Muhammet Ali Kemal
22 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2015
هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) سەڵاحەدین دەمیرتاش سەبارەت بە سەردانەكەی بۆ رووسیا، ئاماژەی بەوە كرد كە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سیرگێی لاڤرۆڤدا باسی بۆچوونی پارتەكەیان سەبارەت بە چارەسەری قەیرانی سووریا دەكەن.
دەمیرتاش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە پەرلەمان سازی كرد، ئاماژەی بەوە كرد كە بەهۆی گەشتەكەیانەوە بۆ رووسیا نەیانتوانیوە كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكەیان ئەنجام بدەن.
سەڵاحەدین دەمیرتاش باسی لەوە كرد كە ئەوان لە ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتان كاری دیپلۆماسی و كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە و خودی خۆیشی پێشتر سەردانی رووسیای كردووە.
دەمیرتاش بانگەشەی ئەوەی كرد كە هەوڵەكانیان بۆ سەردان كردنی رووسیا لەپێش قەیرانی ئەو وڵاتە لەگەڵ توركیادا بووە و گوتی: ''گوتەی بێ ئەزموونانەی هەندێك لایەنمان سەبارەت بە كۆبوونەوەكە بەلاوە سەیر بوو. ئێمە سیاسەتی خۆمان هەیە سەبارەت بە كێشەكانی نێوخۆیی و دەرەكی و پەیوەندییەكانی نێودەوڵەتی توركیا. هیچ یەكێك لەو سیاسەتانەمان دژی توركیا نییە''.
هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە رایگەیاند ئەوان لە پێگەیەكدا نین كە خاوەنداری لە سیاسەتەكانی حكوومەت بكەن و خوازیارن لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات ئەو توانایانە هەڵبسەنگێنن كە لەبەردەستیان دایە.
دەمیرتاش ئاماژەی بەوە كرد كە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا سیرگێی لاڤرۆڤدا باسی بۆچوونی پارتەكەیان سەبارەت بە چارەسەری قەیرانی سووریا دەكەن و گوتی: ''ژمارەیەك كەسی زۆر كە خاوەنی پاسپۆرتی توركیایە بەهۆی ئەم قەیرانەوە بوونەتە قوربانی. ئێمە دەمانەوێت تاوتوێی چارەسەری كێشەی ئەو مرۆڤانە بكەین. لەدوێنێوە هاوڕێیانمان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەدا لەپەیوەندیدان. ئەگەر هەڵە نەبم لەگەڵ سینیرلیئۆغڵوش قسەیان كردووە. ئێمە ویستمان پێشنیازی وەزارەتی دەرەوەش وەربگرین. تێبینییەكی كورت دراوەتە ئێمە لەوبارەیەوە. ئێمە دەزانین كە توركیا دەتوانێت زۆر كاریگەر بێت لەبارەی ئاشتییەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوە دەڵێین كە ئەمە مەحاڵە بەهۆی سیاسەتەكانی ئاك پارتییەوە. ئاك پارتی هێزی توركیای لاواز كرد، لە رێگەی پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی دەرەوەی مەزهەبییەوە بەهای توركیای نەهێشت''.
هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە باسی لەوە كرد كە ئەوان دەتوانن سەبارەت بە سەردانەكەیان زانیاری بدەنە پەرلەمان یاخود زانیاری بدەنە ئەو دامەزراوانەی كە ئارەزوومەندن.
دەمیرتاش باسی لەوە كرد كە گرنگترین كێشەی توركیا لەو ناوچانەیە كە قەدەغەی هاتوچۆی تێدا راگەیەنراوە و ئاماژەی بەوە كرد كە رووداوەكان ''جێبەجێكردنی ئەحكامی عورفی رانەگەیەنراوە''.
سەڵاحەدین دەمیرتاش گوتی: ''وەك بێ ئاگا هەڵسوكەوت دەكەن كە لە توركیا هەر بە راستی كێشەی خەندەق و بەربەست بوونی هەبێت و بەناونانی لە رێگەی ئەدەبیاتی ''ئەیسووتێنین و ئەیرووخێنین'' دەیانەوێت ئەم كێشە گەورەیە نەبینن. لەدوای ئەو هەموو كۆبوونەوە و تاقیكردنەوەی پرۆسەی چارەسەرییەوە، ئێمە لەبەرامبەر ئەو دۆخەدا كە حكوومەتی تێكەوتووە و مایەی ئەوەیە دڵت بۆی بسووتێت، سەرمان سووڕماوە. ئایا كێشەی كورد چارەسەركراوە و ئێمە ئاگامان لێی نییە. چۆن دەتوانن ئەم كێشەیە وەك كێشەی خەندەق و بەربەست هەڵبسەنگێنن. چی لە ساڵی ١٩٨٠دا دەگوترا، لەئێستاشدا سەركۆمار و سەرۆكوەزیران هەمان گوتە دووبارە دەكەنەوە. چۆن دەتوانن و كێ ماڵ بە ماڵ رادەماڵن؟''.
دەمیرتاش بانگەشەی ئەوەی كرد كە لەو شارۆچكانەی قەدەغەی هاتوچۆی تێدا جێبەجێ دەكرێت، خەڵكی سڤیل كراوەتە ئامانج و خەندەقەكان لەدوای ئۆپەراسیۆنەكانەوە هەڵكەنراون. باسی لەوەش كرد كە سیاسەتی ئەمنییانە ساڵ و نێوێك بەر لە ئێستا بڕیاری لێدراوە و ئامانج لێی شكاندنی ئیرادەی جەماوەری كوردی هەدەپەیە و گوتی: ''ئاك پارتی لەو دەسەڵاتەی كە لە ئەنجامی كودەتاكەی یەكی تشرینی دووەم بەدەستیهێناوە، لەبەرامبەریدا تەنها سڵ لە كورد دەكاتەوە''.
هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە باسی لەوە كرد كە ئەوان بەردەوام داوای ئاگربەست و دانوستاندن دەكەن بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا وەك لایەنگری جەنگ نیشاندەدرێن.