Rewa Mahmood Hasan
21 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2020
سلێمانی - AA
لەگەڵ بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کردنەوەی مزگەوتەکان، لەو پارێزگایانەی کە ئەنجامدانی نوێژی هەینی و بەکۆمەڵ هەڵپەسێردرابوو، ئەمڕۆ هەینی ٢١ی ئاب بەڕووی موسڵمانان و نوێژخوێناندا کرانەوە.
لەگەڵ ئەوەی لە پارێزگای سلێمانی لەدوای جەژنی قوربانەوە دەرگای مزگەوتەکان بەڕووی نوێژخوێناندا کراوەیە، بەڵام لەپارێزگای هەولێر ئەمڕۆ دوای بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ تەواوی مزگەوتەکان کرانەوە، ئەویش بە مەرجی پابەند بوون بە رێنماییە تەندروستییەکان.
مزگەوتی دارالسلام لە شاری سلێمانی یەکێکە لەو مزگەوتانەی پێش ڤایرۆسی کۆرۆنا قەرەباڵغیەکی زۆری پێوە دیاربوو، بەڵام ئێستاو بەهۆی پابەندی بە رێنماییەکانەوە رێگە نادرێت بە دروست کردنی قەرەباڵغی و لەیەک نزیک بوونەوەی نوێژخوێنان، ئەویش بەئامانجی رێگری کردن لە بڵاو بوونەوەی پەتای جیهانی کۆرۆنا.

گوتاربێژی مزگەوتدارالسلام، دكتۆر عیرفان ڕهشید لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە مزگەوتەکان لە جەژنی قوربانەوە بۆ نوێژی هەینی بەڕووی موسڵماناندا کراوەتەوە تەنیا پیاوان نوێژی هەینی تێدا دەکەن و هێشتا بەڕووی ئافرەتان و منداڵاندا نەکراوەتەوە و گوتی، "ئێمە لە مزگەوتەکەی خۆمان یاسایەک پەیڕەو دەکەین کە هەوڵ دەدەین هەتا بتوانین مەودای نێوان کەسێک بۆ کەسێکی تر لەیەک مەتر زیاتر بێت و لە دەرەوەی مزگەوتەکە ماددەی تەعقیممان داناوە، چەند جارێکیش دەستکێش و دەمامکمان دابەش کردووە بە سەر نوێژخوێناندا، هەندێک جاریش ئامۆژگاری نوێژخوێنان دەکەین کە پێویستە مەودای یەکتری بپارێزن و لەیەک نزیک نەبن، هاوکات پێیان دەڵێین ئەوانەی هەست بە بوونی نەخۆشیەک دەکەن لە جەستەیاندا، بۆ ماوەیەک سەردانی مزگەوت نەکەن تا ئەوکاتەی چاک دەبنەوە، ئومێد دەکەین مزگەوتەکانی تر پەیڕەوی هەمان خاڵ بکەن، چونکە مزگەوتەکان شوێنی گشتین".

لەمزگەوی دارالسلام ئەوەی بەدی دەکرێت جگە لەوەی نوێژخوێنان زۆرێک لە رێنماییە تەندروستییەکان پەیڕەو دەکەن، هاوکات هێڵیان بۆ کێشراوە تاوەکو هێڵەکان نەبەزێنن لەکاتی نوێژ کردنداو بەو جۆرە مەودای کۆمەڵایەتی دەپارێزن.
نوێژ خوێنێک لە مزگەوتی دارالسلام، حاجی ئهبوبهكر حهمه عهلی لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان بەڕووی موسڵماناندا کارێکی زۆر باشە، چۆن خۆراک بۆ جەستە پێویستە نوێژ کردنیش بەهەمان شێوە خۆراکی رۆحە، دەستخۆشی دەکەین بۆ کردنەوەی بەڵام دەکرێت رێنماییە تەندروستییەکان وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و سەفەکان رێکبخرێت و مەودای کۆمەڵایەتی بپارێزرێت.