Muhammet Ali Kemal
16 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2017
مۆسکۆ- AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە هیوادارن ئێران لە رێککەوتننامە ناوەکییەکە نەکشێتەوە، راشیگەیاند ''چاوەڕێ دەکەین ئەمریکا پابەند بێت بەو لێپرسراوێتییانەی کە لەچوارچێوەی رێککەوتننامەکەدا دەکەوێتە ئەستۆی''.
سێرگی لاڤرۆڤ لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا بۆلیڤییەکەی، فێرناندۆ هواناکونی لە مۆسکۆ روونکردنەوەی دایە رۆژنامەوانان.
سێرگی لاڤرۆڤ هەڵسەنگاندنی بۆ گوتەکانی سەرکۆماری ئێران، حەسەن رۆحانی کرد کە رایگەیاندبوو ''ئەگەر بێت و ئیدارەی نوێی ئەمریکا نیازی ئەوەیان هەبێت بۆ سزا و فشارەکانی بەر لە رێککەوتننامە ناوەکییەکە بگەڕێنەوە، ئێمەش دوودڵ نابین لەوەی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بگەڕێینەوە بۆ دۆخی بەر لە رێککەوتننامەکە و تەنانەت دۆخێکی پێشکەوتووتر لەو دۆخەی هەبوو'' و رایگەیاند ''هیوادارن ئێران لە رێککەوتننامە ناوەکییەکە نەکشێتەوە''.
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد ئەوان خوازیارن ئەمریکا پابەندی لێپرسراوێتییەکانی لەچوارچێوەی رێککەوتننامەکەدا بێت و گوتی: ''سزاکانی ئەمریکا، رەنگە ببنە هۆی زیان گەیاندن بەو هاوسەنگییانەی کە لە ئەنجامی رێککەوتننەکە هاتوونەتە ئاراوە. سەبارەت بە رێککەوتننامەیەک کە کاریگەریی لەسەر رووبەرێکی فراوانی جوگرافیی هەیە، پێویستە خۆیان لە مامەڵەی ئیستیفزازیی لەشێوەی سزادان، بە دوور بگرن''.
سێرگی لاڤرۆڤ باسی لەوەشکرد کە دایەلۆگی نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا نەرمیی پێوە دیارە و گوتی: ''جگە لەوەی بە شێوەیەکی ئەرێنیی پێشوازیی لەو بەرەوپێشچوونە دەکەین، دەمانەوێت بیر لەوە بکەینەوە کە لایەنەکان ئارام بوونەتەوە''.