Kosar OSMAN
22 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2015
ئەنقەرە
سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا باسی لە باری رامیاری و سیاسیی ناوەوە و دەرەوەی تورکیا کرد و یەکێک لەو بابەتانەی بووە جێی هەڵوەستەی ناوبراو کەمپی بەعشیقە بوو.
سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی لەبارەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر عێراق قسەیکرد و حکوومەتی ناوەندی بەغدای بە کەمتەرخەم دانا بەوەی رێوشوێنی پێویستی دەرهەق بە داعش نەگرتووەتەبەر.
داودئۆغڵو پێیوایە کەوتنی مووسڵ کە دووەم گەورەشاری عێراقە، خۆی لەخۆیدا هەڕەشەیەکی گەورەیە و بە پێویستی دانا کۆشش و بەرەنگاری لەم پرسەدا بکرێت و گوتی: "با لێرەوە دەستی پێبکەین. ئەگەر حکوومەتی عێراق رەزامەندی بدات، ئێمە ئامادەین راهێنان بە پێشمەرگە و خۆبەخشانی مووسڵ بدەینەوە و لەڕووی سەربازییەوە پاڵپشتییان بکەین. ئەم پاڵپشتی و یارمەتییەمان بەردەوام دەبێت تا رزگارکردنەوەی مووسڵ. هەروەها ئەرکی یەکخستن و ئامادەکردنی هێزەکان لەڕووی تەکنیکییەوە دەگرینە ئەستۆ".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا هەروەها باسی لە ناردنی هێزی زیاتر بۆ بەعشیقە کرد و هۆکارەکەی بەمشێوەیە روونکردەوە: "ئامانجی ئێمە لە ناردنی هێزی زیاتر بۆ بەعشیقە تۆکمەتر کردنی کەمپی راهێنانی سەربازی و پاراستنی راهینەران بوو. بەڵام دەمەوێ ئەوە روون بکەمەوە کە هێزەکانمان بە هیچ جۆرێک بێ رێزییان بەرامبەر بە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی باکووری عێراق و عێراق نەکردووە. تا ئەو کاتەی تیرۆر هەڕەشە بێت لەسەر ناوچەکە، ئێمە بەوپەڕی وریاییەوە درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین".