ھەولێر
چەکدارەکانی داعش ھەڕەشەی کوشتن و سەربڕین لەو ھاوڵاتییانە دەکەن کە سونە مەزھەب نین، بەشێکیشیان دەڵێن بەھۆی جیاوازی مەزھەبییەوە چەکدارەکانی داعش ناوچەکانیان تۆپباران دەکەن.
حوسێن عەلی کە خۆی بە ئەبو ئەحمەد ناساند، ھەڕەشەکانی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە "داعش" ناچاری کرد زێدی خۆی لە شاری حەمدانییەی نزیک موسڵ جێبێڵێ، بەڵام ھەڕەشەکانی ئەو چەکدارانەی کە شیعە و کەمینەکان بە لادەر لە ئاین ناودەبەن، ئەو بەردەیان پێ لانەبرد کە لە کاتی سوجدەبردنی لە نۆێژەکانیدا دەیخاتە ژێر سەری، کە ئەمەش سرووتێکە شیعەکان پێی دەناسرێنەوە.
ئەبو ئەحمەد تەمەنی ٤٥ ساڵی تەواوکردووە، چوارشانەیەکی رەشتاڵە، دشداشەیەکی عەرەبیی لەبەربوو، ئەو گوتی کە شیعەبوونی ئەوان وایکردووە لە ترسی چەکدارانی داعش ھەڵبێن.
ئەبو ئەحمەد و برا و خزمانی کە زیاتر لە ھەشتا کەس بوون، زیاتر لە سێ سەعات دەبوو رێگەیان بڕیبوو تا بگەنە شوێنێکی ئارام و دەستی داعشیان نەگاتێ، ئەوان لە دەشتاییەکی نزیک ھەولێر لە نزیک پردی خازر لە تاریکی ئەو دەوروبەرە گیرسابوونەوە، نوێژکردن و دوعاکردنی بەتەمەنەکان و خەوی منداڵە ساواکانی ناو لانک دیارترین دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەو دیمەنەی لای ئەبو ئەحمەد و خێزانەکەی بوون.
شیعەکانی جیھان لە کاتی سوجدەبردن لە نۆێژدا بەردێکی لە قوڕ دروستکراو دەخەنە ژێر سەریان، ئەو قوڕە لە خاکی کەربەلا دروستکراوە کە ئیمام حوسێنی لەسەر کوژراوە، بۆیە بەلای ئەوانەوە "پیرۆزترین" خاکە لە جیھاندا.
حوسێن گوتی: "چەکدارانی داعش گوندەکەی ئێمەیان تۆپباران کرد، ھیچ کەس لەوێ نەما، داعش ھەڕەشەی کوشتنی لە ئێمە و سەرجەم کەمینەکانی دیکە، ئەوانەی موسوڵمان نین کردبوو بەوەی دەمانکوژێ، ئێمەش لەبەر ئەوەی شیعەین لەخۆمان ترسیان و بەرەو ھەولێر ھاتووین."
ئێوارەی ئەمڕۆ بە سەدان خێزانی شار و گوندەکانی موسڵ لە کەمینە جیاوازەکانی شەبەک، کوردی شیعە، مەسیحی، کاکەیی، لەگەڵ ژمارەیەک لە موسوڵمانانی سونە مەزھەب کە ھەزاران کەس دەبوون، بەھۆی تۆپباران و ھەڕەشەکانی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە "داعش" ناچاربوون زێدی خۆیان جێبێڵن.
ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر پردی خازر روویدا نوێترین شاڵاوی ئاوارەبوونی عێراقییەکانە بۆ ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی ئەو شاڵاوانە لەوانی دی جیادەکاتەوە ھەمەجۆریی ئاین و مەزھەبی ئاوارەکانە لەیەک شاڵاودا.
یوحەنا گورگیس لەگەڵ ھاوسەر و سێ لە کچەکانی لە ئۆتۆمبیلەکەیاندا لە ریزی سەدان ئۆتۆمبیلی دیکە بوون تا بێنە ناو ھەولێرەوە، یوحەنا ھەرچەندە لە ترسی چەکدارە ئیسلامییە توندڕەوەکانی داعش ھەڵاتبوو، خاچە گەورەکەی لە ناو ئۆتۆمبیلەکەیانەوە بە روونی دیاربوو، یوحەنا بەبێ دوودڵی گوتی: "ئێمە مەسیحین."
خاچ لای مەسیحییەکان ھێمایەکی پیرۆزە، چونکە بیروباوەڕی ئەوان وایە پێغەمبەرەکەیان عیسا لەسەر خاچ لەسێدارەدراوە و پێش کوشتنی ئەشکەنجەدراوە.
یوحەنا کە بێتاقەتی و گەرمیی ناو ئۆتۆمبێلەکەی هیلاکی کردبوو، زیاتر لە دوو سەعات و نیوی بڕیبوو تا بگاتە سنوورەکانی ھەولێر، ئەو دەیگوت: "مەسیحییەکان بەلای چەکدارانی داعشەوە کافرن و دەبێ بکوژرێن."
گوتیشی: "ئێمە وەک مەسیحییەکان ئامانجی داعشین و ئەوان ھەڕەشەی جدییان لەسەر ئێمە ھەیە، پێشتر چەندین مەسیحییان لە موسڵ کوشتبوو تەنھا لەبەر ئاینەکەیان، بۆیە ئێمە ھاتووینەتە ھەولێر تا بچینە لای ھاوئاینەکانمان، یان ھیچ نەبێ لای ئەو موسوڵمانانەی کە رێزمان دەگرن و نامانکوژن."