Hemn Husain
22 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2015
هەولێر
پەرەپێدان بەو مانایەی کە پشت ببەستێت بە توانای مرۆیی کە بە سامانی بنەڕەتی لە کۆمەڵگادا دادەنرێت، لەبەر ئەوە ھەلی پەرەپێدان و پێشکەوتن لەھەر وڵاتێکدا پەیوەستە بە قەبارەی تواناكانی مرۆیی و مەشق پێکردنیان لەلایەن حکوومەتەوە.
وەزارەتی پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکێک لە کارنامەکانی بریتییە لە پەرەپێدانی مرۆیی و ڕاهێنانی کارمەندان لە کەرتی گشتیدا و بەڕێوەبەری گشتی پەرەپێدانی مرۆیی لە وەزارەتی پلاندانان دکتۆر عەبدالرزاق محەممەد تیشک دەخاتە سەر کارنامەی وەزارەتی پلاندانان لەماوەی رابردوودا.
دکتۆر عبدالرزاق محەممەد لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "ئێمە لە سەرەتادا بە راهێنان دەستمان پێکرد بەڵام خودی پەرەپێدانی مرۆیی بازنەی کارکردنی زیاترە لەوەی تەنیا تیشک بخرێتە سەر پرۆسەی راهێنان بەڵکو بابەتی دیکەش لە خۆ دەگرێت وەکو وۆرک شۆپ و سمینار و ناردنە دەرەوەی قوتابی لە چوارچێوەی بەرنامەی تواناسازیدا".
لەدوای ساڵی 2010 حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 100 ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پەرەپێدانی مرۆیی قوتابی بنێرینە دەرەوە بە مەبەستی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و بە گوتەی بەرپرسانی پەیوەندییدار، ئەمە پرۆسەیەکی درێژخانەیە.
سەبارەت بە چۆنیەتی هەڵبژاردنی قوتابییەکان بەمەبەستی تەواوکردنی خوێندن لە دەرەوەی وڵات، دکتۆر عەبدولرەزاق گوتی: "وەزارەتەکان بۆخۆیان ئەو بوارە دەستنیشان دەکەن کە پێویستیان پێیەتی و بە چاودێری لایەنی بڕیاردەر و لایەنی جێبەجێکار لە حکوومەت پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت و هەروەها تاکو ئێستا بە کۆی گشتی 4 هەزار و 500 قوتابی سوودمەند بوونە کە لە ئێستادا 3 هەزار و700 و 32 کەس لەناو پرۆسەی خوێندندایە".
بەمەبەستی پەرەپێدانی ئەم کەرتە لەلایەن حکوومەتەوە، بەڕێوەبەری گشتی پەرەپێدانی مرۆیی رایدەگەیەنێت کە دیدی حکوومەت بۆ ساڵی 2020 نووسراوەتەوە کە بەشێکی گرنگی پەیوەست کراوە بۆ پەرەپێدانی مرۆیی.
لەمبارەیەوە دکتۆر عەبدولرەزاق محەمەد گوتی: "ئێمە چەندین کاری گەورە و ستراتیژیمان لەبەردەستدایە کە ئەنجامی بدەین، یەکێک لەم پرۆژانە بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتی کۆریای باشوور پرۆژەیەکی چوار ساڵەمان لەبەردەستایە لەسەر داواکاری ئێمە بڕی 6 ملیۆن دۆلاریان تەرخان کردووە بۆ دوو بابەتی سەرەکی".
بەپێی قسەکانی بەڕێوەبەری گشتی پەرەپێدانی مرۆیی، یەکێک لە بابەتەکان دروست کردنی باڵەخانەیەکی گەورەیە لەسەر رووبەرێکی فراوان بەمەبەستی راهێنان و ئەنجامدانی وۆرک شۆپ و باڵەخانەیەک دەبێت کە تێدا هەموو پێداوستییەکانی سەردەمی تێدادەبێت.
سەبارەت بە چۆنیەتی دروست کردنی باڵەخانەکە دکتۆر عەبدولرەزاق محەمەد گوتی: "بەهاوکاری وڵاتی کۆریا خەریکی دروستکردنی باڵەخانەیەکین لەسەر رووبەری 4 هەزار و 300 مەتر کە تێدا هەموو پێداوستییەکانی سەردەم لەخۆ دەگرێت بۆ پەرەپێدانی مرۆیی لە هەموو بوارەکانی ئای تی و تەکنەلۆژیا و کارگێری و ژمێریاری و هەموو بوارەکانی پسپۆڕی و لە هەمانکاتدا شوێنی تایبەت بۆ حەوانەوەی ئەو راهێنەرانەی کە لەدەرەوە دێن و هەروەها بۆ ئەو بەشداربووانەش کە لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە دێن".
ئەو بەڕێوەبەرە گشتیییە رایدەگەیەنێت کە ئێستا چەند کەسێکمان ناردووە بۆ وڵاتی کۆریا بە مەبەستی راهێنان و لە ماوەی داهاتووشدا لەم باڵەخانەیە سوودیان لێ دەبینین.
عەبدولرەزاق محەمەد گوتیشی: "ئێمە داوامان لە وڵاتی کۆریا کردووە کە 30 کەس لە هەرێمی کوردستان بەشداری لە خوولی راهێنان بکەن لە کۆریا بۆ ئەوەی ببن بە راهێنەری نێودەوڵەتی و 20 کەسیان لە بواری راهێنان بۆ ماوەی 3 مانگ بەشداری دەکەن و لە ئێستادا بەشی یەکەمی ئەم راهێنەرانە لەوێن کە بە دوو کاروان دەرۆن و هەر کاروانی 10 کەس لەخۆ دەگرێت و هەروەها داوامان کردووە کە 10 کەسیش لە بواری دەرامەتی مرۆیی راهێنانیان پێبکرێت".
هەروەها یەکێک لە پرۆژەکانی داهاتووی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە کارکردنە لەسەر کەرتی گەشتی بەمەبەستی پەرەپێدانی ئەم کەرتە ئەمەش لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و بە سەرپەرشتی وەزیری پلاندانان دەبێت.
لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی پەرەپێدانی مرۆیی لە وەزارەتی پلاندانان دکتۆر عەبدالرزاق محەمەد گوتی: "لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و بەسەرپەرشتی وەزیری پلاندانان دکتۆر عەلی سندی پڕۆژەیەک هەیە کە ئێمە دەمانەوێ بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت دیراسەی ئێستای بازار بکەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو بوارانە دەستنیشان بکەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەدای کاری حکوومەت لەلایەک و لە هەمانکاتدا کەرتی تایبەت بەهێزبکەین".
جێی ئاماژەیە بەڕێوەبەرایەتی پەرەپێدانی مرۆیی سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.