Azad Mohammed
15 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2017
هەولێر - AA
چوار فراکسیۆنى کوردستانى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کە خاوەنى ٥٩ کورسین و ژمارەیەک پلە و پۆستى باڵا وەک سەرکۆمار و وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران و وەزارەتى رۆشنبیرى و هەورەها جێگرى سەرۆکى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقیشیان بە دەستەوەیە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەى ١٧ لەسەدى پشکی هەرێمى کوردستان لە بوودجەى ساڵى ٢٠١٨ى عێراق پەسەند بکرێت، بە پێچەوانەوە لە ئەگەری کەمکردنەوەى پشکی هەرێمى کوردستان لە بوودجە بۆ سەدا ١٢،٦٧ کە لە لایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە پڕۆژە یاساى بۆ ئامادە کراوە، کشانەوەى خۆیان لە کایەکانى دەسەڵات لە عێراق رادەگەیەنن.
- فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان: "بەشە بوودجە کەمبکرێتەوە، ناگەڕێینەوە بەغدا".
گوتەبێژى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان (خاوەنی ٢٥ کورسییە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق)، رێناس جانۆ بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دەڵێت "ئەگەر عێراق ئامادە بێت سەدا ١٧ى پشکی هەرێمى کوردستان لە بوودجەى ساڵى ٢٠١٨ بنێرێت و ئامادەى گفتوگۆى ئاشتیانە بێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا، ئەوا فراکسیۆنەکەمان بڕیارى گەڕانەوە دەدات، بەڵام ئەگەر حکوومەتى عێراق سوور بێت لەسەر کەمکردنەوەى پشکی هەرێمى کوردستان لە لەسەدا ١٧ بۆ لە لەسەدا ١٢،٦٧ کشانەوەى خۆمان لە حکوومەتى عێراق رادەگەیەنین و ناگەڕێینەوە بەغدا".
رێناس جانۆ گوتیشى: "کشانەوەى فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنى نوێنەران و کایە سیاسییەکانى عێراق کاریگەرى گەورەى دەبێت، چونکە لە ئێستادا دۆخى پێکهاتەى سوننە لە عێراق وەک پێویست نییە و ئەگەر کوردیش لە پڕۆسەى سیاسى بکشێتەوە، بە دڵنیاییەوە دۆخەکە گۆڕانکارییەکەى گەورەى تێدەکەوێت".
- فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: "کەمکردنەوەى پشکی هەرێم، ناحەقییە بەرامبەر بە هاووڵاتییان".
سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (خاوەنى ٢١ کورسى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقە، پۆستى سەرکۆمار و وەزارەتى رۆشنبیرى عێراقیشی بەدەستەوەیە) لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ئارێز عەبدوڵڵا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هەوڵدەدەین هەڵوێستى هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق یەک بێت، خۆشبەختانە تا ئێستا یەک هەڵوێستین دەمانەوێت پشکی هەرێمى کوردستان لە بوودجەی ساڵى ٢٠١٨ لە لەسەدا ١٧ بێت نەک لە لەسەدا ١٢،٦٧".
ئارێز عەبدوڵڵا دەڵێت "کەمکردنەوەى پشکی هەرێمى کوردستان بۆ لەسەدا ١٢،٦٧ ناحەقییە بەغدا بەرامبەر هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان دەیکات، هەتا سەرژمێرى نەکرێت عێراق ناتوانێت پشکی هەرێمى کوردستان کەمبکاتەوە، ئێستاش لە هەوڵ و گفتوگۆداین بۆ ئەوەى پشکی هەرێم کەم نەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر بەغدا رژد بێت لەسەر کەمکردنەوەى پشکی هەرێم، بێگومان یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان هەڵوێستێکى دیکەى دەبێت کە رەخنە گرتن دەست پێدەکات تا دەگاتە ئاستى کشانە لە پرۆسەى سیاسى عێراق. بڕیارى کشانەوەشمان بە تەنیا نابێت، بەڵکو هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان پێکەوە بڕیار دەدەین".
- بزووتنەوەى گۆڕان: "پشکی هەرێم کەمبکرێتەوە لە پرۆسەى سیاسى دەکشێینەوە".
نوێنەرى بزووتنەوەى گۆڕان (خاوەنى نۆ کورسى و پۆستى جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقە، هەروەها وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراقیشی بەدەستەوەیە) لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، مەسعود حەیدەر لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "لەسەر پرسە نەتەوەییەکان پێویستە هەمووان یەک هەڵوێست بین، دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی پشکی هەرێمى کوردستان لە بوودجە لە لایەن بەغدا کەم نەکرێتەوە، ئەگەر بەغدا سوور بێت لەسەر ئەوەى پشکی هەرێم لە لەسەدا ١٧ بۆ لە لەسەدا ١٢،٦٧ کەم بکاتەوە، ئێمەش پێکەوە لەگەڵ هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڕیارى کشانەوە لە پرۆسەى سیاسى عێراق دەدەین".
- یەکگرتووى ئیسلامى: "حکوومەتى عێراق دەیەوێت سزاى هاووڵاتییانى هەرێم بدات".
سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان (خاوەن چوار کورسىیە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق)، موسەننا ئەمین بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هەڵوێستى سیاسى لە کاتى خۆیی و لە هەلومەرجدا دیاریی دەکرێت، دەبێت چاوەڕوانى ئەوە بکەین گفتوگۆکان هەتا کۆتا مەودا هەنگاو بنێن. دوێنێ لە پەرلەمانى کوردستان سەرۆکى فراکسیۆنە کوردستانییەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و سەرۆکى فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستان کۆبوونەوەیەکمان لەمبارەیەوە ئەنجامدا، هەموومان لەسەر ئەوە کۆک بووین کە ئەگەر بەغدا لەسەر برسیکردن و بێ نان و بێ مووچەکردنى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بەردەوام بێت، دەبێت کارتى وازهێنان لە پڕۆسەى سیاسى عێراق و کشانەوەى پەرلەمانتاران و سەرکۆمار و وەزیران بەکاربهێندرێت، بۆ ئەوەى شەرعیەتى نیشتمانى لە حکوومەتى عێراق بسەندرێتەوە".
موسەننا ئەمین دەڵێت "فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى هەمیشە هاوڕا دەبێت لەگەڵ فراکسیۆنەکانى دیکە و ئامادەیە بۆ بڕیارى کشانەوە لە پێناو بەرژەوەندى هاووڵاتییان".
سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان نەک تەنها لەسەدا ١٢،٦٧ بە کەم دەزانێت وەک پشکی هەرێمى کوردستان، بەڵکو بەو داهاتەى ئێستا عێراق هەیەتى رەنگە لەسەدا ١٧ەش بەشى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان نەکات.
لەبارەى کاریگەرى کشانەوەى کورد لە پرۆسەى سیاسى عێراق، موسەننا ئەمین گوتى: "کشانەوەى کورد کاریگەرى گەورەى دەبێت، یەکەم شەرعییەت لە حکوومەتى عێراق دەسەنێتەوە، دووەم دەنگدانەوەى نێودەوڵەتى گەورە بەدوایخۆیدا دەهێنێت، رەوایەتییەکى گەورە دەدات بە گشتپرسى هەرێمى کوردستان کە هێشتا لە رووى یاساییەوە ماوە، ئەوەش دەسەلمێنێت کە بۆچى کورد بیرى لە ئەنجامدانى گشتپرسى کردووەتەوە، دەیسەلمێنێت کە حکوومەتى عێراق دەیەوێت سزاى خەڵک بدات و دەیەوێت قووتى هاووڵاتییان ببڕێت".
- کۆمەڵى ئیسلامى: "چاوەڕێ دەکەین پڕۆژە یاساى بوودجە رەوانەی ئەنجوومەنى نوێنەران بکرێت".
سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەلى ئیسلامى کوردستان (خاوەنى سێ کورسییە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق)، ئەحمەد حاجى رەشید بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "حکوومەتى عێراق ماوەى ٢٤ رۆژە ناردنى پڕۆژە یاساى بوودجەى عێراق بۆ ساڵى ٢٠١٨ لە ئەنجوومەنى وەزیران بۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى دواخستووە، کۆمەلى ئیسلامى لە ئێستادا چاوەڕوان دەکات کە ئەو پڕۆژە یاسایە بنێردرێتە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئینجا قسەى لەسەر دەکەین و بڕیارى لەسەر دەدەین".