Ömer Tuğrul Çam
12 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2023
ڤیلنیوس - AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتی تەواوبوونی جەنگی رووسیا-ئۆکراینادا، پێویستە گەرەنتی پێویستی ئاسایش بدرێتە ئۆکرینا.
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ و سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی دوای کۆبوونەوەیان لە چوارچێوەی لووتکەی ناتۆدا لە ڤیلنیوس، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.
یانس ستۆڵتنبێرگ بە زێلێنسکی راگەیاند: ''هەتا پێویست بکات ناتۆ لەگەڵتان دەبێت''، باسی لەوەیش کرد کە ناتۆ تا ئەمڕۆ، بەبڕی ملیارەها دۆلار هاوکاریی پێشکەش بە ئۆکراینا کردووە بۆ بەرگرییکردن لە خۆی دژبە رووسیا و بەردەوامیش دەبێت.
سکرتێری گشتیی ناتۆ باسی لەوە کرد کە لە لووتکەکەی ڤیلنیوسدا، رێککەوتن کراوە لەسەر پاکێچێکی پشتیوانی نوێی سەربازیی فرەساڵیی و لە سایەی ئەوەشەوە کەلوپەلە سەربازییەکانی سەردەمی سۆڤییەت دەگۆڕن بۆ ستاندارتەکانی ناتۆ، باسی لەوەیش کرد "ئەنجوومەنی ناتۆ-ئۆکراینا" دامەزرێنراوە کە تیایدا هەردوولا وەک دوو هاوبەشی یەکسان بڕیار دەدەن.
یانس ستۆڵتنبێرگ ئەوەیشی خستەڕوو کە سەرکردەکان پەیامێکی بەهێزیان داوە لەبارەی ئەندامێتیی ئۆکراینا لە ناتۆ و دڵنییاییدا لەبارەی ئەوەی ئۆکراینا دەبێتە ئەندامی پەیمانەکە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ باسی لەوە کرد کە هەر کاتێک مەرجەکان بەدیهاتن و هاوپەیمانان رێککەوتن، ئەوا بانگهێشت ئاراستەی ئۆکراینا دەکرێت و گوتی: ''کاتێک ئەم جەنگە تەواو بوو، پێویستە چاکسازیی بەرچاو بکەین بۆ ئاسایشی ئۆکراینا بۆ ئەوەی مێژوو دووبارە نەبێتەوە. لەبەرئەمە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بەڵێنی زۆرێک لە هاوپەیمانان دەکەین بۆ هاوکاریکردنی درێژخایەن. ئەمە لە دوای تەواوبوونی جەنگی رووسیا چاوترساندن دەبێت بۆ هێرش و پەلاماری نوێ''.
ستۆڵتنبێرگ سەبارەت بە یەکەم کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ناتۆ-ئۆکراینا" رایگەیاند: ''ئەمڕۆ وەک هاوتا کۆدەبینەوە. بە تاسەوە چاوەڕوانی کۆبوونەوەین وەک هاوپەیمان''.
- پەیام بۆ رووسیا
سکرتێری گشتیی ناتۆ باسی لەوە کرد کە شکستهێنانی ئۆکراینا لە جەنگی دژبە رووسیا تەنیا بۆ کیێڤ مەترسیی نییە، بەڵکو بۆ رۆژئاواش جێگەی مەترسییە و گوتی: ''ئەگەر پوتین سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ئەوە دەبێتە تراجیدیا بۆ ئۆکراینا، بەڵام بۆ ئێمەش مەترسییە. ئەمە ئێمە زیاتر لاواز دەکات''.
ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆکراینا ئازادە لە هەڵبژاردنی رێگای خۆی و رووسیا لەو بارەیەوە مافی بڕیاردانی نییە و تەنها ئەندامانی ناتۆ بڕیار دەدەن لەبارەی ئەندامێتیی ئۆکراینا لە ناتۆ.
- پێدانی فڕۆکەی F-16 بە ئۆکراینا
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کەی فڕۆکەی F-16 دەدرێت بە ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کرد کە دوێنێ ١٠ وڵاتی ناتۆ هاوپەیمانێکیان پێکهێناوە بۆ مەشق و راهێنان بە فڕۆکەوانانی ئۆکراینی لەسەر ئەو فڕۆکەیە و لە کورترین ماوەدا دەست بەکار دەبێت و گوتی: ''دوای دەستپێکی مەشقەکە دەرفەتی ئەوامن دەبێت بڕیار بدەین لەسەر دەستەبەرکردنی فڕۆکەکانی F-16''.