Heman Hussein Yaseen
28 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد لە هۆڵی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان وۆرکشۆپێکی ئەنجامدا کە ئامانج لێی کۆکردنەوەی دید و بۆچوونی سیاسیی و ئەکادیمیان بوو سەبارەت بە هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقی کە تیایدا سیاسەتوانان و شارەزایان بەشداربوون.
لە دەستپێکی قسەکانیدا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد گوتی: "لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستوور چوار مانگی لەپێشە بەپێی ماددەی ١٤٠ی دەستوور بۆ گەڵالەکردنی راسپاردەکان و دواتر پێشکەش بە پەرلەمانی عێراق دەکرێت و کاتێک دەنگی لەسەر درا ئینجا دەچێتە قۆناغی ریفراندۆم، لەمیانی کۆکردنەوەی را و بۆچوونەکاندا، پێمان باش بوو لە هەرێمی کوردستانیش لەنێو شارەزایان و پسپۆڕان و سیاسییەکان بۆچوونەکان وەربگرین و دواتر لە راپۆرتێکدا پێشکەیشی لیژنەکە بکەین".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەوەکردەوە کە دەستوور لە هەر وڵاتێکدا بەرزترین بەڵگەیە بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکان و چەسپاندنی بنەماکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، دەبێتە چەترێکیش بۆ پاراستنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و سیاسیی لە وڵاتدا، واتا گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییشە و گوتی:
"دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ نووسراوەتەوە و پێشتر یاسای ئیدارەی دەوڵەت هەبوو، دواتر دەستوور دەنگی لەسەردرا و ئەوانەی پێشتر هەڵوەشێندرایەوە تەنیا دوو ماددە نەبێت کە مادەکانی ٥٣ و ٥٨ کە لەناو دەستووردا جێیکراوەتەوە، بە بۆچوونی شارەزایان ئەم دەستوورە یەکێکە لە چاکترین دەستووری ناوچەکە، هەرچەندە وشکە، بەڵام لایەنی باشی زۆری تێدایە و باشبوونی دەستوور مانای ئەوە نییە کە ناکرێت هەموار نەکرێتەوە، لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان دەبێت دەستووریش بەپێی ئەو گۆڕانکارییە دەستکاری بکرێت، لەبەر ئەوە دەستکاریکردنی دەستوور شتێکی نامۆ نییە و دەستوور رێگای بەوە داوە".
بەشیر حەداد گوتیشی: "دەستوور بە مانای پێشکەوتن و فراوانکردنی ماف و ئازادییەکان و چەسپاندنی زیاتری مافی پێکهاتەکان، ئەگەر بۆ ئەمە بێت ئەمە پێویستە، بەڵام ئەگەر ئەم گۆڕانکارییە بووە هۆی ئەوەی سەقامگیری تێکبدات و مافی پێکهاتەیەک پێشێل بکات، ئەوکات مەترسیی هەیە و دەبێت ئاگاداری ئەوە بین، ئەم داواکردنە زیاتر سیاسیی بوو، لەسەرەتای خۆپێشاندانەکانی عێراق نەبوو، بەڵام دوای خۆپێشاندانەکان ئەم داوایە هاتە ئاراوە و، لەبەر ئەوەیشی کە شتێکی دەستوورییە، بۆیە دەبێت وەکو پەرلەمان رێککارە یاساییەکان بگرینەبەر، رەنگە هەندێک نیەتییان هەبێت بۆ گۆڕانکاری لە هەندێک بابەت، ئایا چەند ماددەیەک دەگرێتەوە یان هەمووی دەگرێتەوە، بۆخۆی لیژنەکەمان راسپاردووە لە دیباجەوە تا ماددەی ١٤٤ هەمووی پێداچوونەوەی بۆ بکەن و دواتر بزانن کام ماددەی پێویستی بە گۆرانکارییە و راسپاردەی خۆیان بدەن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بە داواکاری خۆپێشاندەران کرد و رایگەیاند کە جەخت لە نەمانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکرێتەوە و ناوبراو ئەو ئەنجوومەنەی بە تێوەگلان لە گەندەڵی پێناسە کرد و گوتی: "خۆپێشاندەران داوای ئەوە دەکەن کە ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە شارەکان نەمێنن. لە راستیدا لە زۆربەی شارەکانی عێراق نەک ئەڵقەیەکی زیادەیە بەڵکو تێوەگڵاوە لە گەندەڵی، سەیری شارەکانی هەرێم مەکە کە وەزعی ئەنجوومەنی پارێزگاکان باشە، بەڵام لە شارەکانی دیکە نەتوانراوە ئەو بوودجەیەی کە تەرخانکراوە بۆ شارەکان سوودی هەبێت و خەرج بکرێت، بەڵکو کۆمەڵێک گەندەڵی تێدا دەکرێت، ئەمانە هەمووی ئەو گلەییانەیە کە خەڵک دەیکات، بۆ بڕیاردان و جێبەجێکردنی داواکاری خەڵک پێویستە دەستکاری دەستوور بکرێت".
لە درێژەی قسەکانیدا بەشیر حەداد هۆشداری لەسەر هەندێک بڕگە و بابەتی ناو دەستووری عێراق دا و گوتی: "ئێمە پێش ئەوەی داکۆکی لە هەرێمی کوردستان بکەین، داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانی میللەتانی عێراق دەکەین، هاووڵاتییەکی ناسرییە و فەللوجە و نەجەف وەکو هاووڵاتییەکی هەولێر و سلێمانی-یە، لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە دەست ببردرێت بۆ مەسەلەی فیدرالییەت".
بەشیر حەداد گوتیشی: "ئەوەی ئێستا دەبێت خۆمانی بۆ ئامادە بکەین بریتییە لە، دیباجەکە کە دەڵێت "ان الالتزام بهذا الدستور يحفظ للعراق اتحاده الحر شعبا وارضا وسيادة"، رەنگە بیانەوێت ئەمە نەهێڵن، ماددەیەکی دیکە کە باسیان نەکردووە تا ئێستا و رەنگە نیازی گۆڕینییان هەبێت کە بریتییە لە "جمهورية العراق دولة اتحادية"، ئەمە بکەن بە شتێک کە زیاتر بۆنی مەرکەزیەتی لێ بێت، هەروەها ئەو شوێنەی کە دەڵێت زمانی عەرەبی و کوردی زمانی رەسمین رەنگە دەستکاری بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە ئەو دەسەڵاتانەی تەنها تایبەتن بە حکوومەتی فیدرال زیادی بکەن و هەندێک دەسەڵاتی هەرێم بگوازنەوە بۆ دەسەڵاتی فیدرالی".