Zana Natık Kerem
10 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد خۆشحاڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بەو رێككەوتنەی كە دوێنێ هەینی لە نێوان حكوومەتی فیدرال و حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی رەوشی شارۆچكەی شنگال لە پارێزگای نەینەوا كرا.
لە راگەیەندراوێكدا بەشیر حەداد رایگەیاندووە ئەو رێككەوتنەی كە دوێنێ هەینی لە نێوان بەغدا و هەولێر سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی رەوشی شارۆچكەی شنگال كراوە دەبێتە مایەی خێراكردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكە و ئاماژەی بەوەیشداوە گرنگە دۆسیەكانی ئەمنی، كارگێڕی و خزمەتگوزای لە شارۆچكەی شنكال بە هاوبەشی لە نێوان حكوومەتی فیدرال و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بەڕێوەبرێن بۆ ئەوەی بتواندرێت ژێرخانی ئەو شارۆچكەیە كە بەهۆی شەڕەكانی دژبە داعش وێرانبووە، بنیات بنرێتەوە.
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد لە راگەیەندراوەكەدا ستایشی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانی لە عێراق كردووە كە پاڵپشت و پشتوانی لەو رێككەوتنەی كردووە كە ئێوارەی دوێنێ هەینی بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی كراوە و گوتی:
"ئەم رێككەوتنە رێگەخۆشكەر دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سەرجەم ناوچە كێشەلەسەرەكان لەسەرتاسەری عێراق".
پێشتر گوتەبێژی حكوومەتی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال رایگەیاندبوو كە هەردوو حكوومەتی فیدڕالی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتوون لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ شارەكە.
ئەم رێككەوتنە، گەڕانەوەی سەقامگیری لە شنگال لەگەڵ ژمارەیەك خاڵێكی تایبەت بە كارگێڕی و ئەمنی و خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت و هەروەها ئەم رێككەوتنە بەهاوشانی لایەنی كارگێڕی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای نەینەوا لەخۆدەگرێت بە لەبەرچاوگرتنی داواكارییەكانی دانیشتوانی قەزاكە.
هەورەها لایەنی ئەمنی لە رێككەوتنەكەدا لەچوارچێوەی دەسەڵاتی حكوومەتی فیدرال بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ دەكرێت، لایەنی خزمەتگوزارییەكەیش لە ئەستۆی بەرپرسیاریەتی لیژنەی هاوبەش لە نێوان حكوومەتی فیدرال، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای نەینەوا دەبێت.
دوێنێ هەینی، شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد و ئەندامییەتی وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی ھەرێم و حكوومەتی فیدڕالی، خالید شوانی و سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەوەكالەت، عەبدولحەكیم خەسرۆ و سوپاسالاری پێشمەرگە، جەمال ئیمینكی و بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، عیسمەت ئەرگوشی گەیشتە بەغدا.