جيهان

وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا: "لە سووریا فێدڕاڵیزم و لامەرکەزی سیاسی بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە"

- وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا هەمزە مستەفا: "ڕۆژەڤی فێدڕاڵیزم و لامەرکەزی سیاسی لە سووریا بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە. ئەگەر هەسەدە نایەوێت و یان ناتوانێت ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ بکات پێویستە ڕایبگەیەنێت. هیچ بەدیلێک نییە بۆ ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئادار".

Muhammed Karabacak  | 07.12.2025 - نوێکردنەوە : 07.12.2025
وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا: "لە سووریا فێدڕاڵیزم و لامەرکەزی سیاسی بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە"

Damascus

دیمەشق - AA

وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا هەمزە مستەفا ڕایگەیاند، لە وڵاتەکەی ڕۆژەڤی فیدڕاڵیزم و لامەرکەزی سیاسی بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە و جەختی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئاداریش کردەوە.

وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا هەمزە مستەفا لە یەکەمین ساڵی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، لە دیمانەیەکەدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی وڵاتەکەی کرد.

هەمزە مستەفا لەو دیمانەیەدا لەسەر پرسە سیاسی و تەناهییەکانی وڵاتەکەی دوا و هەروەها لەبارەی گرنگی ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئادار لەگەڵ هەسەدە دوا.

وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئاداری بە "دەرفەتێکی مێژوویی بۆ یەکێتی و سەروەری سووریا" لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند، هەسەدە پابەندی ئەو ڕێککەوتنە نەبووە و سەردەستەی ڕێکخراوەکە مەزڵوم عەبدی لەسەرەتادا ڕازی بووە بەڵام دواتر بە کوشتنی کات و یاری سیاسی، خۆی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە دزیوەتەوە.

هەمزە مستەفا سەردانی عەبدی بۆ هەولێری لە ژێر گوشاری هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپی بە "خوێندنەوەیەکی سیاسی هەڵە" باس کرد و گوتی لە جیاتی ئەوەی سەردانی دیمەشق بکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەتننامەکە، سەردانی هەولێری کرد و گوتی: "هەڵەیەکی گەورەی خوێندنەوەی سیاسی ئەنجام دا".

ڕاشیگەیاند کە هیچ بەدیلێک نییە بۆ ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئادار و گوتی: "ڕۆژەڤی فێدڕاڵیزم و لامەرکەزی سیاسی لە سووریا بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە. ئەگەر هەسەدە نایەوێت و یان ناتوانێت کە ڕێککەوتننامەکە بە تەواوی جێبەجێ بکات پێویستە ڕایبگەیەنێت. هیچ بەدیلێک نییە بۆ ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئادار".

وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا هەمزە مستەفا لە درێژەی لێدوانەکەیدا باسی لە گۆڕانکاری لە ڕوانگەی واشنتۆن بەرامبەر وڵاتەکەی کرد و گوتی، تاکە ئەکتەری فاکتەری سەقامگیری و هێزی کارا بەرامبەر بە داعش، ئێستا سووریایە و کۆمەڵگای جیهانیش ئامادە نییە کە بۆ هەسەدە هیچ دۆسیەیەکی ناوچەیی و یان نێودەوڵەتی دوابخات.

هەمزە مستەفا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە داگیرکارییەکانی ئیسرائیل لە سووریا کرد و گوتی، "ئیسرائیل دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، سیاسەتی هەڵگیرساندنی گرژی لە ناوچەکەی گرتووەتە بەر و حکوومەتەکەی ناتانیاهو هەوڵ دەدات کە گرژییەکان هەموو وڵاتانی ناوچەکە بگرێتەوە".

هەمزە مستەفا بانگەشەی ئەوەشی کرد کە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی پێویستیی کشانەوەی ئیسرائیل لەو ناوچانەی کە داگیری کردووە لە دوای ساڵی ١٩٧٤ەوە تەنانەت ئێستا لە لایەن ئەمریکاشەوە پەسەند کراوە و گوتی: "ئیسرائیل پێویستە دوای ٨ی کانوونی یەکەم (ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد) لە تەواوی ئەو ناوچانەی کە داگیری کردووە، بکشێتەوە".

ئەو وەزیری سووریاییە گوتیشی، وڵاتەکەی بۆ ڕێککەوتننامەیەکی نوێ هاوشێوەی ڕێککەوتننامەی ١٩٧٤ هەوڵ دەدات و بە کەمتر لەوەش ڕازی نابێت. هەمزە مستەفا بانگەشەکانی ئیسرائیل بۆ پشتیوانی لە دوورزییەکانیشی بە ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەوە بە تەواوی پەیوەندیدارە بە سەروەری نیشتمانی سووریاوە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın