وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیا وسەرۆکی میت، ئەمڕۆ سەردانی سووریا دەکەن
Ankara
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان و وەزیری بەرگریی، یاشار گولەر و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (میت)، ئیبراهیم کاڵن ئەمڕۆ سەردانی دیمەشق-ی پایتەختی سووریا دەکەن.
بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە وەرگیراوە، فیدان، گولەر و کاڵن لە چوارچێوەی سەردانەکەدا لەگەڵ سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکە کۆدەبنەوە.
پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەکاندا بە شێوەیەکی گشتگیر لە ڕووی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوتی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بکرێت (دوای یەکەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە هەشتی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا). هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیيەتی جێبەجێ کردنی لێکتێگەیشتنی ١٠ی ئادار بکرێت، کە پەیوەندییەکی نزیکی بە پێشینەکانی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاوە هەیە.
چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانەکەدا تیشک بخرێتە سەر مەترسییە ئەمنییەکانی باشووری سووریا، کە بەهۆی شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیلەوە سەریان هەڵداوە.
هەروەها باس لە هاریکاریی دەکرێت بۆ ڕێگریی کردن لە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، بەتایبەتی لە کاتێکدا سووریا بەم دواییانە بەشداریی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشدا کردووە.
لە پاڵ پرسە ئەمنییەکاندا، کە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان دەبن، پلان هەیە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی سووریا لە ئاستی دوولایەنە و پشتگیری کردنی هەوڵەکانی حکوومەتی سووریا بۆ بەهێزکردنی تواناکانی، تاوتوێ بکرێت.
جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، نوح یڵماز کە وەک باڵیۆزی تورکیا لە دیمەشق دیاری کراوە، بە بۆنەی ئەم سەردانەوە دەگاتە دیمەشق.
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا و پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا لە چەندین بواردا پەرەی سەندووە و دەرفەتی مێژوویی هاریکاری لەسەر ئاستی دوولایەنە و هەرێمی بۆ هەردوو وڵات فەراهەم بووە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
