جيهان

دوای ساڵێک لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و بەدیھێنانی چەندین دەستکەوت ھیوا بۆ سووریاییەکان گەڕاوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕژێمی بەشار ئەسەد دا، سوورییەکان متمانەیان بە نیشتمانی خۆیان بەدەستھێناوەتەوە و ھیوایان بۆ ئایندەیەکی باشتر و سەردەمێکی سەربەرزی ھەڵچنیەوە، ئەوەیش لە ڕیگای باشترکردنی ئاسایش، خزمەتگوزارییەکان و ئازادی ڕادەبڕین.

Muhammed Karabacak, Muhammed Kılıç  | 07.12.2025 - نوێکردنەوە : 07.12.2025
دوای ساڵێک لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و بەدیھێنانی چەندین دەستکەوت ھیوا بۆ سووریاییەکان گەڕاوەتەوە

Damascus

دیمەشق ــ AA

سوورییەکان بە ئەنجامدانی چەندین چالاکی جۆراوجۆر، یەکەمین ساڵیادی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە دەکەنەوە کە ساڵێک لەمەوبەر کۆتایی بە ٦١ ساڵەی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس ھێنا، ھەروەھا سووریاییەکان متمانەی خۆیان نیشانداوە لەوەی وڵاتەکەیان ببێت بە وڵاتێکی ئارام و ئازاد.

هەروەها حکوومەتی نوێی سووریا دەستیکردووە بە گرتنەبەری زنجیرەیەک ڕێوشوێن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بە ھاووڵاتییان لەوانەیش دابینکردنی کارەبا و زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران، ھەروەھا جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی ھاووڵاتیانەوە ھەیە.

لە یەکەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد دا، خەڵکی سووریا سەبارەت بە ئازارەکانی ڕابردوو، ھەروەھا ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە وڵاتەکەدا لە ماوەی یەک ساڵدا لە بوارەکانی ئابووریی، ئاسایش، خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابوورتی و گواستنەوەدا ئەنجام دراون، قسەیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد.

ھاووڵاتییەکی سووریا بە ناوی کریس توما کە لە دیمەشق نیشتەجێیە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا بەھۆی کەمی سووتەمەنییەوە، جموجۆڵی ھاتوچۆ و گواستنەوە لە سووریا ئیفلیج بوو، بەڵام ئەمڕۆ دەتوانین لە ماوەی چەند چرکەیەکدا، ئامرازی گواستنەوە بدۆزینەوە، ئێستا سووریا بەو ئاراستەیە ھەنگاو دەنێت کە ببێت بە جوانترین وڵات".

ھەر لەوبارەیەوە ھاووڵاتی سووریا، زەین عابدین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخاودا، قسەکردن لەسەر شەقام قەدەغە بوو، بەڵام ئێستا دوای ١٤ ساڵ، ھیوای بۆ سەرجەم سووریا گەڕاوەتەوە.

گوتیشی: "لە ڕابردوودا، ئازادی دەربڕینی بیروڕا قەدەغە بوو، بەڵام ئەمڕۆ دەتوانین بە ئازادی دەنگمان بگەیەنین و ھەرکەسێک بڵێت ھیچ شتێک نەگۆڕاوە یان ڕاستی نابینێت یان نایەوێت بیبینێت".

ھەروەھا ھاووڵاتییەکی دیکەی سووریا بە ناوی مەریەم خالید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێستا دۆخی ئاسایش لە سووریا بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوودا، تا ڕادەیەک باشتر بووە".

گوتیشی: " دیمەشق لە ڕووی پاکوخاوێنی و ژێرخانی ئابوورییەوە، گەشەسەندنێکی خێرای بەخۆیەوە بینیوە".

ھاووڵاتییەکی سووریا بە ناوی خالید خەتیب کە لە ساڵی ٢٠١٢وە لە ترسی ھێزەکانی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد سەردانی دیمەشقی نەکردبوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لەسەردەمی ڕژێمی ڕووخاودا، وەک ئەوە وابووین لە زینداندا بین، بۆیە ئەو سەردەمە بەجێھێشتنی شارەکە وەکو خەون وابوو، بەڵام ئەمڕۆ لە ھەموو ناوچەیەکی سووریا، ئاسایش ڕێز و شکۆمەندی بەدی دەکرێت".

ھەر لەوبارەیەوە ھاووڵاتی سووریا، غەدیر موسیفا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و گوتی: "ئەوەی ئێستا لە سووریا ڕوودەدات، موعجیزەیەکی ئیلاھییە".

ڕاشیگەیاند: "بەبێ ناسنامە لە جەرابلوسەوە ھاتوومەتە دیمەشق کردووە، بێ ئەوەی ھیچ کەسێک پرسیارم لێ بکات کە بۆ کوێ دەڕۆم، ئەمەش بۆ خۆی ئازادییە کە لەسەردەمی ڕژێمی ڕووخاودا، ئەوە نەبوو".

لە ٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا، شۆڕشگێڕانی سووریا چوونە ناو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد (٢٠٠٠ - ٢٠٢٤) هێنا کە میراتگری دەسەڵاتی حافز ئەسەدی باوکی (١٩٧٠ - ٢٠٠٠) بوو.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın