Hemin Hüseyin
12 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2016
هەولێر- AA
لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە شاری ھەولێر وەک تەواوی مزگەوتەکانی دیکە، کاتژمێر 6 و 10 خولەک نوێژی جەژن کرا و دواتر گوتاری جەژنی قوربان خوێنرایەوە و ئیمام و پێشنوێژی مزگەتەکەش ئاماژەی بەوە کرد کە جەژنی قوربان تایبەتمەندی خۆی ھەیە چونکە جەژنی قوربان بووەتە ھۆی ئەوەی کە گیانی مرۆڤ نەبێتە قوربانی.
گوتار خوێن و پێشنوێژی مزگەوتی جەلیل خەیات، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد لە دەستپێکی گوتارەکەیدا دوعا و نزای بۆ شەهیدەکان و هێزەکانی پێشمەرگە و بریندارەکان کرد و هاوکات دەستخۆشی لە دەزگاکانی ئەمنیی کرد و کەناڵەکانی راگەیاندن کرد.
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد لە گوتارەکەی نوێژی جەژندا تیشکی خستە سەر تایبەتمەندییەکانی ئەو رۆژە و گوتی: "جەژنی قوربان بۆ موسڵمانان کۆمەڵێک خاسیەت و تایبەتمەندی گرنگی ھەیە چونکە لەم ئەم رۆژە وایکردووە مرۆڤ نەبێتە قوربانی و لەو رۆژەدا کاتێک خودا فەرمانی بە حەزرەتی ئیبراهیم کرد کە کوڕەکەی بکاتە قوربانی بەڵام پێش ئەوەی حەزرەتی ئیسماعیل ببێتە قوربانی، خودای گەورە ئاژەڵێکی لە ئاسمانەوە بۆ ناردە خوارەوە و فەرمانیدا کە ئەو ئاژەلە بکاتە قوربانی، ئەمەش بۆ ئەوەیە خودا پێمان بڵێت کە نابێت خوێنی مرۆڤ بڕژێت و ھاوکات یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو جەژنە ئەوەیە کە ئینسانی موسڵمان لەیەکتر دەبوورێت و رق و کینە لە دڵیدا نامینێت".
ئەو گوتارخوێن و پێشنوێژە ھیواشی خواست ئەو جەژنە ببێتە مایەی بەرقەراربوونی ئاسایش و ئاشتی و لە درێژەی گوتارەکەیدا گوتی: "ھیوادارین ئەم جەژنە ببێتە مایەی خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی بۆ ھاووڵاتیان و کۆتایی بە زوڵم و ستەمکاری بھێنرێت و ئیتر مرۆڤ نەبێتە قوربانی دەستی سیاسەتی خراپەکاران".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا دکتۆر بەشیر خەلیل ئاماژەی بە بنەماکانی ئایینی ئیسلام کرد کە تێیدا رەچاوی مافەکانی مرۆڤ کراوە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە ئایینی ئیسلام رەچاوی مافەکانی مرۆڤ کراوە بە تایبەت مافەکانی ژنان کە دەبێت هەموو پیاوێک پابەندی بنەماکانی مافی مرۆڤ بێت و هیچ کاتێک پێشێلی نەکات چونکە ئایینی ئیسلام بۆ بەرژەوەندی و خۆشگوزەرانی مرۆڤ دابەزیووە".
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد گوتیشی: "پێویستە دەستخۆشی لە مامۆستا و فەرمانبەران بکەین بەرامبەر خۆڕاگرییان کە بەهۆی شەڕ و ناخۆشییەوە ماوەی دوو ساڵە لە بارودۆخ و گوزەرانێکی ناخۆشدان و هاوکات هیوای ئەوە دەخوازین هەرچی زووە کۆتایی بەو بارودخە ناخۆشە بێت و میللەتەکەمان رزگاری بێت لەدەست نەهامەتییەکان".
جێی ئاماژەیە ئەو رێوڕەسمە بە ئامادەبوونی پاریزگاری هەولێر نەوزاد هادی و بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان عەلی حوسێن و کۆمەڵێک بەرپرسانی حزبی و حکوومی بەڕێوەچوو کە تێێدا دوای تەواوبوونی گوتارەکەی جەژن، موسڵمانان لەناو هۆڵی مزگەوت جەژنە پیرۆزەیان لەگەڵ یەکتر کرد کە تێیدا کۆمەڵێک هاووڵاتییان لە ئاوارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش بەشداری رێورەسمەکە بوون و هەر لەو رێورەسمەدا ژنانیش لە هۆڵێکی جیاوازەوە بەشداری ئەو بۆنەیان کرد.
مزگەوتی جەلیل خەیات دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری هەولێر کە ماوەی دروستکردنەکەی ١٠ ساڵی خایاند و منارە و زەغرەفەی ئیسلامی ھەیە، ئەمەش جوانییەکی بە مزگەوتەکە داوە و سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت و لە رۆژانی هەینیدا زۆرترین خەڵک رووی تێدەکات.