hemn husain
26 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2016
کودەتا سەربازییەکەی تورکیا نیگەرانی بەشێک لە وڵاتانی لێکەوتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا هەرێمی کوردستان بە بەیاننامەیەک نیگەرانی خۆیان دەربڕی و بەشێکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئیدانەی کودەتایەکەیان کرد و بەرپرسی ئەنجوومەنی سیاسیی و جەماوەری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، وەکو کەسی دووەمی ئەو حزبە ئاماژە بەوە دەکات هیچ کودەتایەکی سەربازی لە بەرژەوەندی میللەت نییە.
بەرپرسی سیاسیی ئەنجوومەنی سیاسیی و جەماوەری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هادی عەلی لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆچوونی خۆیانی لەبارەی رووداوەکانی تورکیا خستەڕوو، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەنجامدانی کودەتای سەربازی هیچ کاتێک نابێتە مایەی خێر و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک و لەمبارەیەوە گوتی: "بێگومان لە دوو رووەوە ئێمە نیگەران بووین لەو کودەتایە، یەکەمیان ئەوەیە کە کودەتای سەربازی لە هەر وڵاتێک رووبدات، نابێتە مایەی خێر و چاوەڕوانی ئەوەشی لێ ناکرێت. وڵاتی عێراق لە دوای ساڵی 1950 هەر کاتێک کودەتایەکی سەربازی تێدا کرابێت، ئەوا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر هاتووە و شکستی رژێمەکانی ئەو ناوچانەش هەمووی دەرەنجامی بەرهەمی کودەتا سەربازییەکانە کە لە وڵاتانی عەرەبی روویدا".
هادی عەلی پێی وایە دەرەنجامی هەر کودەتایەکی سەربازیش دەبێتە هۆکاری پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و سەرهەڵدانی سیستەمی دیکتاتۆری لەو وڵاتە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی کە لە سووریا و عێراق و وڵاتانی دیکەدا هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ دەرەنجامی ئەو سیستەمە سیاسییانەی کە لەئەنجامی کودەتا سەربازییەکان دروست بوون، لەبەر ئەوەشە هەر کودەتایەکی سەربازیی لە هەر وڵاتێک رووبدات، ئەوا هیچ جۆرە خێرێکی لێ چاوەڕوان ناکرێت و دەرەنجامەکەشی دەبێتە پێشێلکاری مافی مرۆڤ و سیستەمی دیکتاتۆرییەت".
بەرپرسی سیاسیی ئەنجوومەنی سیاسیی و جەماوەری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە تورکیا تاکە وڵاتی ناوچەکەیە کە ئارامی و سەقامگیری تێدا هەبێت و ئەمەش کاریگەری لەسەر وڵاتانی دیکەی دراوسێی هەیە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێستا لە وڵاتانی ناوچەکە، تاکە وڵاتێک کە سیستەمێکی دیموکراتی و موئەسەساتی تێدا هەبێت، کۆماری تورکیایە، بۆیە ئەگەر سیستەمی تورکیا بگۆڕێت ئەوا ئومێدێک بۆ ناوچەکە نامێنێتەوە، واتا سەقامگیری تورکیا، کاریگەریی ئەرێنی دەبێت بەسەر هەموو ناوچەکە، بە هەمان شێوە تێکچوونی بارودۆخی تورکیا کاریگەری خراپی دەبێت بۆ هەموو ناوچەکە".
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان یەکێک بوو لەو پارتانەی کە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و نیگەرانی خۆی لە رووداوەکانی تورکیا دەربڕی و جێگری ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیش ئاماژە بەوە دەکات رژێمی سووریا دڵخۆش بووە بەم کودەتایە و لەمبارەیەوە گوتی: "هەر لە سەرەتاوە کە هەواڵەکە بڵاو کرایەوە ئێمە نیگەران بووین و هیوامان خواست کە سەرکەوتن بەدەست نەهێنێت و هەر زوو بەیاننامەمان بڵاو کردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا جۆرێک لە جەمسەرگیری هەرێمی هەیە لە ناوچەکە پێیان خۆشە بەتایبەتی رژێمی سووریا و ئەوانەشی کە پشتگیری لە سووریا دەکەن و پێیان خۆشە بارودۆخی تورکیا گۆڕانکاری بەسەردا بێت".
سەبارەت بەو لایەنانەی لە ناوخۆی تورکیا لە پشتی کودەتایەکە بووینە و هەڵسەنگانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش لەمبارەیەوە، هادی عەلی گوتی: "ئێمە لەوبارەیەوە هیچ زانیارییەکمان نییە و دەسەڵاتی ناوخۆی تورکیا باشتر دەزانن کە کێ لەپشت ئەو کودەتا بووە، هەموو ئاراستە جیاوازەکان پێکەوە لەسەر پاراستنی دیموکراتی هاوکۆک بوون و بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش بەگشتیی هەڵوێستیان باش بوو، گەلی تورکیاش هەڵوێستێکی جوامێرانەیان هەبوو، بۆیە ئومێد دەکەین هەموو لایەنێک دژی کودەتا بن و رێگا نەدەن بە کارێکی هاوشێوە".
سەبارەت بە ئەگەری داخستنی زانکۆ و قوتابخانەکانی سەر بە فەتحوڵڵاچییەکان لە هەرێمی کوردستانیش، جێگری ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان گوتی: "ئێمە ئومێد دەکەین بەشێوەیەک بێت کە قوتابییەکان حەقیان نەفەوتێت و پێشوەختە ئامادەکاری بکەن و داخستنی ئەو جێگایەش پەیوەیەندی بە حکوومەتەوە هەیە بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا دەبێت رەچاوی بارودۆخی قوتابی بکرێت".