Serkan Kaya
12 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2023
ڤیلنیوس-AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی لووتکەی ناتۆدا، بەشداری کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ناتۆ-ئۆکراینا"ی کرد.
ئەردۆغان لە کاتی چوونە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا، ئێدی راما، سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ گفتوگۆی کرد.

دوای هاتنەژوورەوەی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بۆناو هۆڵی کۆبوونەوەکە تەوقەی لەگەڵ ئەردۆغان، بایدن و ستۆڵتنبێرگ کرد و ماوەیەک پێکەوە گفتوگۆیان کرد.
لە کاتی کۆبوونەوەکەشدا، زێلێنسکی و ئەردۆغان لە تەنیشتی یەک دانیشتن.

لە دەسپێکی کۆبوونەوەکەدا، سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوە دا کە لە ئەنجوومەنەکەدا، ئۆکراینا وەک وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و گوتی: "جەخت لەسەر بەردەوامی پشتیوانییەکانی ناتۆ دەکەینەوە بۆ ئۆکراینا. ئیلهام لە بوێریتان وەردەگرم. بۆ رزگارکردنی خاکی ئۆکراینا و پاشگەزکردنەوەی رووسیا لە هێرشەکانی لە داهاتوودا، دەبێت پشتیوانی لە ئۆکراینا بکەین".
ستۆڵتنبێرگ هەروەها گوتیشی: "ئەمڕۆ وەک یەک و بە یەکسانی کۆبووینەوە. بە تامەزۆرییەوە چاوەڕێی ئەو رۆژەین وەک ئەندامێکی ناتۆ لەگەڵ ئۆکراینا کۆببینەوە".
کۆبوونەوەی لووتکەی "ئەنجوومەنی ناتۆ-ئۆکراینا" بەشێوەیەکی داخراو و دوور لە چاوی کامێراکانی راگەیاندنکاران بەڕێوەدەچێت.
