Zana Natık Kerem
02 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2019
قودس ــ AA
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، پۆلیسی ئیسرائیل دەستی وەردایە دەربڕینی ناڕەزایەتی بە کۆمەڵی نوێژخوێنان کە کاردانەوەیان نیشان دەدا بەرامبەر ھەڵکوتانە سەر حەوشەی مزگەوتی ئەقسا لە لایەن جوولەکەکانەوە.
فەرمانگەی ئەوقافی ئیسلامی رایگەیاند، دوای کردنەوەی دەرگای مەغاریبە لە لایەن پۆلیسی ئیسرائیلەوە، ژمارەیەکی زۆری جوولەکە ھەڵیانکوتایە سەر حەوشەی مزگەوتی کە ئەوەش ناڕەزایەتی نوێژخوێنانی لێکەوتەوە.
ئاماژە بەوەشدرابوو کە لە میانی ناڕەزایەتی دەربڕینەکەدا، پێکدادان لە نێوان نوێژخوێنان و پۆلیسی ئیسرائیلدا روویدا.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری مزگەوتی ئەقسا، عومەر کەسوانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ گرووپی جوولەکە ھەڵیانکوتاوەتە سەر مزگەوتی ئەقسا.
عومەر کەسوانی راشیگەیاندووە کە ھاوکات، شەش نوێژخوێن لە لایەن پۆلیسی ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون.
بەڕێوەبەری مزگەوتی ئەقسا ئاشکراشیکرد کە پۆلیسی ئیسرائیل پەلاماری نوێژخوێنانی لە مزگەوتی ئەقسا داوە و بە ھۆیەوە ژمارەیەک لە نوێژخوێنان برینداربوون.
بەڕێوەبەری مزگەوتی ئەقسا، عومەر کەسوانی بەرپرسیاریەتی پەلاماردانی نوێژخوێنان لە مزگەوتی ئەقسا خستووەتە ئەستۆی حکوومەتی ئیسرائیل و گوتوویەتی: "ئەوەی روویداوە ھیچ مافێک نادات بە داگیرکار لە مزگەوتی ئەقسا و لای خۆمانەوە بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە خۆمان و مزگەوتی ئەقسا".
ناوبراو بانگەوازی لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کردووە کە بەرپرسیاریەتی خۆیان لە بەرامبەر ئەوەی لە مزگەوتی ئەقسا روودەدات و پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل، جێبەجێ بکەن و بێ دەنگ نەبن.