Sinan Metiş
28 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2018
بەلگراد ــ AA
نوێنەری باڵای یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری سیاسەتی دەرەكی و ئاسایش، فێدێریكا مۆگێرینی داوای لە سربیا و كۆسۆڤۆ كرد كە رەوشەكە هێور بكەنەوە و گفتوگۆی ئاشتیانە ساز بكەن.
فێدێریکا مۆگێرینی لە میانی سەردانەكەی بۆ شاری بەلگراد لەگەڵ سەرۆكی سربیا، ئەلیكسەندەر ڤۆجیج كۆبوویەوە.
بە پێی روونكردنەوەیەكی سەرۆكایەتی سربیا لە میانی كۆبوونەوەكەدا، فێدێریكا مۆگێرینی داوای كردووە سربیا و كۆسۆڤۆ درێژە بە گفتوگۆی ئاشتیانە بدەن، هەروەها رێگەیەكی گونجاویش بە ئامانجی چارەسەكردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان بدۆزنەوە.
فێدێریكا مۆگێرینی بە ئامانجی چارەسەركردنی قەیرانی نێوان سربیا و كۆسۆڤۆ كە بە هۆی راگرتنی رێكخەری نووسینگەی حكوومەتی سربیا، ماركۆ دیۆریچ لە لایەن بەرپرسانی كۆسۆڤۆوە و دەركردنی لەو وڵاتە سەرهەڵداوە، سەردانی شاری بەلگرادی كردووە.
لە روونكردنەوەكەی سەرۆكایەتی سربیا هاتووە لە میانی كۆبوونەوەكەدا، فێدێریكا مۆگێرینی گوتوویەتی: "نابێت ئەو رووداوەی راگرتن و دەركردنی رێكخەری نووسینگەی حكوومەتی سربیا لە كۆسۆڤۆ كە دوێنێ سێشەممە روویدا، دووبارە ببێتەوە، هەروەها یەكێتی ئەورووپا دەڕوانێتە پاراستنی ئاسایشی نێوان هەردوو وڵات".
لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆكی سربیا، رێكخەری نووسینگەی حكوومەتی سربیا، ماركۆ دیۆریچ رایگەیاندبوو كە رووبەڕووی لێدان بووەتەوە لە كۆسۆڤۆ.
گوتیشی: "لایەنێك هەوڵیداوە، گفتوگۆكانی نێوان سربیا و كۆسۆڤۆ هیچ ئەنجامێكی باشی لێنەكەوێتەوە، هەروەها هەموو رێگەكانیش بە ئاراستەی ئاشتەوایی دابخات".
لە لایەكی دیكەوە سەرۆكی لیستی سربیا كە گەورەترین پارتی كەمینەی سربیایە لە كۆسۆڤۆ، گوران راكیتچ رایگەیاند سوورن لەسەر ئەوەی لە حكوومەتی كۆسۆڤۆ بكشێنەوە.
لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، گوران راكیتچ گوتی: "سەرۆكی سربیا، ئەلیكسەندەر ڤۆجیج-مان لەو بڕیارە ئاگادار كردووەتەوە و لای خۆیەوە رایگەیاندووە كە پشتیوانی لە هەر بڕیارێکی ئێمەد دەكات".
دوێنێ سێشەممە، رێكخەری نووسینگەی حكوومەتی سربیا لە كۆسۆڤۆ، ماركۆ دیوریچ بە هۆی ئەوەی مۆڵەتی لە لایەنی پەیوەندیدار وەرنەگرتبوو بە مەبەستی بەشداریكردن لە دیداری سربیا، سەردانی شاری باكووری میترۆڤیتسا لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆسۆڤۆ دەست بەسەركرا و دواتر بە رێگەی دەروازەی مردارەی سنووری نێوان كۆسۆڤۆ و سربیا گەڕایەوە وڵاتەكەی.
باكووری میترۆڤیتسا شارێكە دەكەوێتە باكووری كۆسۆڤۆ و لە نێوان زۆرینەی ئەلبنانییەكان لە باشوور و زۆرینەی سربییەكان لە باكوور دابەشكراوە.