Dildar Baykan Atalay
08 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2021
واشنتۆن - AA
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکی وڵاتەکەی، جۆ بایدن بە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین-ی راگەیاندووە ئەگەر ئۆکراینا داگیر بکەن، ئەوا ئەمریکا پشتیوانییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراینا و هاوپەیمانانی ناتۆ لە ناوچەکە زیاد دەکات.
جەیک سولیڤان لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سپی، باسی لە دیدارەکەی ئەمڕۆی نێوان بایدن و پوتین کرد کە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەبارەی ئۆکراینا ئەنجامیان دا.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان باسی لەوە کرد کە لە دیدارەکەدا، بایدن هۆشداری داوە لەبارەی ئەو سزا ئابوورییانەی دەسەپێندرێت لە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانینادا و رایگەیاند ''بایدن بە پوتین-ی راگەیاند لەو حاڵەتەدا (داگیرکردنی ئۆکراینا) زیاد لەوەی ئێستا هاوکاری ئۆکراینا دەکەین و لە داهاتوودا، پشتیوانی بەرگریی پێشکەش دەکەین و پشتیوانی سەربازییش بۆ هاوپەیمانانی ناتۆ لە بەری خۆرهەڵات زیاد دەکەین''.
جەیک سولیڤان هەروەها باسی لەوەیش کرد کە جۆ بایدن بەڕوونی بە ڤلادیمیر پوتین-ی راگەیاندووە، دیپلۆماسییەت رێگایەکی دیکەیە و گوتی: ''لە دیدارەکەدا، هیچ هەڵوێستێکی هەڕەشە ئامێز بەدی نەکرا، بەڵام بایدن زۆر بەڕوونی هەڵوێستی ئەمریکای خستەڕوو''.
- رۆژی ێپنجشەممە، جۆ بایدن پەیوەندی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا ئەنجام دەدات
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان باسی لەوە کرد کە جۆ بایدن پاش دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین پەیوەندی لەگەڵ سەرکردەکانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و بەریتانیا ئەنجامداوە و لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا لە کۆنگرێسی ئەمریکاوە قسە لەگەڵ ئەو ناوانە دەکات و گوتی: ''جۆ بایدن رۆژی پێنجشەممە، پەیوەندی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئەنجام دەدات''.
هاوکات جەیک سولیڤان باسی لەوە کرد کە رۆژەڤێکی چڕ هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو هەنگاوانەی دەنرێن لە ئەگەری هەڵکشانی گرژییەکان لە ناوچەکە لە رۆژانی داهاتوودا.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر رووسیا، ئۆکراینا داگیر بکات ئەوا هاوپەیمانانیان لە ناوچەکە وەک پۆڵەندا و رۆمانیا هەست بە نائارامی دەکەن، لەبەرئەوە رەنگە سەربازی زیاتر رەوانەی ئەو وڵاتانە بکەن و گوتی: ''بایدن تەماشای ناو چاوی پوتین-ی کرد و پێی گوت ئەو هەنگاوانەی لە ٢٠١٤دا نەمانگرتەبەر ئێستا دەتوانین بیانگرینەبەر'''.
جەیک سولیڤان ئاماژەی بەوە کرد کە لێدوان نادات لەسەر هەڵوێستی پوتین لە دیدارەکەدا، بەڵام هێشتا نازانن پوتین بڕیاری داگیرکردنی ئۆکراینای دەرکردووە یان نا.
- پەیام بۆ رووسیا لە بارەی "تەوژمی ٢ی باکوور"
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان باسی لەوەیش کرد کە لەگەڵ ئەڵمانیادا لە پەیوەندی نزیکدان سەبارەت بە تەوژمی ٢ی باکوور و گوتی: ''ئەگەر پوتین خوازیاری ناردنی غازە بە تەوژمی ٢ی باکووردا، ئەوا بە داگیرکردنی ئۆکراینا ئەوە ناخاتە مەترسییەوە''.
جەیک سولیڤان لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیا، هەروەها تایوان لەلایەن چین-ەوە لە یەک کاتدا، ئایا ئەمریکا لە دۆخێکدایە بەرپەرچی ئەوە بداتەوە؟ گوتی: ''هەوڵی رێگری دەدەین لە داگیرکاری ئۆکراینا، تایوان سیناریۆیەکە هەرگیز روو نادات''.