Ömer Tuğrul Çam
14 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2023
بڕۆکسل- AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ دەربارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان سوید و فینلاند و تورکیا کە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، ئەوەی ئاشکرا کرد کە کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە و بڕێک بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە.
یەنس ستۆڵتنبێرگ بەر لە کۆبوونەوەی ١٥-١٦ی حوزەیرانی وەزیرانی بەرگریی ناتۆ، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ساز کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
ستۆڵتنبێرگ ئەوەی وەبیرهێنایەوە ماوەیەکی کەم بەر لە ئێستا سەردانی تورکیای کردووە و لەگەڵ سەرکۆماری وڵاتهكه، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەتەوە. لە کۆتا کۆبوونەوەشدا رێککەوتون لەسەر بابەتی کۆبوونەوەی میکانیزمی هاوبەشی نێوان تورکیا-سوید-فینلاند.
دەربارەی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی ئەمڕۆی ئەنقەرەش ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند: "بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پێم گەیشتووە، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە و بڕێک بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە. دەربارەی پەسەندکردنی ئەندامێتی سویدیش بەردەوام دەبین لە کارکردن".
سکرتێری گشتیی ناتۆ جەختی لەوەش کردەوە لە ئێستادا ناتوانێت هیچ وادەیەک دەربارەی ئەندامێتی سوید بخاتەڕوو و گوتیشی:
"سوید بەڵێنەکانی جێبەجێ کرد. دەستووری گۆڕی، یاسای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری قورستر کرد و سنووردارکردنی هەناردەی چەکی بۆ تورکیا لابرد. بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لە گفتوگۆی تایبەت بەو بابەتانە دەکەم کە سوید دەتوانێت بۆ رێککەوتن لەگەڵ تورکیا ئەنجامیان بدات. بۆ نموونە: باس لە رادەستکردنەوەی کەسێکی سەربە پەکەکە دەکرێت لەم هەفتەیەدا. ئەمەش هەم لە روانگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەم لە روانگەی هەوڵەکانی سوید بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەییەکان هەنگاوێکی باشە. چونکە گرووپانە زۆربەیان پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە. زۆربەی کات ئەو کەسانەی لە تاوانە رێکخراوەکانی سویدەوە دەگلێن، هەمان ئەو کەسانەن کە لە کردە تیرۆریستییەکانی تورکیاوە دەگلێن".