hemn husain
01 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2016
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر سەربە ئەنجوومەنی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، دەستگیركردنی گرووپێكی تیرۆریستی راگەیاند كە ژمارەیان 4 كەسە و تەواوی دانپێدانانەكانیشیان بڵاوكردووەتەوە. ئەو گرووپە تیرۆریستییەی داعش، لە ٥/٥/٢٠١٤ ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان لە بەردەم چێشتخانەی جەنەت ئەلعێراق لە قەزای دووز تەقاندووەتەوە، لە مانگی شەشی هەمان ساڵدا، بۆمبێكی چێنراویان لە رێگای كەركووك - بەغدا تەقاندووەتەوە، لە رێكەوتی١٠/٢/٢٠١٦ لە شەقامی عەبدولرەحمانی گەڕەكی یەكی حوزەیرانی شاری كەركووك، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان تەقاندووەتەوە، لە رێكەوتی ١٠/٣/٢٠١٦ لە هەمان گەڕەك، ئۆتۆمبێلێكی دیكەیان بە كاروانێكی پۆلیسی فریاكەوتنی كەركووكدا تەقاندووەتەوە.
هەردوو تیرۆریست، تارق حبیب محەمەد عەبدوڵڵا و شەهاب ئەحمەد لوفتە عوبەیدی لە ١٥/٤/٢٠١٦ بە دەمانچەی بێدەنگ هەستاون بە تیرۆركردنی فائق فەخری رەغیان پێشنوێژی مزگەوتی سەفا لە شاری كەركووك لەوكاتەی كە بۆ نوێژی بەیانی چووەتە مزگەوت.
تیرۆریست وەتبان محەمەد خەلەف سلێمان جبوری كە پیشەی پارێزەر بووە، پارێزەری دوو تیرۆریستی زیندانیكراو بووە و بەڕێگای نایاسایی تیرۆریستەكانی ئازادكردووە، دواتر هەر لە رێگای ئەو دوو تیرۆریستە ئازادكراوە چووەتە حەویجە و بەیعەتی بە داعش داوە و وەك پارێزەر كاری كردووە بۆ ئازادكردنی تیرۆریستە زیندانیكراوەكانی داعش لە كەركووك.
وەك خۆی دەڵێت، ئامری ئەو مەفرەزەیەی كە گرووپێكی تیرۆریستی لەخۆ گرتبوو، تیرۆریستێكە بە ناوی تارق حەبیب محەمەد عەبدوڵڵا و لە دانپێدانانەكانیدا دەڵێت: "لە دایكبووی ساڵی 1992ی پارێزگای دیالەم، خێزاندارم و چوار منداڵم هەیە، لە ساڵی 2007 پەیوەندیم بە دەوڵەتی ئیسلامی كرد، بەرپرسی راستەوخۆمان ئەبوو فالح بوو، كاری ئێمە ئامادەكردنی بۆمب بوو لە دژی هێزەكانی ئەمریكا و عێراق، دواتر لەسەر فەرمانی ئەبو فالح چووینە كەرتی كەركووك - دووز، لەوێ بەرپرسەكەمان ناوی ئەبو حەسەن بوو، من و ئەحمەد لەناو دووز ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراومان ئامادە كرد، پاشان ئەو ئۆتۆمبێلەمان بردە چێشتخانەی جەنەت ئەلعێراق كە هێزەكانی عێراق هاموشۆی ئەو شوێنەیان دەكرد، پاشان ئۆتۆمبێلەكەمان بە هێزەكانی عێراقدا تەقاندەوە كە لەناو چێشتخانەكەدا بوون، پاش ماوەیەكی دیكە ئۆتۆمبێلێكی دیكەمان ئامادە كرد و لە رێگای دووز – تكریت تەقاندمانەوە، پاشان چوومە كەركووك و لەوێش ئەبو ئوسامە بەرپرسی ئێمە بوو، پۆستی ئامر مەفرەزەی پێدام، هەریەك لە تاهیر و شەهاب و حەمیدم لەگەڵ بوو، لەوێ ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراومان ئامادە كرد و لەناوەڕاستی دوو سایدەكە تەقاندمانەوە، دواتر بەرپرسەكەمان دەمانچەی بێدەنگی پێداین، بۆ كوشتنی ئەبو هەدیل كە بانگبێژی مزگەوتی سەفا بوو، رۆژانە چاودێریمان دەكرد و بەیانییەك كاتژمێر چوار من و شەهاب بە ماتۆڕسیكلێك بووین و تەقەمان لێی كرد، لە رۆژی 15/4/2016 لە گەڕەكی یەكی حوزەیران تیرۆرمان كرد، دواتر من و شەهاب و تاهیر، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراومان لە شەقامی عەبدولرەحمان بە كاروانێكی پۆلیسدا تەقاندەوە، پاشان پارە و كەلوپەلیان بۆ ناردین بۆ ئەوەی ماتۆڕسیكلی پێ بكڕین و ئامادەمان كرد بۆ ئەوەی لەناو كەركووك بیتەقێنینەوە، بەڵام كردەوەكەمان جێبەجێ نەكرد و لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراین".
تیرۆریستی دووەم ناوی شەهاب ئەحمەد لەفتەیە و لەدایكبووی ساڵی 1982ی ناحیەی دۆرەی سەر بە پاریزگای سەڵاحەددینە و لە دانپێدانانەكەیدا دەڵێت: "لە كەرتی دیالە پەیوەندیم بە دەوڵەتی ئیسلامی كرد و بەیعەتم بە ئەبو عەدنان دا كە ئامر كەرتی دیالە بوو، من لە گرووپێك بووم كە 14 كەس بووین، ئامر مەفرەزەكەشمان ئەبوو عەبدوڵڵا بوو، پاشان هاتمە كەركووك و پەیوەندیم بە كۆمەڵێك كەسەوە كرد كە ژمارەیان 4 كەس بوو، ئامر مەفرەزەكەم ناوی تاریق بوو، مەفرەزەكەش لە من و تاهیر و حەمید پێكهاتبوو، یەكەمین كردەوەمان كوشتنی شێخ فایەق بوو، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی سەفا، لە رێگای ماتۆڕسیكلێك كە من شوفێریم دەكرد و تاریق لە دوامەوە بوو بە دەمانچەی بێدەنگ تەقەی لێكرد، دوای ماوەیەكی دیكە ئۆتۆمبێلێكمان وەرگرت و ناوی من بوو بە ئەبو موڕتەزا كە پێشتر لە دیالە بە ئەبو عومەر بانگییان دەكردم، ئەو ئۆتۆمبێلە كە لە جۆری ئۆپڵ بوو، بە پۆلیسی كەركووكماندا تەقاندەوە، پاشان خەریك بوو ماتۆڕسیكلێك بۆمبڕێژ بكەین و بەر لە ئەنجامدانی كردەوەكە، لەلایەن هێزەكانی ئاسایش دەستگیركراین".
تیرۆریستی سێیەم كە پارێزەرێك بووە بەناوی وەتبان محەمەد خەڵەف سلێمان جبووری، لەدایكبووی 1976ی قەزای حەویجەی سەربە پاریزگای كەركووكە و ئەركی ئازادكردنی ئەو تیرۆریستانە بووە كە لە زیندانەكانی كەركووك لەلایەن هێزەكانی ئەو شارەوە دەستگیركراون و لە دانپێدانانەكانیدا دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی كە پارێزەر بووم، كاتێك كە دەوڵەتی ئیسلامی هاتنە ناو حەویجە، من رۆیشتم بۆ كەركووك، پاشان بریكارەكانم بەناوەكانی موزەفەر مەحموود حوسێن و ئیبراهیم حەمید جەلعود لە رێگای دادگاوە ئازاد بوون، دوای دوومانگ پەیوەندییان پێوەكردم و منیش چوومە لایان لە قەزای حەویجە، ئەوكات شێخێك لەگەڵیان بوو بەناوی ئەبو عەلی كە بەرپرسی دیل و بێسەروشوێنەكانی دەوڵەتی ئیسلامی بوو، منیش بەیعەتم پێدا و هاتم لە كەركووك كار لەسەر ئەوانە بكەم كە زیندانی كراون بۆ ئەوەی ئازادیان بكەم و لە چوارچێوەیەشدا ناوی 20 زیندانییان پێدام، دواتر 15 هەزار دۆلاریان پێدام لەبەرامبەر ئازادكردنی راگیراوانی ناو گرتووخانەی تەسفیراتی كەركووك".
تیرۆریستی چوارەم تیرۆریستێكە كە لە رێگای باوكییەوە پەیوەندی بە گرووپە تیرۆریستییەكان كردووە و ناوی جاسم ئەحمەد محەمەد زیاد عوبەیدییە و لەدایكبوونی ساڵی 1994یە و نیشتەجێی گەڕەكی عەسكەری پارێزگای كەركووكە و ئەویش لە دانپێدانانەكانیدا دەڵێت: "لە ساڵی 2015 بەیعەتم بە دەوڵەتی ئیسلامیدا لە رێگای باوكم و ئەوانەی لەگەڵی زیندانیكرابوون، ژمارەی تەلەفۆنی ئەبو مەحموودی پێدام كە لە حەویجە بوو، دواتر لە رێگای مۆبایل پەیوەندیم كرد و چوومە لای لە حەویجە، لەوێ لەسەر بەكارهێنانی چەك راهێنانی سەربازیم لە ناوچەی ریاز كرد و پاشان گەڕامەوە كەركووك، پەیوەندی من و ئەبو مەحموود بە زیندانیكراوەكان بەردەوام بوو كە بزانین پێویستییان بەچی هەیە، وەك پارە و سیمكارت و بازاڕكردن و كە من ئەوانەم بۆیان دەبرد، هەر لە رێگای دەوڵەتی ئیسلامییەوە من پەیوەندیم بە پارێزەر وەتبان كرد، بۆ ئەوەی بە پارە باوكم لە زیندان ئازاد بكات، دواتر هێزەكانی ئاسایش منیان دەستگیر كرد".
لەكاتێكدا ئەو گرووپە ئامادەكارییان كردبوو بۆ كردەوەیەكی تیرۆریستی، لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزەكانی سەربە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەستگیر كران و دەستگیرا بەسەر دەمانچەیەكی بێدەنگ و دوو بۆمبی دەبابە و دوو بۆمبی چێنراو و چەندین كەپسوولی تی ئێن تی و پلانەكەیان پووچەڵكرایەوە.