ھەولێر – AA
جارێکی دیکە ئێران ھەناردەکردنی غازی بۆ عێراق کەمکردەوە کە بەھۆیەوە، بەرھەمھێنانی کارەبا لە ٢٦ ھەزار میگاوات بۆ ٢٠ ھەزار و ٦٠٠ میگاوات کەم بووەتەوە.
بەردەوام ئێران لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاویندا، بە چەندین ھۆکار ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق کەم دەکاتەوە کە ئەوەیش کاریگەری لەسەر کەمکبوونەوەی قەبارەی بەرھەمھێنانی کارەبا دروست دەکات.
ھۆکاری کەمبووەنەوەی ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق، بۆ دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکانی ھاوردەکردنی غاز لەلایەن بەغداوە بە تاران دەگەڕێتەوە.
لە سێی ئەم مانگە، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران، یەحیا ئال ئیسحاق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە عێراق ١٠ ملیار دۆلار پارەی غاز و کارەبا بە ئێران قەرزدارە، بەڵام بەھۆی سزاکانی ئەمریکاوە، بانکی ناوەندیی عێراق نەیتوانیوە راستەوخۆ ئەو پارەیە بداتەوە بە ئێران.
ئەوەیش لە کاتێکدایە رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە یاریدەدەری وەزیری نەوتی ئێران، مەجید چەگەنی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە عێراق تەواوی قەرزەکانی غازی داوەتەوە بە ئێران.
لە ١٠ی حوزەیراندا، ئێران رایگەیاندبوو کە دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلاریان کە بەھۆی سزاکانی ئەمریکاوە لە عێراق دەستی بەسەرداگیرابوو، ئازاد کراوە.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران، محەمەد رەزا جەولایی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا نەیشاردەوە کە بەھۆی کێشەی تەکنیکییەوە ھەناردەکردنی غاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق لە ١٠ ملیۆن مەترسێجاوە کەمبووەتەوە بۆ پێنج ملیۆن مەترسێجا.
محەمەد رەزا جەولایی راشیگەیاندووە کە بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە باشوور و باشووری رۆژئاوای ئێران، ئامێر و ئامرازەکانی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی غاز بە باشی کارناکەن کە بەھۆیەوە ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق کەمبووەتەوە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران ئاماژەی بەوەیشداوە کە مانگی رابردوو، رۆژانە ٣٠ ملیۆن مەتر سێجا غاز ھەناردەی عێراق کراوە، بەڵام لە میانی ئەم مانگەدا، بۆ ٢١ ملیۆن مەتر سێجا کەمبووەتەوە.
- چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا ھاتووەتە سەر ھێڵ
رۆژی نۆی ئەم مانگە، چوارچێوەی ھەماھەنگی لە راگەیەندراوێکدا داوای لە حکوومەتی عێراق کرد کە لەڕێگای وەزارەتی دەرەوەوە پەیوەندی بە لایەنی ئەمریکییەوە بکات و دەستبەجێ شایستە داراییەکانی پەیوەندیدار بە ھاوردەکردنی غازی ئێرانی بەبێ دواکەوتن و کەمتەرخەمی بدرێتەوە.
چوارچێوەی ھەماھەنگی داوایشی کردبوو کە دۆسیەی کارەبا بۆ مەبەستی سیاسیی بەکارنەھێندرێت، چونکە زیانێکی زۆر بە ھاووڵاتییانی عێراق دەگەیەنێت.
پێشتر سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی، تورکی عوتەیبی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە قەیرانی کارەبا لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە تایبەتی ئێستا کە بەرھەمھێنانی کارەبای نیشتمانیی بەھۆی کەمکردنەوەی رەوانەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە کەمبووەتەوە.
- سزاکانی واشنتۆن رێگرن لەوەی عێراق بتوانێت قەرزەکانی غازی ئێرانی بداتەوە
لەمبارەیەوە وەزیری کارەبای عێراق، زیاد عەلی فازڵ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە وەزارەتی کارەبا بەرھەمھێنانی گەیاندووەتە بەرزترین ئاست کە ٢٦ ھەزار مێگاواتە، بەڵام بەھۆی بڕینی زیاتر لە نیوەی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنان، کارەبا پێنج ھەزار و ٤٠٠ مێگاوات کەمبووەتەوە.
زیاد عەلی فازڵ ئاماژەی بەوەیشداوە کە بەھۆی دواکەوتنی دانەوەی شایستە داراییەکانەوە، ئێران ھەناردەکردنی غازی بۆ عێراق کەمکردووەتەوە.
وەزیری کارەبای عێراق راشیگەیاندووە کە بەھۆی ئەو ھەنگاوەی ئێران، بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق لە ٢٦ ھەزار مێگاوات بۆ ٢٠ ھەزار و ٦٠٠ میگاوات دابەزیووە و رایگەیاند: "تەنھا بە ئاساییبوونەوەی ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا وەک پێشووی لێ دێتەوە".
وەزیری کارەبای عێراق، زیاد عەلی فازڵ جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە لە میانی رۆژانی داھاتوودا، لەگەڵ ئێران گفتوگۆی چڕ ئەنجام دەدەن و رایگەیاند "ھیوادارین ئێران لە دۆخی عێراق تێ بگات کە سیستەمی کارەبا چۆنە و پلەکانی گەرما بەرزبوونەتەوە و داوا لە ئێران دەکەین ھەناردەکردنی غاز وەک ماوەکانی رابردوو ئاسایی بکاتەوە".
زیاد عەلی فازڵ باسی لەوەیش کرد کە رەوشەکە چارەسەر دەکرێت، چونکە وەزارەتی کارەبا تەواوی قەرزەکانی ئێرانی داوەتەوە، بەڵام پرسەکە پەیوەستە بە بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI) کە سزاکانی ئەمریکا رێگرن و ناتوانێت پارەکە بداتەوە بە ئێران، ئەمەیش کێشەیەکە کە وەزارەتی کارەبا و ھاووڵاتییان باجەکەی دەدەن".
عێراق بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی غاز، رۆژانە پێویستی بە ٥٥-٦٠ ملیۆن مەترسێجا غاز ھەیە و لە ماوەکانی رابردوودا، ٤٥ ملیۆن مەترسێجا غازی لە رۆژێکدا لە ئێرانەوە ھاوردە کردووە، بەڵام لەئێستادا، ئێران ھەناردەکردنی غازی بۆ نیوە کەمکردووەتەوە.
لە ساڵانی رابردوودا، عێراق لە پاڵ ھاوردەکردنی غاز بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا، ھەروەھا ھەزار و ٢٠٠ میگاوات کارەبای ھاوردە کردووە.
عێراق ساڵانێکی زۆرە بۆ دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بە بیانووی جیاجیا ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق کەم دەکاتەوە یان رادەگرێت.
بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکان، پێویستییان بە ٣٠ ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.
- بەھۆی قەیرانی کارەباوە ئەگەری ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە عێراق ھەیە
لەئێستادا، قەیرانی کارەبا لە عێراق کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی پێدانی کارەبای نیشتمانیی بە ھاووڵاتییان دروست کردووە کە بەھۆیەوە ئەگەری هەیە خۆپیشاندان لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق ئەنجام بدرێت.
حکوومەتی عێراق بەردەوام لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاویندا، ھەوڵدەدات رێگایەکی خێرا بۆ کۆتاییھێنان بە قەیرانی کارەبا و زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بدۆزێتەوە.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە کە عێراق ساڵانێکی زۆرە نەیتوانیووە بڕی کارەبای پێویست بۆ دامەزراوەکان، ھاووڵاتییان و کارگەکان دابین بکات، ئەوەیش لە کاتێکدایە عێراق دوای سعوودیە لە رێکخراوی ئۆپێک، بە دووەم گەورەترین بەرھەمھێنەری نەوتی خاو دادەندرێت کە رۆژانە تێکڕا چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل بەرھەم دەھێنێت.
ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراق ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە بە بەردەوامی کوژانەوەی گشتیی کارەبای نیشتمانیی (Shut Down) لە زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتە روودەدات، بە تایبەتیش لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاوین کە پلەکانی گەرما دەگاتە ٥٠ پلەی سەدی.
لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاویندا، خۆپیشاندان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق دژبە نەبوونی کارەبا ئەنجام دەدرێن، بە تایبەتیش کە پلەکانی گەرما لەو وەرزدا لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق دەگاتە ٥٠ پلەی سەدی.
- ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا
رۆژی ١٠ی ئەم مانگە، چوار گرێبەست بە بەھای ٢٧ ملیار دۆلار لەنێوان وەزیری نەوتی عێراق، حەییان عەبدولغەنی و کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی واژوو کران.
لەچوارچێوەی گرێبەستەکاندا، کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی پرۆژەکانی وەبەرھێنان، پەرەپێدان و گەشەپێدان بە کەرتەکانی نەوت و غاز لە عێراق جێبەجێ دەکات.
حکوومەتی عێراق ھەوڵدەدات لەڕێگای یەکێک لە پرۆژەکان کە کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی جێبەجێی دەکات، وەبەرھێنان لە غازی ھاوەڵ بکات بە توانای ٦٠٠ ملیۆن مەترسێجا لە رۆژێکدا بۆ ئەو وێستگانەی کە کارەبا بەرھەم دەھێنن.
لەم ھەفتەیەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی چەندین کۆبوونەوەی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکانی کارەبا و نەوت ئەنجام دا.
هەروەها دوێنێ سێشەممە لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا کە بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی ئەنجامدرا، باس لە رێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا کرا. دوای کۆبوونەوەکەیش سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە وەزارەتی نەوتی راسپاردووە، لەوەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی غاز لە ھەرێمی کوردستان بکات، ئەوەیش بە ئامانجی دابینکردنی بڕی غازی پێویست بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا.
هاوکات لەئێستادا حکوومەتی عێراق گفتوگۆکانی بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا لەگەڵ حکوومەتی ئێران دەست پێ کردووە کە لە میانیدا رێککەوتنی بەراییان واژوو کردووە. بەپێی رێککەوتنەکەش، عێراق لەبەرامبەر دانەوەی قەرزەکان و بەردەوامی ھاوردەکردنی غاز، نەوتی خاو دەدات بە ئێران.
news_share_descriptionsubscription_contact

