ئەرمەنییەکان لە سووریا دوای ساڵێک لە ڕووخانی ڕژێم گەشبینن بە گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان
- تاڤی توفانسیان: "بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، گۆڕانکاری بەرچاومان لە سووریا، بینیوە".
Halab
حەلەب ــ AA
ئەرمەنییەکانی سووریا وای دەبینن کە بڕیارەکانی ئیدارەی نوێ لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی کە پەیوەستدارن بە دەستەبەرکردنی مافەکانی کەمینەکان، ئازادی ڕادەربڕین و پەرستن، سەرچاوەی ھیوا و گەشبینین بۆ داھاتووی وڵاتەکە.
زیاتر لە سەدەیەکە تایفەی ئەرمەنی لە شارەکانی حەلەب و دیمەشق و لازقییە لە سووریا نیشتەجێن.
بەر لە سەرھەڵدانی شەڕی ناخۆی سووریا لە ساڵی ٢٠١١، ژمارەی ئەرمەنییەکان لە سووریا ١٠٠ ھەزار کەس بوون، بەڵام زۆربەیان لەگەڵ سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆ وڵاتەکەیان بەجێھێشت و وەک پەنابەر ڕوویان لە دەرەوە کرد.
دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس لە سووریا کە ٦١ ساڵ بەردەوام بوو، حکوومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع پێکھێنرا کە ھەنگاوی بەرچاوی نا بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی ڕادەربڕین و پەرستنی ئایینی کەمینەکان.
لەو چوارچێوەیەدا، زنجیرەیەک ڕێوشوێنی ئەمنی لە دەوروبەری گەڕەک و کڵێسای ئەرمەنییەکان لە پارێزگاکانی حەلەب، دیمەشق، ئیدلب گیراونەتەبەر.
لە یەکەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد دا، ژمارەیەک کەس لە تائیفەی ئەرمەنی لە سووریا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەیان کرد.
لەوبارەیەوە ڤاسکێن سەرکیسیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە ئێستا گەشبینی لە دۆخی گشتی لە سووریا ھەیە سەبارەت بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی وڵات.
گوتیشی: "ئێمە ھەموومان زۆر دڵخۆشین و شتی جوان لە دەوروبەرمان دەبینین. پشت بە خوا لەمەودوا دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت".
ڤاسکێن سەرکیسیان باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا کرد و جەختی کردەوە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ ئەمریکا، ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی لە پەرەسەندندایە.
ڕاشیگەیاند: "ئێستا لە سووریا ھیچ جیاکارییەک لەنێوان ھاووڵاتییانی عەرەبی و ئەرمەنییدا نییە و ھەموومان لە پێناو وڵاتەکەمان (سووریا)، کار دەکەین".
ھەروەھا کەسێکی دیکە ئەرمەنی لە سووریا بە ناوی، تاڤی توفانسیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا ژیانی ڕۆژانەیان ئاسایی بووەتەوە و ھیچ فشارێکیان لەسەر نییە لەبارەی ئەنجامدانی چالاکی ئایینەکەیان.
گوتیشی: "ئێستا بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، گۆڕانکاری بەرچاومان لە سووریا، بینیوە".
ھەر لەوبارەیەوە ھاووڵاتی ئەرمەنی سووریا، تینازارێت ئەستارگیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێستا لە سووریا کەس زیانمان پێ ناگەیەنێت و ئێمە بە ئاسوودەیی تەواو خوداپەرستی خۆمان ئەنجام دەدەین".
