Zana Natık Kerem
15 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2017
هاراری ــ AA
سوپای زیمبابوی ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە باس لە ئەنجامدانی كودەتای سەربازی لە لایەن سوپا لەو وڵاتە دەكەن، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە، یەكە سەربازییەكان بەرەو شاری هەراری پایتەخت و دەورووبەری جووڵەیان پێكرابوو.
لە بەیاننامەیەكدا كە كەناڵی (ZBC) كە كەناڵێكی حكوومییە بڵاوی كردەوە، سوپای زیمبابوی ئاماژەی بەوە داوە كە دوێنێ جووڵەپێكردنی یەكە سەربازییەكان، كودەتا نەبووە و سەركۆمار، رۆبرت موگابی و خێزانەكەی لە شوێنێكی ئارام و پارێزراون.
لە بەیاننامەیەكدا روونكراوەتەوە كە سوپا ژمارەیەك كەسایەتی نزیك سەركۆمار، رۆبەرت موگابی-یان دەستگیركردووە كە وڵاتەیان بەرەو قەیرانی ئابووری و كۆمەڵایەتی پەلكێش كردووە.
تا ئێستا شوێن و جێگەی سەركۆماری زیمبابوی، رۆبەرت موگابی و هاوسەرەكەی ئاشكرا نەكراوە.
دوێنێ سێشەممە ژمارەیەك ماڵپەڕی هەواڵیی ئەوەیان بڵاوكردبوویەوە كە سوپای زیمبابوی كودەتایەكی سەربازی لەو وڵاتە ئەنجامداوە و دەستی بەسەر دەسەڵاتەدا گرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆری سەرباز بە زرێپۆش بەرەو شاری هەراری و دەورووبەری جووڵەیان پێكرابوو.