Muhammet Nazım Taşcı
24 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2021
ئیسلام ئاباد - AA
بەمەبەستی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی یاسادانان، سبەی یەکشەممە، دەنگدەرانی هەرێمی ئازاد جاموو و كەشمیر باکووری رۆژهەڵاتی پاکستان، روو لە بنکەکانی دەنگدان دەکەن.
لەو هەڵبژاردنەدا کە سێ ملیۆن ٢٠٠ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، ٣٢ پارت بە زیاتر لە ٧٠٠ کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ٤٥ کورسی ئەنجوومەنەکە کە لە ٥٣ کورسی پێکهاتووە، ئەو هەشت کورسییەی دیکە کە دەمێنێتەوە پێنجیان تەرخان کراوە بۆ ئافرەتان، سیانیان بۆ زانایانی ئایینی، تەکنۆتکاران و ئەو کەسانەی لە دەرەوەی کەشمیر نوێنەرایەتی کشمیریەکان دەکەن.
لەو ٤٥ کورسیەش ١٢یان تەرخانکراوە بۆ ئەو ٤٦٤ هەزار کشمیریەی کە لە دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی پاکستان لە ساڵانی ١٩٤٧ و ١٩٦٥دا لە هیندستانەوە کۆچیان کردووە بۆ پاکستان و لەوێ نیشتەجێ بوون. ئەو پەنابەرانە کە بە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە دەنگ بەو ١٢ کەسە دەدەن کە لە ئەنجوومەنەکەدا نوێنەرایەتی خۆیان دەکات.
لە لایەکی دیکەوە لە کۆی زیاتر لە ٧٠٠ کاندید کە لەو هەڵبژاردنەدا کێبڕکێ دەکەن، ٢٠یان ئافرەتن.
ئەو پارتەی لەو هەڵبژاردنانەدا لانیکەم ٢٧ کورسی بەدەست بهێنێت، دەتوانێت حکوومەت پێکبهێنێت.
لەو هەڵبژاردنانەی کە لە ساڵی ١٩٧٥ەوە تا ئێستا لە هەرێمی ئازاد جاموو و کەشمیر ئەنجامدراون، ئەو پارتەی ئیسلام ئابادی بەڕێوەبردووە لەو هەڵبژاردنانەشدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.