Hemn Baban
24 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2016
هەولێر
پارێزگاری ئەنبار دەڵێت بەشی هەرە زۆری پارێزگاكەیان لەدەستی داعش دەرهێنراوە و ئەوەشی كە ماوەتەوە سێ قەزایە.
بەچاودێری و بەشداریی پارێزگاری ئەنبار سوهێب ئیسماعیل ئەلراوی ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی تەمووز لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی هۆتێل دیدمان لە شاری هەولێر حكوومەتی خۆجێی پارێزگاكە كۆنگرەی رزگاركردنی ناوچەی رۆژئاوای لە ژێر ناونیشانی"رۆژئاوای ئەنبار..وادەیەك لەگەڵ سەركەوتن"یان بەست.
لەو كۆنگرەیەكدا كە پارێزگاری هەولێر ئامادەی بوو، پارێزگاری ئەنبار گوتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا باسی لە سەركەوتنەكانی هێزی ئەمنیی عێراق، بەتایبەت لە دوای رزگاركردنی هەریەك لە رومادی و فەللوجە و چەند ناوچەیەكی دیكە کرد و هەروەها باسی لە پێویستی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ پارێزگاكە هێنایەئاراوە و بەپێویستیشی زانی حكوومەتی عێراق و خۆجێی و هەروەها رێكخراوەکانی نێودەوڵەتی رۆڵی گرنگییان هەبێت لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای ئەنبار، لە كۆتایی قسەكانیشدا باسی لەوە كرد كە چەكدارانی داعش بەرەو لاوازیی چوون و دەبێت كار بۆ دامەزراندنی هێزێك لە رۆڵەكانی پارێزگاكە بۆ گرتنەدەستی خاك بكرێت.
دواتر چەند بەرپرس و كەسایەتییەكی دیاری ئەنبار لە شێخی عەشیرەتەكان گوتاریان پێشكەش كرد و پاشان راگەیەنراوی كۆتایی كۆنگرەكە خوێندرایەوە كە لە 10 خاڵ پێك دێت و بریتیی بوون لەمانەی خوارەوە:
1-ئامادەبووان پێداگریی خۆیان رادەگەیەنن لەسەر رزگاركردنی سەرجەم خاكی ناوچەی رۆژئاوا "عنە، راوە، قائم" و داوا لە هەر دوو حكوومەتی ناوەند و حكوومەتی خۆجێی پارێزگاكە كرا کە لەگەڵ هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە رزگاركردنەوەی ئەو سێ قەزایە رۆڵی خۆیان بگێڕن.
2- داوا لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و رێكخراوە خۆماڵی و نێودەوڵەتییەكان دەکەن کە رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ ئەو ناوچانەی رزگار كراون.
3-داواکارن لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەوەی رۆڵیان هەبێت و پێویستییەكانی دووبارە بەرقەراركردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان، دابین بكەن.
4- كۆنگرە، رزگاركردنی ناوچەی رۆژئاوا رۆڵی پەیماننامەی بەڵێن كە لە كۆنگرەی هۆز و بژاردەكانی ئەنبار دەرچوو، بەرز دەنرخێنێت.
5- داوا بۆ پێكهێنانی هێزێكی فەرمی لە جەنگاوەرانی عەشیرەتەكان دەکەن بۆ ئەوەی بەشداریی لە شەڕكردن و گرتنەدەستی خاك لە ژێر ناوی "قەڵغانی عەشیرەتەكانی رۆژئاوا" بكەن.
6-داواکارن بۆ كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ چوونە نێو هێزی ئەمنییەوە.
7-كۆنگرە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی كۆمەكبەخش دەكات بۆ پاڵپشتیكردنی ناوچەی رۆژئاوا و سەرجەم پارێزگای ئەنبار لە دووبارە بونیاتنانەوە و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان و گێڕانەوەی سەقامگیریی و خزمەتگوزارییەكان و ژێرخانیش.
8-داوا كردن لە هۆزە رەسەنەكان بۆ ئەوەی ناكۆكییەكانیان وەلا بنێن و دژی تیرۆر یەك بگرن.
9- داوا دەكەین لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت لە هۆكارەكانی دەستگیركردن لە بازگەی رەزازە لەگەڵ پێویستیی ئازادكردنیان.
10- پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆنگرە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پارێزگاری ئەنبار سوهێب ئەلراوی گوتی: "رێژەی 80 لەسەدی پارێزگای ئەنبار لەدەستی داعش دەرهێنراوە و ئەوەی ماوەتەوە تەنها سێ قەزایە كە ئەوانیش قائیم، عنە، راوە-ن و ئومێدوارین ئەوانیش بەمنزیكانە بە هیممەتی هێزەكانی ئەمنی لەدەستی داعش دەربهێنرێن".
سەبارەت بە ئاوارەكانی پارێزگاكەش ناوبراو روونی كردەوە "پێشتر 900 هەزار كەس لە پارێزگای ئەنبار ئاوارە بوون و شوێن و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و ئێستا نزیكەی نیوەی خەڵكی رومادی گەڕاونەتەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان و بەوەش ژمارەی ئاوارەكان كەم بووەتەوە".