هەولێر
- زانا رۆستایی: تا ئێستا لەلایەن حکوومەتی ههرێمی كوردستانهوه داوامان لێنەكراو بچینه شهڕی دژی داعش.
- بابا عەلی: پێشمەرگەكانی حزبی شیوعی خۆبەخشانە بەشداری له شهڕی دژی داعش دهكهن پێویست به چاوهڕوانی داوای وهزارهتی پێشمهرگه ناكات.
- هیوا سەید سەلیم: زیاتر لە 200 پێشمەرگەمان لە بەرە جیاجیاكانی شەڕدا بەشدارن.
- موسەننا ئەمین: بوونی هەر چەكدارێك لە دەرەوەی چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، میلیشیایه. گەر حاڵەتێكی نائاسایی دروستبوو دهبێ حكومەت بە رەزامەندی پەرلەمان دەرگای خۆبەخشی بەرووی خەڵكدا بكاتەوە.
- محەممەد حاجی: پاسهوانانی بارهگاكانی گۆڕان بۆ بهرهكانی جهنگ نێردراون.
- كاكەمین نەجار: شهڕی دژی داعش ئەركێكی نیشتمانییە و نابێ كەس چاوەڕوانی وەزارەتی پێشمەرگە بكات.
دوای ئەوەی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش لە چەند بەرەیەکی وەک شنگال و رەبیعە و چەند ناوچەیەکی دیکە پێشڕەویکرد و بەهەزاران کەس لە خەڵكی ئەو ناوچانە ئاوارەبوون و هەندێکیشیان لە چیای شنگال گیریان خواردووە، لەچەند شوێنێکی هەرێمی کوردستان بنکەی خۆبەخشین بۆ هاتنە ناو رێزهکانی پێشمەرگە کراوەتەوە.
ئێستا چاو لەسەر حزبەکانی کوردستانییە كه چەندین ساڵە پارەیان وەرگرتووە و ئێستاش پشکی بەشداریان لە رێزەکانی پێشمەرگە کەوتۆتە سەر شان.
لەو بارەوە زانا رۆستایی ئەندامی پەرلەمانی عێراق سەر بە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، سەرەڕای ئەوەی شەڕ لە دژی داعش بە ئەركێكی نیشتمانی دەزانێ، بەڵام دان بەوەش دادەنێ كە هیچ ئەندامێكیان لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دا نییە و هۆكاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان هێزی پێشمەرگەیان هەیە.
زانا رۆستایی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "تا ئێستا لەلایەن حکوومەتی ههرێمی كوردستانهوه داوامان لێنەكراوە و ئەگەریش داوامان لێبكرێ ئەوە ئامادەین بە مەرجی ئەوەی ئەندامەكانمان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەگەی كوردستان بن، ئەوە بەشداری ئەو ئەركە نیشتمانییە دەكەین. پێشتر چەندین جار داوامان لە وەزارەتی پێشمەرگە کردبوو، رێگا بدەن ئەندامانی کۆمەڵی ئیسلامی بێنە نێو ریزەکانی پێشمەرگەوە، بەڵام ئەو کارە نەکرا ، ئێستاش ئێمە کەخاوەنی پێشمەرگە و چەکدار نینە، نەمتوانیوە بەشداری لەو شەڕە بکەین."
بەڵام بابا عەلی گوتەبێژی حزبی شیوعی كوردستان رەتیدەكاتەوە كە ئەوان چاوەڕوانی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان بن بۆئەوەی بەشداری لەشەری دژی داعش بکەن و بۆ ئاژانسی ئاناندۆڵو گوتی: "لە بەرەكانی شەڕی گەرمیان، مەخمور و شنگال، پێشمەرگەكانی حزبی شیوعی خۆبەخشانە بەشداریان كردووە و بە چەك و كەلوپەلی خۆمان و بە بێ هیچ چاوەڕوانییەك لە وەزارەتی پێشمەرگە هاتووینەتە ریزی هیزی پێشمەرگە."
ئەو بەرپرسەی حیزبی شیوعی كوردستان ههروهها گوتی: "400 ئەنداممان لە دەشتی موسڵ ناوی خۆیان تۆماركردووە بۆ ئەوە وەزارەتی پێشمەرگە رێگە خۆشكەر بێ، تا بەشداری لە بەرەكانی شەڕ بکەن هاوشانی نزیکە ١٠٠ پێشمەرگەی دیکەی حزبی شیوعی کە ئێستا بەشدارن و لەو بارەیەوە نوسراوی تایبەتمان كردووە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەبووە."
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان كە لە ساڵی 1985 دامەزراوە و پێشتریش خاوەنی هێزی پێشمەرگەی خۆی بووە لە دژی رژێمی بەعسی عێراق، ئێستا پێشمەرگەكانی بەشداری شەڕ لە دژی داعش دەكەن و بە پێی لێدوانی گوتەبێژەكەیان هیوا سەید سەلیم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، زیاتر لە 200 پێشمەرگەیان لە بەرە جیاجیاكانی شەڕدا بەشدارن.
هیوا سەید سەلیم ههروهها گوتی: "بەرگری لەو نیشتمانە ئەركێكی نەتەوەییە و چاوەڕوانی لایەنێكی تایبەت ناكەین كە داوامان لێبكات و خۆمان هەست بەو بەرپرسیارێتییە دەكەین. داعش شەڕی هەموو لایەنێک دەکات بەهەموو ئایدۆلۆژییە جیاوازەکان بۆیه ئەو بەرپرسیارێتییە دەکەوێتە سەر شانی هەموو تاکێکی کوردستان."
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان موسەننا ئەمین بوونی هەر چەكدارێك لە ناو حزبە سیاسییەكان و لە دەرەوەی چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە بە میلیشیا ناو دەبات و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە دژ ئەوەین حزبە سیاسییەكانی كوردستان میلیشیایان هەبێ و پێویستە ئەگەر حاڵەتێكی نائاسایی هاتە گۆڕێ، حكومەت بە رەزامەندی پەرلەمان دەرگای خۆبەخشی بەرووی خەڵكدا بكاتەوە و ئەو كاتە ئەندامانی ئێمەش لە پێشەوەی بەرهكانی جەنگ دا دەبن و به ئهركێكی شهرعی دهزانین."
لەبارەی نەبوونی ئەندامانی یەکگرتوو لەبەرەکانی شەڕ لەدژی داعش، موسەننا بۆ ئاژانسی ئاندۆڵو گوتی: "یەکگرتوو خاوەنی هێزی چەکداری نەبووە، لەگەڵ ئەوەش نەبووە کە میلیشیای چەکداری هەبێ. بەشداری حزبەکانی کوردستانی لەژیر ناوی حزبایەتی شتێکی هەڵەیە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە یەک هێزی پێشمەرگە هەبێ و میلیشیا نەبێ و ئەو کاتە گهر بانگەواز کرا بۆ بەرگری، ئێمەش ئامادەین."
هاوكات بزوتنەوەی گۆڕان كە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەدەستە دەڵێ كه پاسەوانەكانیان كە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ بوون، بۆ بەرەكانی شەڕ نێردراون.
بەرپرسی ژووری دییبلۆماسییەكانی بزوتنەوەی گۆران محەممەد حاجی رەخنە لەوە دەگرێ كە هێزی پێشمەرگە تا ئێستا بە نیشتمانی نەكراوە و ئامانجی لە وەرگرتنی وەزارەتی پێشمەرگەش ئەوەیە كە دەرگا بۆ هەموو خەڵك بكاتەوە كە بەشداری ئەو هێزە بن و رەتیشی دەكاتەوە كە حزبە سیاسییەكانی كوردستان هەركەسەو لای خۆی هێزی چەكداری هەبێ و رەوانەی بەرەكانی شەڕی بكات.
ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان كاكەمین نەجار بە دووری دەزانێ كە وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە هەموو لایەك بكات بەشداری شەڕەكان بن و دەڵێ ئەوە ئەركێكی نیشتمانییە و نابێ كەس چاوەڕوانی وەزارەتی پێشمەرگە بكات. چوونکە ئەوشەڕە بەرامبەر بە هەموو خەڵکی کوردستانە و بەرگرییە لە خاک و ئایین و کەرامەتی خەڵکی کوردستان.
ئەو بەرپرسەی پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەموو كەس مافی بەرگری لە كوردستانی هەیە و خەڵكی ئاسایی ئێستاكە خۆیان دەگەیەننە بەرەكانی شەڕ و چ پێویستان بە رێنوێنی وەزارەتی پێشمەرگە نییە. لەکاتێکدا ئەگەر هەر هێزێکی میللی و حزبیش هاتوونە یان دێنە نێو ریزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بێگومان جێگای سوپاس رێز دەبێ لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە.
رۆژی شەممە ٣- ٨ ـ ٢٠١٤چەکدارانی دوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش دەستی بەهێرشێکی بەرفراوان کرد بۆ سەر دەڤەری شنگال و رەبیعە کە ٦٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری موسڵەوە دوورە زۆربەی دانیشتوانەکەی ئیزیدین. بەهۆیەوە وێرای قوربانییەکی زۆر، ههروهها بەدەیان هەزار کەسیش لەو ناوچانە ئاوارە و دەربەدەر بوون.
news_share_descriptionsubscription_contact

