Hemn Baban
03 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2018
ھەولێر-AA
چاوەڕوان دەکرێت کورد نزیک بە نیوەی کورسییەکانی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لە کەرکووک، نەینەوا و دیالە لەدەست بدات.
چەند رۆژێک لەمەوبەر سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن رایگەیاند، ئەمجارە کورد ژمارەیەک کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەدەستدەدات و ١٣ بۆ ١٤ کورسی کەم دەکاتەوە، ئەم مۆتەکەیە بە جددی بووەتە بەرباسی بەرپرسانی کورد و حزب و لایەنە سیاسییەکان کە بە ھۆی لەدەستدانی ناوچە کێشەلەسەرەکان پێشبینی لێوەدەکرێت.
دوای ئەوەی لە ٢٥ی ئەیلوولی رابردوو ھەرێمی کوردستان ریفراندۆمی ئەنجام دا و دواتر لە ژێر ناوی "سەپاندنی یاسا" حکوومەتی عێراق ئەو ناوچانەی بەزەبری ھێز لە کورد وەرگرتەوە کە لە سەرەتای ھێرشەکانی داعش بۆ سەر چەند پارێزگایەک گرتنییەوە و جێی سوپای ھەڵاتووی عێراقی گرتەوە. لەدەستدانی ئەم ناوچانە کە پتر لە ٤١ ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و پاشان سەرکردەکانی کورد کەوتنە وێزەی تۆمەتبارکردنی یەکتر بە "خیانەت" کە کاریگەریی راستەوخۆی ھەبوو لەسەر ئابڵوقەدانی ھەرێم لە رووی سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی، ئابووری ئەوە جگە لەوەی پێشمەرگە کە ھێزی باڵادەست بوو بەشی ھەرە زۆری کەرکووک و نەینەوا کشایەوە.
سەرۆکی سەنتەری ھودا بۆ توێژینەوە ستراتیجییەکان، محەمەد بازیانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەوبارەیەوە رایدەگەیەنێت "لەڕاستییدا کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە ھەلبَژاردنەکانی داھاتووی عێراق روودەدات، پێگەی کورد بە نموونە کەم دەبێتەوە و کورسییەکانی کەم دەکات، بەتایبەت لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان کە پێشتر ھەژموون و دەسەڵاتی کوردی لێ بوو و ئێستا شیعەی لێیە، ھەرچی سوننەیە پێدەچێت جارێکی تر پێگەیان بەھێزتر بێت بە بەراورد بە پێشوو، پێشتر پێگەی کورد بەھێزتر بوو لە سوننە، ئەمجارە پێچەوانە دەبێتەوە، گۆڕانێک لە سیاسیەتی ئەمریکا دژ بە شیعە و ھەژموونی ئێران لەسەر عێراق ھەستی پێدەکرێت بەتایبەت ئێستا دەردەکەوێت حەشدی شەعبی ناتوانێت لە ناوچەی دووز و ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکات و کورد بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە جارێکی تر، ئەمە شێوازێکە لە گۆڕانکاریی سیاسەتی ئەمریکا و ئابڵوقەی تاڕادەیەک لەسەر ھەژموونی ئێران لەسەر عێراق".
بە پێی ئەنجامەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی ٢٠١٤ی عێراق لیستە کوردستانییەکان لە کۆی ٣٢٨ "هەشت کورسیی کۆتا" کورسی پەرلەمانی عێراق، توانییان ٦٢ کورسی بەدەست بھێنن کە دەکاتە رێژەی ١٩،٣ لەسەدی کۆی کورسییەکان و ئەو کورسییانەش بەمشێوەیە دابەش دەبێت:
- سلێمانی ١٨ کورسی.
- ھەولێر ١٥ کورسی.
- نەینەوا ٨ کورسی.
- کەرکووک ٨ کورسی.
- دھۆک ١١ کورسی.
- دیالە ٢ کورسی.
لەگەڵ ئەمەشدا چاوەڕوان دەکرێت ئەو رێژە و ژمارەی کورسییانە لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ٢٠١٨ کەم بکات و کورد نزیک بە ٥٠ کورسی بەدەست بھێنێتەوە.
لەدرێژەی قسەکانیدا بازیانی گوتیشی: "کورد زەرەرمەندی یەکەم دەبێت لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق، بە حوکمی ئەوەی کۆمەڵێک حزب ھەر بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کردووە، چونکە ھەستدەکرێت لەژێر ھەژموونی شیعەدایە، ناوچە دابڕاوەکان زۆر زەحمەتە خەڵک بە ئازادی مومارەسەی دەنگدان بکات".
هەروەها گوتیشی: "پێشبینی ١٠ کورسی دەکەم کە لەدەستی بدەین لە کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەددین و دیالە".
سەرۆکی سەنتەری ھودا بۆ توێژینەوە ستراتیجییەکان، محەمەد بازیانی لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ھێما بۆ خوێندنەوەکانی بۆ ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ی عێراق دەکات و رایدەگەیەنێت کە چاوەڕوان دەکرێت کەسی سێیەم لە نێوان مالیکی و عەبادی ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و گوتی: "پێشبینی دەکەم ئەمجارە نە عەبادی و نە مالیکی ھەڵبژێردرێنەوە بۆ سەرۆکایەتی کردنی عێراق، بەڵکو رەنگە کەسێک بێت لە رەوتی سەدر کە بە مواسەفاتی زیاتر ئەمریکی و بەریتانی بێت، چونکە خەڵک لە دەموچاوی عەبادی و مالیکیش بێزاربووە، ئەمریکاش جار و بار ئەو گۆڕانکارییە دەکات، بۆیە پێشبینی دەکەم ئەمجارە محەمەد سەدر کە ئامۆزای موقتەدا سەدرە رۆڵی ھەبێت، چونکە خاوەن رەگەزنامەی بەریتانییە و شیعەیە و میانڕەویە و مامەڵەی لەگەڵ کورد و سوننەش باشە و ئارەزووی زیاتری لەسەرە، بەتایبەت ئێستا رۆڵی سەدر باشترە، ئێستا عەبادی کرانەوەیەکی کردووە تاڕادەیەک و ئەمەش پێیگوتراوە و رەنگە جارێکی تر کوردستان بارودۆخی باشتر بێت، بەڵام ئەوەی ھەیە خەڵکی کوردستان باوەڕی بە ھیچ حزبێک لە حزبەکانی خۆی نەماوە و باوەڕناکرێت بە شەوقەوە خەڵک بەشداریی ھەڵبژاردنەکان بکات، چونکە حکوومەتێک چەند ساڵە نەیانتوانیوە خزمەتی ھاووڵاتییانی پێ بکەن، چونکە حکوومەتێکی حزبی بووە و لەناو حزبیشدا حکوومەت بۆ بەرژەوەندیی چەند کەسێک بووە".
لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ کە بۆ یەکەم جار لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی بەعس بەڕێوەچوو، کورد توانی لە کۆی ٢٧٥ کورسی ٥١ کورسی بەدەست بھێنێت و رێژەی ٢١ لەسەدی کۆی کورسییەکانی بۆ خۆی مسۆگەر کردبوو بە دەنگی دوو ملیۆن و ٦٤٢ ھەزار و ١٧٢ دەنگدەر.
لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠شدا، کورد توانی ٥٧ کورسی بەدەست بھێنێت کە رێژەی ١٧،٥ لەسەدی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق دەکات و تیایدا دوو ملیۆن و ٣٧٢ ھەزار و ٧٠ کەس دەنگییان پێ دابوون.
لەبارەی رۆڵی حەشدی شەعبی لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ی عێراق، محەمەد بازیانی گوتی: "حەشدی شەعبی ھەستدەکەم وردە وردە ئەو ھەژموونە گەورەیەی ھەیبوو لە ناوچەکە کەم دەبێتەوە و ھەر دەسەڵاتێک بێت دەیەوێت بیخانە نێو سوپای عێراقەوە، چونکە شەڕی داعش نەماوە و فەتوایەکی مەرجەعییەت بەسە بۆ ئەوەی تێکەڵ بە سوپا و ھەواڵگریی و ئەوانە بکرێت، من بڕواناکەم عەبادی دەربچێتەوە، عەبادی ئێستا نەیاری زۆرە، حزبی دەعوە دوو لیستی ھەیە، ململانێی گەورە لە نێوان عەبادی و مالیکی ھەیە، چونکە حەشدی شەعبی زیاتریش بەلای مالیکییە، ئەم دەموچاوانە ئێران و ئەمریکاش دەیەوێت بگۆڕدرێن، ئێستا خەڵک ئامادەکراون کە لە جێی ئەوان بن، محەمەد سەدر ئێستا زیاتر ئامادەکراوە".
بازیانی پێشی وایە "تورکیاش رۆڵی ھەیە لەو مەسەلەیە و پێم وایە زۆرێک پێیان وایە لەگەڵ موقتەدا مامەڵەکردن باشتر بێت، چونکە لە حکومەتدا تاقی نەکراوەتەوە، جگە لەوەش ھەڵوێستێکی تریشی ھەبووە بۆ نموونە ئەوانەی گەندەڵ بوون لەنێو لیستەکەی خۆیدا دەری کردوون".
کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان باس لەوە دەکات کە ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنەکانی بکات و مەترسی لەسەر ژیانی کاندیدەکانییان و ئازادی ھاموشۆییان ھەیە، ئەمەش وای کرد پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە پارێزگای کەرکووک خاوەنی دوو کورسیی پەرلەمانییە بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان بکات.
لەدەستدانی بەشێک لە کورسییەکانی کوردی خستووەتە بارێکی خراپەوە کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمە رەنگدانەوەی لەسەر ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ٢٠١٨ش ھەبێت، چونکە وێڕای ئەو گۆڕانکارییانەی روویان داوە بەسەدان ھەزار دەنگدەر ئێستا لە ناوچە کێشەلەسەرەکان ناژیین و ئەوان دەنگدەری لیستە کوردستانییەکانن و ناتوانن بچنەوە شوێنەکانی خۆیان بۆ دەنگدان.