Rewa Mahmut Hasan,Sarmand Hameed
18 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2016
ئیستانبوڵ
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان بەشداری کرد لە مەراسیمی ناساندنی پرۆگرامی شوێنەواریی مێژوویی ئیستانبوڵ لە سەددەی ٢١ داو تیێدا ئاماژەی بە چەندین پرسی مێژووی و شوێنەواری تورکیا کرد.
سەرەتا سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بە گرنگی مێژوو دا لە ناوچەکە و ئاشکراشی کرد کە دەبێت ئەوان ئاگاداری مێژووەکەیان بن تاکو لەڕێیەوە داهاتووی خۆیان و ناوچەکە پرشنگدار بکەنەوە و لەو بارەیەوە ئەردۆغان گوتی: "دەبێت هەموو مێژووەکەمان، مێژووی ناوچەکە و جیهان، مێژووی ئیسلام، مێژووی گشتی تورکی، مێژووی عوسمانی، مێژووی ٩٢ ساڵەی کۆماری تورکیا، هەمووی پێکەوە کاریان لەسەربکەین و بەرەو داهاتووی بگوازینەوە. چونکە مێژوو تەنیا چیرۆکی رابردوو نیە، بەڵکو هاوکات گرەنتی دیاری کردنی داهاتووشمانە. پێویستمان بەمەیە، دەبێت ئەو رووداوانەی لە ناوچەکە روودەدەن بە کەڵک وەرگرتن لەمێژوومان سەرلەنوێ داهاتووی پێ بنیات بنێینەوە.
لەبەشێکی تری گوتەکانیدا ئەردۆغان باسی لە گرنگی رۆڵی گەنجان کرد و گوتی : "ئێستا گەنجانمان کێشەی زۆریان رووبەڕوو دەبێتەوە ، بگرە لەم دواییەدا، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر خوێندنگەی ناوەندی و ئامادەییەکان ئەمەی لەپشتە. هەر بۆیە دەبێت گەنجانمآن لە قۆناغی ئامادەیی و ناوەندیی، بە زانیاریی مێژووییەوە زیاتر گۆشیان بكەین و پەروەردەیان بکەین.
ئەردۆغان باسی لە پرۆژەکانیان کرد لە بارەی ئیستانبوڵەوە و گوتی: "بە چەندین پرۆژەی ناوازە و جیاجیاوە ئیستانبوڵ زیاتر بەرەو پێش دەبەین. من لێرەوە بە سەرۆکوەزیرانم دەڵێم ،دەبێت ئازابیت. ئەگەر ئازا نەبیت ناتوانین ئەم کارە بکەین. یەکێك لەو شتانەی کە دەبێت ئازا بین تێیدا، لێرەوە دیسان دەیڵێمەوە، پارکی گەزی ناو تەقسیمە. ئەو شوێنە مێژووییە سەرلەنوێ بنیات دەنێینەوە. ئەگەر ئاگامان لە مێژوومان بێت ئەوا لەوێ شوێنەوارێکی مێژوویی لێیە. دیسان ئەو شوێنەوارە مێژووییە لەوێ بنیات دەنێینەوە .دەبێت ئەمە بکەین".