Hejar Hekim
12 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 13 مای,س 2016
دكتۆر عەلی تەتەر، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "لەمەو بەدوا چیتر بندەستی قبووڵ ناكەین و رێفراندۆمیش گەلێك نزیكە". هەروەها دەشڵێت: "هەر رێكەوتنێكی گۆڕان و یەكێتی بۆ دژایەتیكردنی پارتی بێ خۆیان زەرەر دەكەن".
دكتۆر عەلی تەتەر كە هاوكات بەرپرسی لقی 10 ی پارتییە لە سنووری سۆران لە دیمانەیەكی كورتدا بۆ ئانادۆڵو گوتی: "چەند رۆژێكی دیكە سەدەیەك بەسەر پەیمانامەی سایكس پیكۆ تێدەپەڕێ و بەمەش گۆڕانكاریی لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەكەین، چونكە كورد لە ئێستادا رۆڵی گرنگ دەبینێ و زڵهێزانی دونیاش پشتگیریمان لێ دەكەن. سایكس پیكۆ پلانێكی دەوڵەتان بوو بۆ دابەشكردنێكی نەخوازراو لەلایەن گەلانی ناوچەكە و زەرەرمەندی یەكەمیش لەم نێوەدا كورد بووە. دوای ئەوەیش كە كۆلۆنیالیزمی بەریتانی و فەڕەنسی لە ناوچەكەدا لاواز بوون، هێزێكی نوێ لە رووی هزرییەوە لە ناوچەكە درووست بوو كە ناسیۆنالیزمی شۆڤێنیی عەرەبی بوو، دوای ئەوەش كاتێك نەیانتوانی سەركەوتن بەدەست بێنن و لە یەكتر نزیك ببنەوە، بینیمان كە فۆندام لیتالیزیمێكی ئیسلامیی لە ناوچەكەدا درووست بوو كە هێزی داعش بوو، ئەمەش بەڵگەی سیاسەتی هەڵەی دەوڵەتان لە ناوچەكەدا دەردەخات، كاتێكیش لەم پەیمانامەیەدا مافی كورد پێشێل كرا، بۆیە لە ئێستادا هێزێكی ناسیۆنالیستی كوردی پەیدا بووە بۆ رزگاركردنی گەلی كوردستان لە ژێردەستی ئەو گەلانەی كە بە زۆری كۆلۆنیالیزمیان خستۆتە بن دەستیان".
سەبارەت بە رێكکەوتی گۆڕان و یەكێتی و كاریگەریی لەسەر پڕۆسەی سیاسی و ئاستەنگ درووست كردن لە بەردەم ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دەڵێت: "هیوادارین رێكکەوتنەكەیان بۆ دژایەتیكردنی ریفراندۆم و هیچ هێزێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان نەبێ، هەر هێزێكی سیاسیش لە دژی خواستی جەماوەر و ریفراندۆم بێ، بێگومان زەرەرمەندی سەرەكی خۆیان دەبن". ناوبراو باس لە نێوەڕۆكی سەرەكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكەی دەكات و دەڵێت: "ئەو بابەتە سەرەكییانەی كە لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە بەجددی هەڵوەستەی لەسەر كرد مژاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو لە ماوەیەكی نزیكدا هەروەها چاكسازیی و ئاشتەوایی سیاسی و پشتگیری بەردەوامی پێشمەرگە بوو لە هەرێمی كوردستان".
د.عەلی تەتەر لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ ئانادۆڵو سەبارەت بە گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا و ئەگەری كاراكردنەوەی پەرلەمان و رێكکەوتنی سیاسی لەسەر ئەم بابەتە گوتی: "رێكکەوتنەكانی پێشوومان لەگەڵ گۆڕان كۆتایی پێهاتوون و پێویستیمان بە رێكەوتنی نوێ هەیە لە داهاتوودا ئەگەر پێویست بكات، سەرۆكایەتی پەرلەمانی پێشوو ببوە جێی دروستكردنی قەیرانی سیاسی، بۆیە بە بڕوای سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان گەڕانەوەی سەرۆكی پەرڵەمان مەحاڵە بەڵام پارتیش ئامادەیە لەگەڵ هەر حزبێك دانوستان بكات بۆ دیاریكردنی سەرۆكایەتیەكی نوێ بۆ پەرلەمانی كوردستان".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی سەبارەت بە رەوشی سیاسی لە بەغدا و پەكخستنی پەرلمانەكەی دەڵێت: "كورد گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە هیچ كێشەیەكان لە بەغدا چارەسەر نابێ و نایەوێ چارەسەریش بكات، ئەمە دوایین بەشداریی كوردە لە حكوومەتی عێراق".
تەتەر رۆڵی ئێران و توركیا لە هاوكێشەی سیاسی لە عێراقدا بە كاریگەر دەبینێ و دەڵێت: "هەردوو دەوڵەت ئەجێندای تایبەتی خۆیان هەیە بەڵام بەشێوەی جیاواز، جێی داخە كە ململانێی سیاسی توند لە نێوانیاندا هەیە بۆ ئەوەی هەر یەكەیان رۆڵی زیاتر لە عێراق ببینێ، هیوادارین هەردوو دەوڵەت بە چاوی برایانە و هاوسێیی سیاسەتێكی باش پەیڕەو بكەن لە بەرامبەر هەرێمی كوردستان و عێراقدا بگرنە بەر".
ئەو زیاتر دوا و گوتیشی: "عێراق بووەتە گۆڕەپانی سیاسی زڵهێزەكان و بەو هیوایەین دوای سەدەیەك تێپەڕین بەسەر سایكش پیكۆ بیركردنەوەی دەوڵەتان بەرامبەر عێراق و هەرێمی كوردستان بگۆڕێ ئەگینا ناوچەكە هیچ كات سەقامگیر نابێت".