Abdullah Shukur
15 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2017
کەرکووک
پارێزگاری کەرکووک، نەجمەدین کەریم رایگەیاند شارۆچکەی حەویجە کە زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە لە ژێر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دایە، بووەتە مەرتسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی شاری کەرکووک.
نەجمەدین کەریم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە پاڵەخانەی پارێزگای کەرکووک ئەنجامیدا رایگەیاند شارۆچکەی حەویجە کە ماوەی دوو ساڵ و نیوە لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعشە، بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر شاری کەرکووک. گوتیشی: " بە رای من دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ پێش رزگارکردنی حەویجە ھەڵەیەکی گەورە بوو. لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، دەیان ھەزار کەس لە ناوچەکە بەرەو ناوەندی شاری کەرکووک ئاوارەبوون. ئەگەر پێش مووسڵ شارۆچکەی حەویجە رزگار بکرابایە، ئەوا هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە کە لە ئێستادا لە ناو شاری کەرکووک نیشتەجێ بوونە دەگەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان".
نەجمەدین کەریم جەختیشی لەوە کردەوە کە نزیکی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە شاری کەرکووک، مەترسی بۆ سەر ئەو شارە دروستکردووە. گوتیشی: "تاکو ئێستا نەمانتوانیوە کاریگەرییەکانی ھێرشە تیرۆریستییەکەی داعش بۆ سەر شاری کەرکووک لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابڕدوو بڕەوێننەوە. ھێرشەکە ژمارەیەکی زۆری قوربانی لە ھێزەکانی ئەمنی و خەڵکی سڤیل لێ کەوتەوە. دۆخی ئەمنی شاری کەرکووک تاکو ئێستا لە مەترسی دایە".
- دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ پێش حەویجە بڕیارێکی سیاسی بوو
پارێزگاری کەرکووک ئاشکرای کرد کە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ پێش حەویجە بڕیارێکی سیاسی بووە. گوتیشی: "ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ بڕیارێکی سیاسی بوو. حکوومەتی عێراقی بە تەنھا ئەم بڕیارەی نەداوە. کاریگەری ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەسەر ئەم بڕیارە کاریگەر بوو. ئەم بڕیارە لەوانەیە بەمەبەستی ئەوەی کە مووسڵ دووەم گەورە شاری عێراقە بۆیە دراوە، بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە بە مەبەستی بەکارھێنان لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەکارھێنراوە".
- بۆ ئۆپەراسیۆنی حەویجە پێویست بە سوپای عێراق ھەیە
نەجمەدین کەریم جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سوپای عێراق بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە بکات لەمبارەیەوە گوتی: "بۆ رزگارکردنی حەویجە پێویستە سوپای عێراق، حەشدی شەعبی و پێشمەرگە بەشداری بکەن. بە بێ رێککەوتنی ئەم ھێزانە رزگارکردنی حەویجە ئەستەمە".