووی ژمارەی کورسییەکانەوە، بەڵام ئەم ھەڵبژاردنە نابێتە ھۆی ئەوەی گوازرشتی راستەقینە لەو ناوچانە بکات و کێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر ناکرێت، بەڵکو لۆجیکی براوە و ھێز زاڵ دەبێت و ئەمەش چارەسەر نییە، بەڵکو دیالۆگی راشکاوانە و لێکتێگەیشتنی راستەقینە پێویستە بۆ ئەوەی چارەسەر بدۆزرێتەوە بۆ ئەو کێشانە".
لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئایاری ٢٠١٨ی عێراق ٢٠٤ حزب و کەسایەتی سیاسیی بەشداریی دەکەن، ئەمەش بە بەراورد بە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٢٠١٤ کەمترە کە گەیشتە ٢٧٧ حزب و کەسایەتی سیاسی و لە ساڵی ٢٠١٠شدا، ٢٩٧ حزب و کەسایەتی سیاسیی بەشداربوون.
ھاوکات ٢٧ ھاوپەیمانییەتی بەشدارن کە دیارترینیان ھاوپەیمانییەتی نەسر کە سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات، ھەروەھا ھاوپەیمانییەتی دەوڵەتی یاسا کە سەرۆکوەزیرانی پێشوو، نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، ھاوکات سائرون کە رەوتی سەدر و حزبی شیوعی و چەند لایەنێک لەخۆدەگرێت، ھاوکات ھاوپەیمانییەتی بڕیاری عێراقی و ھاوپەیمانییەتی نیشتمانی ھەن کە خۆیان وەکو نوێنەری سوننەکان نیشان دەدەن، ھەروەھا ھاوپەیمانییەتی فەتح کە ھادی عامری سەرۆکایەتی دەکات یەکێکی دیکەیە لەو ھاوپەیمانییەتیانەی شیعەکان دروستییان کردووە، ھەرچی کوردیشە بێ ھاوپەیمانییەتیە و تەنھا ھاوپەیمانییەتی نیشتمان نەبێت کە سێ لایەنی کوردی تەنھا بۆ کەرکووک دروستیان کردووە.
بە پێی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ژمارە ٤٥ی ساڵی ٢٠١٣ی عێراق و بەدیاریکراوی لە بەشی چوارەمیدا ھاتووە کە لە کۆی ٣٢٩ کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەشت کورسی بۆ پێکھاتەکانی کریستیان، ئێزدی، شەبەک، سابئەی مەندایی دابینکراوە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
ا- کریستیانەکان پێنج کورسییان دەبێت و بەسەر پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، کەرکووک، دھۆک وھەولێر دابەش دەبێت.
ب- ئێزدییەکان کورسییەکان لەسەر پارێزگای نەینەوا دەبێت.
ج- سابئەی مەندایی یەک کورسییان لە پارێزگای بەغدا دەبێت.
د- شەبەک کورسییەکان لەسەر پارێزگای نەینەوا دەبێت.
ە- کوردە فەیلییەکان لە پارێزگای کوت کورسییەکيان دەبێت.
ھەروەھا کراوە بە مەرجیش کە دەبێت رێژەی ٢٥ لەسەدی کاندیدەکانی لیستەکان لە رەگەزی مێ بن و ئەمەش لە ئەنجوومەنی نوێنەران جێبەجێ دەکرێت.