hemn husain
25 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2016
رۆژی هەینی رابردوو، یەکەمین هەینیی دوای کودەتاکەی تورکیا بوو، بەم هۆیەوەش ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی، لە نوێژی هەینیدا و لەسەر مینبەری مزگەوتەکان، ئیدانەی کودەتاکەی تورکیایان کرد و پشتگیری خۆیان بۆ حکوومەتەکەی ئەردۆغان دووپاتکردەوە و ئاماژەیان بەوەشکرد کە ئەو دەسەڵاتەی ئێستای تورکیا، هەڵقوڵاوی ناخی میللەتە و بەرهەمی دیموکراسییە لەو وڵاتەدا.
گوتاربێژی مزگەوتی حاجی جەماڵ لە شاری هەولێر، د.ئەحمەد سەید عەبدولوەهاب پێنجوێنی یەکێک بووە لەو گوتاربێژانەی لە نوێژی هەینی پشتگیری خۆی بۆ حکوومەتی ئێستای تورکیا دەربڕی و ئیدانەی کودەتا سەربازییەکەی کرد ئاماژەی بەوەش کرد لە هەر وڵاتێک خەڵک و دەسەڵات بەرەو یەک ئاراستە بڕۆن ئەوە نیشانەی دیموکراسییە هەر وەکو ئەوەی لە تورکیادا هەیە.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا لە نوێژی هەینی، د.ئەحمەد سەید عەبدولوەهاب پێنجوێنی گوتی: "خوای گەورە ویستی ئەو تاقە چرایە نەکووژێنێتەوە و ئەو هیوایە هەر بمێنێت، 10 هەزار داعش و 50 هەزار شیعەی عەلەوی سەر بە بەشار ئەسەد لەسەنگەردابوون و چاوەڕێی ئەوەبوون دوای ئەو کودەتایە برۆن بەرەو ئەنقەرە بەڵام چونکە حکوومەتەکەی تورکیا لەسەر حەق بوو، بۆیە لە رێگای ئایفۆنێکی شەشەوە، لەماوەی شەش چرکەدا، شەش ملیۆن هاووڵاتی بە دەستنوێژ رژانە سەر شەقامەکان و بەرگرییان لەو خاکە کرد چونکە بۆنی ئازادی و دیموکراسییان کردبوو، نەیاندەویست ئەو حکوومەتەیان لەدەست بچێت لە هەمانکاتدا تۆ سەیر بکە مۆبایلێکی ئایفۆن شەش مقاوەمەی فڕۆکەی ئێف 16ـی کرد".
هەر لە گوتارەکەی نوێژی هەینیدا، ناوبراو گوتیشی: "لەهەموو دونیادا حوکمی رەشید لە دوو شوێندا هەیە، یەکێکیان وڵاتی مالیزیا و یەکێکیان لە وڵاتی تورکیا کە پارتی داد و گەشەپێدان هێناویەتی".
سەبارەت بە گوتارەکەی نوێژی هەینی د.ئەحمەد سەید عەبدولوەهاب پێنجوێنی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان وەکو نوێنەری مسوڵمان، دەبێت هەمیشە هەڵوێستیان هەبێت و بەرگری لە حەق بکەن و لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆمەڵێک هۆکار هەبوون، یەکێک لەو هۆکارانە ئێمە کە مێزەرمان لەسەر و خۆمان بە نوێنەری پێغەمبەر و مسوڵمان دەزانین، لەو چوارچێوەیەشدا دەبێت گوزارشت لە شتەکانی بکەین و بە رەش بڵێین رەش و بە سپی بڵێین سپی، ئینجا لەسەر ئەو بنەمایەش، کودەتا کارێکی خراپە، چونکە دژی مرۆڤ و دەستکەوت و شارستانییەت و پێشکەوتن و دیموکراسییە".
دکتۆر ئەحمەد پێنجوینی گوتیشی: "حکوومەتێک کە بە خواستی میللەتەکەی هەڵبژێردرابێت و ئەو بەڵێنانەشی بە زیادەوە جێبەجێ کردبێت کە پێش هەڵبژاردن بە میللەتەکەی داوە لە رووی خۆشگوزەرانی و خزمەتگوازییەوە، هەروەها لە رووی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکەوە لەو پەڕی باشیدا بێت و رێز لە هاووڵاتییانی خۆی بگرێت، بەڕاستی ئەو دەسەڵاتە جێگای رێزە و حوکمی رەشیدی تێدایە".
ئەو ئاماژەی بە هەبوونی نەخشەیەکی گشتگیر کرد دژی جیهانی ئیسلامی و گوتی: "ئێمە دەزاین کە نەخشەیەکی کۆن و نوێ هەیە و نەخشەیەکی گشتگیر هەیە دژی جیهان و مسوڵمانان، بەتایبەتی جیهانی دیموکراتیخوازەکان و میانڕەوەکان، بۆیە هەر کەسێک پڕۆژەیەکی مەدەنی و پڕۆژەیەکی خۆشگوزەرانی پێ بێت ئەوە دژی دەوەستن بەڵام ئەوەی میلیشیا و توندڕەو بێت هەر وەکو بەشار ئەسەد و سیسی و داعش، ئەوە هەمیشە پشتگیری دەکرێت کە ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئایینی ئیسلامە".
ئەو گوتاربێژە پێی وایە بەشێک لە وڵاتان لەپشت ئەو بارودۆخەی تورکیا بوون و لەمبارەیەوە گوتی: "زۆربەی وڵاتانی دەرەکی دەستیان هەبوو لەو کودەتایەی تورکیا، وڵاتانی وەکو ئەمریکا و ئەورووپا و ناتۆ و ئێران و ئیسرائیل و بەشار ئەسەد و ئیماڕات و هەموو ئەوانە دەستیان هەبوو چونکە پێیان وایە ئەگەر ئەو رووناکییە لە تورکیا هەبێت ئەوا ئەو تاریکستانەی ئەوان دروستیان کردووە هێندەی دیکە رووی رەش دەبێت، بۆیە هەتا ئەو فەزاحەتەی ئەوان دەرنەکەوێت، هەوڵی ئەوەیاندا ئەو دەوڵەتە نەمێنیت".
د.ئەحمەد سەید عەبدولوەهاب پێنجوێنی ئاماژەی بە سێ قۆناغی ئەو کودەتایە کرد و گوتی: "قۆناغەکانی کودەتا سێ ئامانجی هەبوو، یەکەمیان ئەوەی لە میسڕ روویدا و ئەو هەموو کوشتارەی لێکەوتەوە، قۆناغی دووەمیش ئەوە بوو کە دژی پارتی داد و گەشەپێدان کردیان، قۆناغی سێیەمیش ئەوەبوو لە جەژنی قوربان مەککە و مەدینە داگیربکەن و کلیلەکەی رادەستی ئاخوندەکان بکەن بەڵام خۆشبەختانە ئەوەی لە میسڕ سەرکەوت لە تورکیا شکستیان پێهێنا لەبەر ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە نێوان تورک و عەرەبدا هەیە. لە نێوان میللەتێکی کۆیلەکراو و برسیکراوی وەکو میسر لەگەڵ میللەتێکی وەکو تورک کە حەفتا ساڵە هەناسەی پاک هەڵدەمژێت و لە کەشوهەوایەکی ئازادیدا دەژیت و دیموکراتی و هەڵبژاردنی ئازادی بەخۆیەوە بینیووە و باوەڕی بە مافی مرۆڤ و ئازادی هەیە و کۆمەڵێک خۆشگوزەرانی بۆ فەراهەم کراوە کە پارتی داد و گەشەپێدان لە کاتێکی زۆر ناخۆش هێنای و کردیە دیاری بۆ گەلی تورکیا بۆیە ئۆپۆزسیۆن و هەدەپە و دەمیرتاش و ئەوانەی نوێنەرایەتی کوردیش دەکەن دژی کودەتاکە وەستانەوە و ئیدانەیان کرد".
پێنجوێنی پێی وایە دەبێت دادگاکانی تورکیا بڕیاری کۆتایی بدەن لەسەر ئەو کەسانەی کە لەناوخۆ و دەرەوەی تورکیا دەستیان هەبووە لە تێکدانی بارودۆخی تورکیا و لەمبارەیەوە گوتی: "لەبەر ئەوەی دونیای سیاسەت دونیایەکی رەشە و هیچ ئەگەرێک بە دوور نازانین و زۆر جێگای داخە کە خەڵکێکی دیندار و بەناوی خزمەت و زانکۆ و زانستەوە ببن بە پردێک کە دوژمنانی ئێسلام بەسەریدا بپەڕنەوە و وە جوانترین سیمبول و ئەهلی سوننە کە پارتی داد و گەشەپێدانە بیڕووخێنن، بۆیە ئێمە لێی دەگەڕیین بۆ دادگاکانی تورکیا و با ئەوان ئەو دادوەرییە بکەن و بڕیاری کۆتایی بدەن".
دکتۆر ئەحمەد عەبدولوەهاب پێنجوێنی لە پێنجوێن لەدایک بووە و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە پێنجوێن خوێندووە و پەیمانگای ئیسلامی لە شاری سلێمانی خوێندووە و کۆلێژی شەریعەی لە بەغدا تەواو کردووە و لە ساڵی 1987 دوای دەستپێکردنی پەلامارەکانی رژێمی عێراق بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی، دکتۆر ئەحمەد پێنجوێنی دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی و دواتریش بە ناچاری دەچێتە ئێران و ماوەی 5 ساڵیش لەو وڵاتە دەمێنێتەوە و دوای راپەڕینیش دەگەڕێتەوە شاری هەولێر و تاوەکو ئێستاش لەو شارە نیشتەجێیە.
دکتۆر ئەحمەد پێنجوێنی هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە تەفسیری زانستی قورئان و ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی بووە و لە ساڵی 2004 دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە عێراق و خاوەنی 10 کتێبە.