Hemin Hüseyin
25 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2017
هەولێر-AA
لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە شاری ھەولێر وەک تەواوی مزگەوتەکانی دیکە، کاتژمێر ٥ و ١٥ خولەک نوێژی جەژن کرا و دواتر گوتاری جەژنی رەمەزان خوێندرایەوە و ئیمام و پێشنوێژی مزگەتەکەش ئاماژەی بەوە کرد کە جەژنی رەمەزان تایبەتمەندی خۆی ھەیە چونکە مانگی رەمەزان پڕە لە خێر و بەرەکەت و گەڕانەوە و لێخۆشبوون.
گوتار خوێن و پێشنوێژی مزگەوتی جەلیل خەیات، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد لە دەستپێکی گوتارەکەیدا دوعا و نزای بۆ شەھیدەکان و ھێزەکانی پێشمەرگە و بریندارەکان کرد و ھاوکات دەستخۆشی لە دەزگاکانی ئەمنیی کرد و کەناڵەکانی راگەیاندن کرد.
لە دەستپێکی گوتارەکەیدا، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد گوتی: "خودای گەورە مۆفەقی کردین کە مانگی رەمەزان بە سەرکەوتوویی تەواو بکەین و عیبادەت بکەین، کە ئەمە نیعمەتێکی خودای گەورەیە و پێویستی بە سوپاس و ستایش هەیە، لە خوای گەورە داواکارین کە نوێژ و تاعەتی هەموومان قبوڵ بکات و ئەوە رەمەزان تەواو بوو، ئەو مانگە پڕ خێر و بەرەکەتە رۆیشت، بەڵام دێتەوە، دیارنیە کە هاتەوە ئایا ئێمە لەگەڵی دەبین یان نا، بۆیە لەخوای گەورە داواکارین دوعا و نزاکانمان قبوڵ بکات و لە گوناهەکانمان خۆش بێت".
ئەو گوتارخوێنەی مزگەوتی جەلیل خەیات، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە دەستپێکی هەڵاتنی خۆر بکەینە رۆژێکی پڕ لە خۆشی و بە گیانێکی لێبوردیییەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەین و گوتی: "ئەم بەیانییە لەگەڵ هەڵاتنی خۆر با لێوەکانمان بە خەدندە و پێکەنین بێت بەرامبەر بە یەکتر و دڵمان پاک بێتەوە، بۆیە با گەردن ئازادی و لێبوردەیی لەیەکتر بکەینە دروشمی جەژن و هاموشۆی یەکتر بکەین و نەخۆشەکان بەسەر بکەینەوە و سەردانی ماڵی ئەوانە بکەین کە باوکیان لە سەنگەرەکانی بەرگرییە و ئەوانەی بەبێ باوک جەژن دەکەنەوە".
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد گوتیشی: "خەریکە خۆشی و شیرینی جەژنمان لێ تاڵ دەبێت و دەبینین ئەو ناوچانەی کە تیرۆریان لێ هەیە وەکو سووریا و شاری مووسڵ و بەتایبەتی ئەو شارانەی کە شەڕ و توندوتیژی و تیرۆری تێدایە و بە ئاگری زوڵم و ستەم و تیرۆر داپۆشراون و خەڵکەکەی بەچاوی پڕ لە گریانەوە جەژن دەکەنەوە، بۆیە ئێمەی موسڵمانان کە ئەمن و ئاسایشمان بەرقەرارە و پێویستە ئەو خوشک و برایانەمان لە شارەکانی دیکە لەبیر نەکەین و نزا بکەین کە خودای گەورە ئەو زەحمەت و ناخۆشییەیان لەسەر هەڵبگرێت، پێویستە ئەوەش بڵێین کە ئەو تیرۆریستانە نە بەها بۆ خوێنی مرۆڤ دادەنێن و نە بەها بۆ پیرۆزییەکان دادەنێن، ئەوەتا دەبینین مزگەوت دەتەقێننەوە و منارەی مزگەوت وێران دەکەن، تەنانەت دەستیان دەگاتە پیرۆزترین شوێنی موسڵمانان کە مەککە و مەدینەیە، بینیمان کە چەند شەو پێش ئێستا ویستیان هەوڵێکی تیرۆریستی لە کەعبەی پیرۆز ئەنجام بدەن، ئەگەر سەرکەوتووبوونایە ئەوا رەنگە سەدان و هەزارەها کەسی بێتاوان و عەمرەکاران خەڵتانی خوێن دەبوون. بەڵام خودای گەورە دەستی نەدان و داوا دەکەین لە هیچ شوێنێک دەستیان نەدات، چونکە ساڵی پاریش لە مزگەوتی پێغەمبەر "دروودی خوای لەسەربێت" چەندین کاری تێکدەرانەیان ئەنجامدا. ئەوانە هەمان ئەو بیرە توندڕەوانەن کە لە مووسڵ مزگەوت دەتەقێننەوە و پێش چەند ساڵێک لە هەولێریش دیسان کاری تیرۆریستییان ئەنجامدا و ئەوانە دوژمنی مرۆڤایەتین".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد تیشکی خستە سەر کێشە و ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستان و داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد کە هەرچی زووە کۆتایی بە ململانێی و ناکۆییەکان بێت و ئاماژەی بەوەشکرد کە هاووڵاتییان زۆر ئارامییان گرت و پێویستە رەچاوی هەڵوێستی هاووڵاتییان بکرێت و لە درێژەی گوتارەکەیدا گوتی: "داوا لە پارت و لایەنە سیاسییەکان دەکەم کە بەسە ئیتر ناکۆکی نێوان خۆتان چارەسەر بکەن و میللەت زۆر چاوەڕوانی کرد و چەند ساڵە لەو قەیران و بێ مووچەیی و برسییەتییە چاوەڕوانی ئێوە دەکات و لەمەودوا ئەگەر نەگەڕێنەوە و ناکۆکییەکانی خۆتان چارەسەر نەکەن و هەندێک لە داواکارییەکانی خۆتان لە یەکتر کەم نەکەنەوە، ئەوا ناچار دەبن بەرامبەر بێگانە داواکارییەکانتان کەم بکەنەوە، بۆیە داواکارین بە زووترین کات قەیرانی سیاسیی و ئابووری و ئیداری چارەسەر بکرێت و هەڵمەتی چاکسازی بەرەو پێشەوە بچێت و ئینجا بەرەو ریفراندۆم بچین و دەنگ بە بەڵێ بدەین کە ئەمە مافێکی سروشتی و ئایینی خۆمانە".
جێی ئاماژەیە ئەو رێوڕەسمە بە ئامادەبوونی پاریزگاری ھەولێر نەوزاد ھادی و بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەحمەد کانی و کۆمەڵێک بەرپرسانی حزبی و حکوومی بەڕێوەچوو کە تێێدا دوای تەواوبوونی گوتارەکەی جەژن، موسڵمانان لەناو ھۆڵی مزگەوت جەژنە پیرۆزەیان لەگەڵ یەکتر کرد کە تێیدا کۆمەڵێک ھاووڵاتییان لە ئاوارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش بەشداری رێورەسمەکە بوون و لەناو ئەوانیشدا وەزیری بەرگری پێشووی عێراقی، خالید عوبەیدی. ھەر لەو رێورەسمەدا ژنانیش لە ھۆڵێکی جیاوازەوە بەشداری ئەو بۆنەیان کرد
مزگەوتی جەلیل خەیات دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری ھەولێر کە ماوەی دروستکردنەکەی ١٠ ساڵی خایاند و منارە و زەغرەفەی ئیسلامی ھەیە، ئەمەش جوانییەکی بە مزگەوتەکە داوە و سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت و لە رۆژانی ھەینیدا زۆرترین خەڵک رووی تێدەکات.