Muhammet Ali Kemal
07 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2017
تالین - AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆلتنبێرگ ئاشکرای کرد کردەوەکانی کۆریای باکوور دوای تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئەم دواییە، هەڕەشەیەکی جیهانیی درووست دەکەن.
یەنس ستۆلتنبێرگ کە بە سەردانێکی فەرمیی لەچوارچێوەی بەرنامەی بەرەوپێشبردنی تواناکانی ناتۆ لە ئێستۆنیایە، بە پێویستی زانی کۆریای باکوور دەستبەرداری بەرنامە ناوەکیی و مووشەکەکانی بێت و خۆی بە دوور بگرێت لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی دیکە لەو بوارەدا، هەروەها داوای کرد لەبەرامبەر کردەوەکانی ئەو وڵاتەدا کە بووەتە مایەی هەڕەشەیەکی گەردوونی، وەڵامێکی یەکگرتوو بدرێتەوە.
لای خۆیشییەوە نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، فێدێریکا مۆگێرینی کە ئەویش لە ئێستۆنیایە، بە پێویستی زانی جیهان و کۆریای باکوور''نەکەونە نێو لوولپێچی رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازییەوە کە ئێجگار مەترسیدار دەبێت بۆ تەواوی گۆی زەوی و وڵاتانی ناوچەکە''.
فێدێریکا مۆگێرینی ئاماژەی بەوەشكرد کە پێویستە نیمچە دوورگەی کۆریا لە رێگەی دیالۆگ، دیپلۆماسی و بە شێوازی ئاشتییانە لە کردەوەی سەربازیی دابماڵرێت و گوتی: ''ئێمە پێمان وایە فشاری دیپلۆماسی و ئابووری زیاتر لەوبارەیەوە، دەکرێت دەرەنجامی لێبکەوێتەوە''.