Ramal Mahmood
16 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2016
سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند کە تورکیا و رووسیا رێککەوتوون بۆ بەردەوامیدان بۆ رەخساندنی زەمینەسازییەکی نوێ لە ئاستانا ئەگەر لایەنە شەڕکەرەکانی سووریا بەوە رازی بن.
دوای کۆبوونەوەی پوتین لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن شینزۆ ئابێ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشییان ئەنجامدا، پوتین وەڵامی ئەو پرسیارانەشی دایەوە کە لە بارەی سووریاوە ئاراستەی کران.
پوتین لەبارەی دوا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە گوتی: "دوێنێ لە رێگای تەلەفۆنەوە لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رێکەوتین لەسەر ئەو پێشنیازەی کرابوو بۆ کۆبوونەوەی ئاشتی لایەنە شەڕکەرەکانی سووریا لە ئاستانای پایتەختی کازاخستان و رەخساندنی زەمینەیەکی نوێ لەمبارەیەوە. ئێمە پێشنیاز بۆ ئیدارەی سووریا و تورکیا و سەرکۆماری تورکیاش پێشنیاز بۆ نوێنەری ئۆپۆزسیۆنی چەکدار دەکەن. لە دۆخێکدا ئەگەر لایەنە شەڕکەرەکان بەو پێشنازە رازی بوون، ئەوا داوا لە سەرۆکی کازاخستان نورسوڵتان نازاربایەڤ دەکرێت پشتگیری ئەو قۆناغە بکات".
پوتین سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە ئەو زەمینەسازییە پلاتفۆرمێک نییە لە دژی کۆبوونەوەکانی جنێف، بەڵکو پلاتفۆرمێکە بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەکانی جنێف، تیشکیشی خستە سەر ئەوەی باشترین چارەسەر چارەسەری سیاسییە بۆ ئەم رەوشەی سووریا.
پوتین بە بیری هێنایەوە کە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سووریا پێشتر لەگەڵ ئەنقەرە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی گرووپە چەکدارەکان حەلەب جێبهێڵن و لەمبارەیەوە گوتی: "وەک دەبینرێت ئەو رێککەوتنانە جێبەجێ دەکرێن کە لە میانی سەردانی سەرکۆماری تورکیا بۆ سانت پیتەرزبورگ لەسەری رێککەوتووین. ئێمە بەر لە هەموو شتێک بۆ پاراستنی گیانی سوورییەکان لەگەڵ تورکیا رێککەوتین کە گرووپە چەکدارەکان چەکەکانییان دابنێن و لە حەلەب بگوازرێنەوە".
پوتین جەختی لەوە کردەوە دوای رزگارکردنی حەلەب بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشەکە لە قۆناغی دواتردا ئاگربەست رابگەیەندرێت. هەروەها کەوتنی پالمیراشی بۆ نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و سوپای سووریا گەڕاندەوە.