Sarmand Hameed
19 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2020
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد رایگەیاند، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵ دایە، ئەوەش بەهەوڵی بەردەوامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی رێنماییەکان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە و پابەندبوونی هاووڵاتییان بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە بووە.
شانەی قەیرانەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری بەغدا بە سەرۆکایەتی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکی شانەی قەیرانەکان، حەسەن کەعبی و بەشداری جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەشیر حەداد و ئەندامانی شانەی قەیرانەکان و میوانداری رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور کۆبووە و تێیدا باس لە رێکارەکانی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق کرا.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا بەشیر حەداد، وێڕای دەستخۆشی لە شانەی قەیرانەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، تيشكى خستووەته سەر كاروچالاكييەکانی رێکخراوی پزيشكانى بێسنوور له عێراق به گشتى و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی و رایگەیاندووە، "پەتای کۆرۆنا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵ دایە، ئەوەش بەهەوڵی بەردەوامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی رێنماییەکان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە و پابەندبوونی هاووڵاتییان بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە بووە".
بەشیر حەداد سوپاسی هەوڵە بەردەوامەکانی رێکخراوی پزیشکانی بێسنووریشی کردووە لە هاوکاریکردنی عێراق بە پێدانی پێداویستی پزیشکی و هاوکاری کارمەندانی تەندروستی و دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییە پێویستەکان و جێبەجێکردنی بەرنامەی راهێنان و پەرەپێدان و لێکۆڵینەوە تاقیگەییەکان.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد جەختیشی لەسەر پێویستی هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی پێویست بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووەتەوە، ئەوەش بەپێی رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی.