Zana Natık Kerem
20 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2016
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، دادوەر عەبدولستار بەیرەقدار رایگەیاند "بەتۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ وڵاتێكی بیانی و ئاسانكاریكردن بۆ هاتنی هێزەكانی توركیا و دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازی لە ناوچەی زلیكان باكووری پارێزگای نەینەوا، رۆژی 21ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2015 سێ پەرلەمانتاری پارێزگای نەینەوا سكاڵای یاساییان لەدادگای ناوەندنی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەسیل نوجەیفی تۆمار كرد".
لە بەیاننامەیەكدا، عەبدولستار بیرەقدار ئاماژەی بەوە كردووە کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە دوو لە شاهیدەكان لە سەربازگەكەوە هاتن و لەبەردەم دادگا بەڵگەی باوەڕپێكراویان پێشکەش کرد، هەروەها گوتەی خۆیان تۆمار کرد و دادگاش بەڵگەنامەی فەرمی و وێنەی ناو سەربازگەكەی دەست كەوتووە كە بوونی هێزی توركیا لە زلیكان باكووری مووسڵ بەدەست گەیشتووە.
لە بەیاننامەكدا بەیرەقدار ئەوەی خستووەتەڕوو، لێكۆڵینەوەكانی دادوەریی و كۆكردنەوەی بەڵگەكان لە ماوەی نێوان پێشكەشكردنی سكاڵاكان و ئامادەبوونی شاهیدەكان بەردەوام بووە و ئەم پڕۆسەیەش 10 مانگی خایاندووە كە بەپێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان، بڕیاری دادوەری بۆ دەستگیركردنی ئەسیل نوجێفی دەركراوە كە ئێستا بە یاسای سزادانی عێراقی بە تاوانی سیخوڕیكردن بۆ وڵاتێكی بیانی، تۆمەتبارە.
ئەسیل نوجێفی كە پێشتر پارێزگاری مووسڵ بوو ئێستا فەرماندەی هێزەكانی پاسەوانانی نەینەوایەوە كە پێشتر ناوی حەشدی نیشتمانی بوو.