جيهان

ھاکان فیدان: "پێویستە وڵاتانی ناوچەکە ڕێوشوێن دژبە سیاسەتی فراوانخوازیی ئیسرائیل بگرنەبەر"

وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان ڕایگەیاند: "بەردەوام دەبین لە دژایەتیکردنی بەردەوامی کومەڵکوژی لە غەززە و لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا بە ئیسرائیل، ھەروەھا ھەوڵدەدەین دەوڵەتی فەڵەستین دابمەزرێنین".

Muhammet Tarhan, Damla Delialioğlu, Ahmet Kartal, Aladdin Mustafaoğlu  | 19.09.2025 - نوێکردنەوە : 19.09.2025
ھاکان فیدان: "پێویستە وڵاتانی ناوچەکە ڕێوشوێن دژبە سیاسەتی فراوانخوازیی ئیسرائیل بگرنەبەر"

Istanbul

ئیستانبوڵ ــ AA

وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان داوای لە وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە بە ھاوبەشی ڕێوشوێن دژ بەو سیاسەتە فراوانخوازانەی کە ئیسرائیل لە ناوچەکەدا پەیڕەوی دەکات، بگرنەبەر.

ھاکان فیدان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی "MBC"ی میسری باسی لە پێشھاتەکانی ئێستای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرد.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی لووتکەی نائاسایی ھاوبەشی ڕێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی-کۆمکاری عەرەبی کە لە دۆحە بەڕێوەچوو، گوتی: "من لەو باوەڕەدام کە لووتکەکە، بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتێکی عەرەبی جگە لە فەڵەستین سازکرابوو".

گوتیشی: "لووتکەکە تیشکی خستە سەر فراوانخوازیی ئیسرائیل لە ناوچەکە کە لە کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتیدا دۆکیۆمێنت کراوە، ھەروەھا داوای لە وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە ڕێوشوێن دژبە ئەو سیاسەتەی ئیسرائیل بگرنەبەر کە بەڕای من گرنگترین دەرئەنجامەکانی لووتکەکەیە".

ھاکان فیدان سەبارەت بەوەی کە ئایا ھەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکە لە ئێستادا لە بری غەززە یان دۆزی فەڵەستین، گفتوگۆی لەبارەیەوە دەکرێت ، ئەوا ڕایگەیاند: "بەردەوام دەبین لە دژایەتیکردنی بەردەوامی کومەڵکوژی لە غەززە و لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا بە ئیسرائیل، ھەروھا ھەوڵدەدەین دەوڵەتی فەڵەستین دابمەزرێنین".

گوتیشی: "ئەمە بنمایە بۆ ئاشتی ناوچەکە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئێمە وەک وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت گفتوگۆ لەسەر سیاسەتە فراوانخوازەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە بکەین و ڕێوشوێن لە دژی بگرینەبەر، ئەمە زۆر گرنگە".

ھەروەھا وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا ھەندێک جار لەو سیاسەتەی ئیسرائیل بەشدارن و جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئەم ھاوکێشەیە لەناوچەکەدا، بگۆڕدرێت.

گوتی: "ھەر کاتێک ئیسرائیل ناڕاستەوخۆ شکستی بھێنێت لە دروستکردنی دۆخێکی ناسەقامگیری، ئەوا دەستێوەردانی سەربازی لە ناوچەکەدا دەکات".

ئاماژەی بەوەشدا: "بێگومان ئێستا ئیسرائیل بە ڕوونی نیازەکانی ئاشکرا کردووە، ئیسرائیل ھەموو مەترسییەکانی لێکداوەتەوە و فراوانخوازی خۆی لە ناوچەکە بە سیاسەتێک کردووە کە دۆزی فەڵەستینی تێپەراندووە".

ھۆشداریدا لەوەی ئەم سیاسەتە فراوانخوازییە، لەلایەن ژیرەکانی ئیسرائیلەوە ڕەتدەکرێتەوە، لە کاتێکدا ھەموو لایەنەکان دەتوانن بە ئاشتی بژین، گرتنەبەری سیاسەتی فراوانخوازی وەک ستراتیژێکی ئەمنی بۆ ھەمووان مەترسیدارە.

ھاکان فیدان لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا دەتواندرێت پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی وەستاندنی کۆمەڵکوژی لە غەززە بەکاربھێندرێت، ئەوا گوتی: "سەرکۆماری وڵاتەکەمان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەشێکی زۆری کاتەکانی خۆی بۆ دیپلۆماسی نێودەوڵەتی تەرخان دەکات لە پێناو وەستاندنی کۆمەڵکوژی لە غەززە".

گوتیشی: "لە سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکادا واقیعێک ھەیە کە دەیان ساڵە جێگر بووە، ئەوەیش ئەوەیە کێ کۆنترۆڵی کێ دەکات؟ کێ ئاراستەی کێ دەکات؟ ڕووداوەکانی ئەم دواییە دەریانخستووە کە ئەمریکا لە ڕاستیدا ئەو کاریگەرییەی نییە کە پێشبینی دەکرێت لە داڕشتنی سیاسەتی ئیسرائیلدا ھەیبێت، لەوانەیە پێچەوانەکەی ڕاست بێت".

ھاکان فیدان لە وەڵامی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ میسر و سعوودیە، ئەوا گوتی: "پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە لە ڕووی بازرگانی و سیاسییەوە، ئاسایی بوونەتەوە".

گوتیشی: "تورکیا ھاریکارییەکانی لەگەڵ سعوودیە لە بواری پیشەسازییەکانی بەرگرییدا، بەردەوامە".

ڕاشیگەیاند: "تورکیا ھەر لەبارەی ئەو پرسە لە گفتوگۆکانی لەبارەی ئەو پرسەوە لەگەڵ میسر، بەردەوامە".

ئاماژەی بەوەشدا: "تورکیا بەھێندەی ئەوەی کە پێویستی بە گفتوگۆکردنە لەسەر پرسە ئابووری و بازرگانی و تەکنەلۆژییەکان، ھەروەھا پێویستی بەوەیە کە پرسی ئاسایش بە ھاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت میسر و سعوودیە تاوتوێ بکات".

وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان لەبارەی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، ئەوا گوتی: "لەئێستادا، گەورەترین ھەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری سووریا، ئەگەری ئەنجامدانی ھێرشە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆسەر سووریا، چونکە پێشتر ئیسرائیل نیازی خۆی لەم بارەیەوە ئاشکرا کردووە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın