Abdullah Shukur,Sarmand Hameed
18 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2016
ئیستانبوڵ
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لەمیانەی بەشداری لە رێوڕەسمی ھێنانەخوارەوەی کەشتیەکی تازە دروستکراو بۆ نێو دەریا لە فەرماندەیی تەرسانەی شاری ئیستانبوڵ وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە ئەمڕۆ رۆژی شانازیکردنە بە سوپای تورکیا.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم گوتی: "وڵاتێکی بەھێز بەھۆی سوپایەکی بەھێزەوە دەبێت. بەھۆی پێگەی وڵاتەکەمانەوە ھیچ رێگەیەکی دیکەمان نییە بەدەر لەوەی کە دەبێ بەھێز بین".
بینالی یڵدرم لەبارەی بەھێزکردنی پیشەسازی بەرگری تورکیا گوتی: "بەتایبەتی دروستکردنی پرۆژەی فڕۆکەی نیشتیمانی، پرۆژەی فڕۆکەی جەنگی نیشتیمانی، پرۆژەی ھێلیکۆپتەر، تانکی نیشتیمانی، کەشتی نیشتیمانی ھەموویان بۆ بەھێزکردنی تواناکانی پیشەسازی بەرگری تورکیا دانراون، لەمەودوا لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانمان بەردەوام دەبین. لە ماوەی ١٤ ساڵی رابڕدوودا بە سەرکردایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان ٣٠ ملیار دۆلارمان لە پیشەسازی بەرگری وەبەرھێناوە. کاتێک من ئەندازیارێکی گەنج بووم دروستکردنی کەشتی ئەم جۆرەی ئێستا باس دەکرا، ھاوکات تا ساڵی دوو ھەزارەکانیش باسی لێوە دەکرا. بەڵام ئێستا باسی لێوە ناکەین بەڵکو دروستی دەکەین. ئەوەیش شایەتی ئەم گەلەیە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم زیاتر گوتیشی: "وڵاتی بەھێز دەبێت خاوەنی سوپای بەھێز بێت. بە پشت بەستن بەم بابەتە بۆیە ھیچ چارەیەکمان نییە جگە لە خۆ بەھێزکردن، جیا لەمەش لە دەورووبەری وڵاتمان جەنگە و چەندین میللەتی ستەملێکراویش چاوەڕوانی پاڵپشتی ئێمەیە. بۆیە نابێت تەنیا پارێزگاری لەخۆمان بکەین دەبێت بە شێوەیەک بەھێزبین کە بتوانین پارێزگاری لە ستەملێکراوانیش بکەین، مەرجی مانەوە لەم ناوچەیە بەھێزبوونە، ئێمەش بەردەوام دەبین لەمە".