Rewa Mahmut Hasan,Sarmand Hameed
18 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2016
ئیستانبوڵ
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان لەمیانی بەشداری کردنی لە مەراسیمی خستنەکاری کەشتی ئامفیبی تورکیا، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە چەندین پرسی ناوخۆیی و جیهانی کرد.
سەرەتا ئەردۆغان ئاماژەی بەگرنگی پیشەسازی بەرگری وڵاتەکەی کردو گوتی : دوای دروستکردنی کەشتی ئانادۆڵو لە جۆری 'Amfibi' ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە فڕۆکەی نیشتیمانی دروست بکەین و هەروەها کەشتی جەنگی فڕۆکە هەڵگریش دورست دەکەین و سوپای تورکیا دەبێتە خاوەنی کەشتی جەنگی فڕۆکە هەڵگری نیشتیمانی، لەوەیش سەردەکەوین هیچ رێگرییەک نییە. ئەگەر باوەڕمان بەخۆمان بێت سەردەکەوین، لە ئێستادا سوپاس بۆ خوا حکوومەتێک هەیە کە باوەرێ بەخۆی هەیە و وڵاتێک هەیە دەبێت ئەوە بزانین. تورکیا لە بواری سەربازیی و پیشەسازی و بەرگری بەھیچ شێوەیەک دەرفەتی ئەوەی نییە دوابکەوێت. پێش ھەموو شتێک ئەو جوگرافیایەی کە وڵاتەکەمانی تیدا هەڵکەوتووە، رێگە بەمە نادات".
لەبەشێکی تری گوتەکانیدا باسی لە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست وپێگەی تورکیا کرد و وەک پەیامێک بۆ جیهان کە بەبێ خوێندنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست ناکرێت خوێندنەوە بۆ جیهان بکرێت و گوتی: "ئەم ناوچەیە لە مێژووی خۆیدا بە بەردەوامی خاوەنی چەندین میللەت و کولتوری جیاواز بووە، ئێرە شوێنێک بووە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەردەوام داڵدەی ستەملێکراوانی داوە، ئەوەی لەبارەی مێژووی ئانادۆڵو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەزانێت مومکین نییە زانیاری لەسەر مێژووی جیهان هەبێت. لە هەمان کاتدا وڵاتەکەمان وەک گۆڕستان وایە ئەگەر بێت و لە رووی سەربازی، سیاسی، کولتور و کۆمەڵایەتی بەهێز نەبیت ئەوا لەم جوگرافیایەدا بە کاتێکی کەم دەروخێیت".
دواتر ئەردۆغان باسی لە ئۆپەراسیۆنەکانی سەر پەکەکە و هاوکات هەوڵەکانی پێشووی تورکیا کرد لەسەر بە دیموکراتیزەبوونی زیاتری تورکیا و هەنگاونان بۆ چارەسەر کردنی چەند پرسێک و گوتی:" لە ساڵی٢٠٠٩ ـەوە تا ئیستا لەژێر چەندین ناوی جیا هەنگاوی دیموکراتی و چاکسازی نرا، هاووڵاتییانی ناوچەکە ئەوکات نیازپاکی دەوڵەتیان بینی کە چەند جددیە لە بواری چاکسازیدا و هەروەها هاووڵاتییان ئەوەشیان بینی کە چۆن رێکخراوی پێکهاتەی هاوتەریب هەوڵیدا بەربەست بخاتە بەردەوام هەنگاوەکان و ناوچەکە رووبەڕووی تاریکی بکاتەوە. لە ٢٠ی تەمووزەوە سەرەڕای هەڕەشە و فشارەکان حکوومەت بەردەوام بووە لە کارەکان، بەڵام بەربەستی خراوەتە پێش. لە پاڵ ئەوەیش یەکەکانی ئەمنی لە یەکەم رۆژەوە تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی یاسایی و دوور لە هیچ پێشێلکاریەک سەرگەرمی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە لە دژی ئەو رێکخراوانەی کە هەوڵی کودەتایان دا. ئەو رێکخراوە بووە هۆکاری بە هەدەردانی گەورەترین هەڵمەتی برایەتی و تەبایی لە ناوچەکە. تاوەکو ئێستا نزیکەی ٧ هەزار و ٦٠٠ تیرۆریست کوژراون لە ئۆپەراسیۆنەکاندا".