Zana Natık Kerem
16 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2017
بەغدا ــ AA
وەك ئاماژەیەک بۆ ئەو ریفراندۆمەی كە هەرێمی كوردستان بە نیازە لە ٢٥ی مانگی ئەیلوولی داهاتوو ئەنجامی بدات، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەلیم جبوری رایگەیاند کە بژاردەی ریفراندۆم دەبێت لە چوارچێوەی دەستووردا بێت.
لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە لە میانی پێشوازیكردنی لە شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم، سەلیم جبوری رایگەیاندووە، بژاردەی ریفراندۆم دەبێت لە چوارچێوەی دەستووردا بێت بۆ ئەوەی بەرژەوەندی و ئەو رەوشە رەچاو بكات كە ئێستا عێراق پیایدا تێپەڕدەبێت.
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتوویەتی: "ئێمە رێز لە ئاراستەی سەرجەم لایەنەكان دەگرین كە لەگەڵ دەستووردا بگونجێت، هەروەها ھەستی نیشتمانی پتەوتر بكات و سەقامگیری بپارێزت".
سەلیم جبوری ئەوەشی گوتووە: "بەدەستهێنانەوەی متمانە لە نێوان پێكهاتەكانی عێراق و كاراكردنەوەی هاوبەشەكان، گرنگییەكە کە دەبێت هەر ببێت بۆ تێپەڕاندنی بەرەنگارییەكان".
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاندووە كە گرنگە گفتوگۆكان بۆ وەلاوەنانی ناكۆكییە سیاسی و ئەمنییەكان لە نێوان سەرجەم لایەنەكان بەردەوام بێت كە بەرژوەندییەكان بۆ پاراستنی یەكێتی عێراق بەدی بهێنێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا، سەلیم جبوری جەختی كردەوە كە پێویستە هەمووان لە لێدوانە گرژییەكان دوور بكەونەوە و هەڵوێستێكی چارەنووسساز بگرنە بەر كە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەو ناوچانە هەبێت كە دانیشتوانەكانیان لە پێكهاتە جیاجیاكانن.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە چوارچێوەی سەردانەكەیان بۆ بەغدا، شاندی بەغدای ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەلیم جبوری كۆبوونەوە.